واتایەکی دیکەی جەژنی قوربان

واتایەکی دیکەی جەژنی قوربان


گەورەترین پرۆسەی دابەشکردنی خۆراکی خۆڕایی لەسەر هەسارەی زەویدا لە ڕۆژی جەژنی قوربانی موسڵماناندا ڕوو دەدات کە ٥٧ دەوڵەتی موسڵمان زیاتر لە ٣٦٠ ملیۆن کیلۆ گۆشت بەسەر خەڵکی هەژار و نەداری ئەم جیهانەدا دابەش دەکەن. واتە پرۆسەی دابینکردنی ژەمە خۆراکێک بۆ نزیکەی لە ٢٠٪ـی خەڵکی هەژاری ئەم هەسارەیە!


شوێنکەوتووانی ئایینێک بڕوایان بە دەقی ئایەتێک هەیە کە باسی ئەم سرووتەی «شەعیرە» تێدا کراوە کە کەسێک چەندین سەدە پێش ئێستا بە ناوی «ئیبراهیم» پێی هەستاوە؛ خوای گەورە ڕەوانەی کردووە بۆ بیابانێکی چۆڵی دابڕاو لە شارستانییەتەکانی ئەو کاتەی جیهان، پێی فەرموو: «ئەو پایانە بەرز بکەوە، ئەوە نیشانە و بەڵگە (موعجیزە)ـی منە بۆ تۆ.» {عَلَىٰ كُلِّ ضَامِرٍ يَأْتِينَ مِن كُلِّ فَجٍّ عَمِيقٍ} [الحج: 27] واتە: «بە سواری له‌سه‌ر ئەو وشترانەی کە دووری ڕێگا لاواز و ماندووی کردوون و له‌ هه‌موو ڕێگایه‌كی دووره‌وه‌ خه‌ڵكى دێن بۆ حه‌جكردن.»


ئەو سرووتی قوربانییە {يَذْكُرُوا اسْمَ اللَّهِ فِي أَيَّامٍ مَعْلُومَاتٍ عَلَى مَا رَزَقَهُمْ مِنْ بَهِيمَةِ الْأَنْعَامِ} [الحج:28] واتە: «یادی خودا بکه‌ن و ناوی پیرۆزی به‌رده‌وام له‌سه‌ر زاریان بێت له ڕۆژانێکی دیاریکراودا -که ڕۆژانی عه‌ره‌فه و جه‌ژنی قوربانه‌- هه‌روه‌ها ناوی خوا (بسم الله‌) بکه‌ن له‌ کاتی سه‌ربڕینی ئه‌و ماڵاتانه‌دا که پێمان به‌خشیوون.» ئێستا لە ڕێی باوەڕدارانی شوێنکەوتەی ئەو ئایینەی (کە ئیسلام ئایینی هەموو پێغەمبەرانە) لە چۆڵەوانییەکی وشکی دابڕاو لە جیهانی دەرەوە دەستی پێ کرد. بەتەنیا زیاد لە هەموو ڕێکخراوە جیهانی و نێودەوڵەتییەکان ژەمە خۆراکی خەڵکی هەژار و نەدار دابین دەکات.


ئەوکاتە جەژنی قوربان: ڕۆژی جیهانی خۆراکی خۆڕاییە لە جیهاندا. ئامادەکردنی گرانترین و باشترین جۆری خۆراکە کە گۆشتی ئاژەڵە و دابەشكردنی بەسەر هەژاران و کەمدەرامەتاندا، کە جگە لە موسڵمانان هیچ شوێنکەوتووانێکی تر ئەنجامی نادەن. {فِيهِ آيَاتٌ بَيِّنَاتٌ مَّقَامُ إِبْرَاهِيمَ} [آل عمران: 97] واتە: «له‌و ماڵه‌دا (که‌عبه‌)یە نیشانه‌ و به‌ڵگه‌ی زۆر و ئاشکرا هه‌یه‌، که یه‌کێکیان شوێنی تایبه‌تی خواپه‌رستیی ئیبراهیمه‌.»

{لِتَعْلَمُوا أَنَّ اللَّهَ يَعْلَمُ مَا فِي السَّمَاوَاتِ وَمَا فِي الْأَرْضِ وَأَنَّ اللَّهَ بِكُلِّ شَيْءٍ عَلِيمٌ} [المائدة:97] واتە: «ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه چاک بزانن و دڵنیا بن که خوا ئاگاداره به‌ هه‌رچی له ئاسمانه‌کاندایه و به‌ هه‌رچی له زه‌ویدا هه‌یه‌، به‌ڕاستی خوا به هه‌موو شتێک زانایه‌.»


پاکی و بێگەردی بۆ خودای گەورە و پایەدار، سوپاس و ستایش بۆ ئەو خودایەی ئەم ئایینە گەورە و جوانەی پێ بەخشیوین.


هەر لە جەژن و خۆشیدا بن.


#ئاستانە_Astana

6/19/2024 10:09:04 AM