کۆچ؛ یادە مەزنەکەی ئوممەت!

کۆچ؛ یادە مەزنەکەی ئوممەت!


کێ بڕوا بەوە دەکات! چۆن بەبێ چەک و توێشوویەکی زۆر بەناو خاک و خۆڵدا هەنگاویان دەنا هەتا مێژووی مرۆڤایەتی ئاوەژوو بکەنەوە! ئەو دوو کەسە بەتەنیا چییان دەکرد! بۆ بەرگریکردن لە چ کەسانێک ڕابووبوون! ئەسڵەن بۆ ئەم ڕێگە سەختەیان بڕی!


بەڵام لەو دوو جەستەیەدا دوو دڵی مەزن لێی دەدا، کە ئارامگری و باوەڕێکی زۆر مەزنی تێدا پەنهان ببوو.


ئەی ئێستا چۆن بیر دەکەیتەوە؟ خودای مەزن دەفەرمووێت: {كَتَبَ ٱللَّهُ لَأَغۡلِبَنَّ أَنَا۠ وَرُسُلِيٓۚ إِنَّ ٱللَّهَ قَوِيٌّ عَزِيزٞ} [المُجادَلة: ٢١]

واتە: «خوا بڕیارى داوە کە خۆم و پەیامبەرەکانم پیرۆز و زاڵ دەبین بەسەر هەموو دوژمناندا، بەڕاستى خوا بەهێز و بە دەسەڵاتە، هەرگیز فەرمان و بڕیارى هەڵناوەشێتەوە.»

{وَمَن يَتَوَكَّلۡ عَلَى ٱللَّهِ فَهُوَ حَسۡبُهُۥٓۚ إِنَّ ٱللَّهَ بَٰلِغُ أَمۡرِهِۦۚ} [طلاق: 3]

واته: «هەر کەسێک پشت بە خوا ببەستێت دواى گرتنەبەرى هۆکارەکان، ئەوە تەنیا خواى بەسە و، کاروبارى بۆ ئاسان دەکات، چونکە بێگومان هەرچى خوا بڕیارى لەسەر بێت، هەر ئەنجامى دەدات و دەیگەیەنێتە جێ.»

{وَجَعَلۡنَا مِنۡهُمۡ أَئِمَّةٗ يَهۡدُونَ بِأَمۡرِنَا لَمَّا صَبَرُواْۖ وَكَانُواْ بِـَٔايَٰتِنَا يُوقِنُونَ} [السَّجدَة: ٢٤]

واتە: «چەند کەسێکمان لێکردنە سەرکردە و پێشەوا، چونکە لە ئایندەدا -بە فەرمانى خۆمان- ڕێنموونى خەڵکیان دەکرد و سەبر و ئارامیان گرت و شانیان دایە بەر ئەو ئەزیەت و ئازارەی هاتە ڕێگەیان و، یەقینیشیان بە ئایەتەکانى ئێمە هەبوو.»


ئەم کۆچەرییە باشترین بەدیهێنراوی خودایە (ﷺ)، مرۆڤێک کە هەڵگری وەحییە و ڕاسپێردراوە هەتا بە ئەهلی دونیای بگەیەنێت و، هاوەڵەکەشی ڕاستگۆ (الصديق)ـه: {وَٱلَّذِي جَآءَ بِٱلصِّدۡقِ وَصَدَّقَ بِهِۦٓ} کە باشترین کەسی جیهانە لە دوای پێغەمبەرانەوە.


موحەممەدی کوڕی عەبدوڵڵا (ﷺ)  چەندین کیلۆمەتری بە پێی خۆی تەی کرد بۆئەوەی پەیامی ئیلاهی بە خەڵکی مەدینە بگەیەنێت، هەتا لەوێوە نووری ئەم پەیامە هەموو جیهان ڕووناک بکاتەوە.

دوژمن لە دواوە و، مەترسی لە بەرانبەری بوو، بەڵام دڵی بە باوەڕ ئاخنرابوو، کەواتە ئیدی هیچ شتێک گرفت نەبوو!


ئەسمای کچی ڕاستگۆ پشتوێنەکەی دەکرد بە دوو بەشەوە هەتا بە هۆیەوە خواردن بۆ پەیامبەر و هاوەڵەکەی ببات. مامۆستا و پێشەوایەکی چەند مەزنە بۆ ئافرەتانی دیکە هەتا فێری وانەی هیممتەتبەرزییان بکات. لەپێشیەوە بیابانی بێکۆتا و بارێکی قورس لەسەر شانی بوو، بەڵام لە دڵیدا یاوەری و کۆمەکی باشترین پەیامبەر هەبوو، کەواتە ئیدی هیچ شتێک گرفتێک نەبوو!


ئامۆزا گەنجەکە «عەلی کوڕی ئەبوو تالیب» لە پێخەفەکەی پەیامبەردا خەوت، لە ناخیدا دەیزانی لەوانەیە ئەمە کۆتا خەوی بێت، بەڵام تەنانەت ئەگەر کۆتا خەویش بێت چەندە خەوێکی خۆشە، خەوێک کە کۆمەکی ئوممەتێک و ئایینێک دەکات، کەواتە هیچ گرفتێک نییە!


لە دەرەوەی ئەو شارە پیرۆزەدا، چەند هۆزێک بۆ پێشوازی پێغەمبەر و هاوەڵەکەی وەستابوون، کەسانێک کە خوا دەربارەیان دەفەرموێت: {يُحِبُّونَ مَنۡ هَاجَرَ إِلَيۡهِمۡ وَلَا يَجِدُونَ فِي صُدُورِهِمۡ حَاجَةٗ مِّمَّآ أُوتُواْ وَيُؤۡثِرُونَ عَلَىٰٓ أَنفُسِهِمۡ وَلَوۡ كَانَ بِهِمۡ خَصَاصَةٞۚ} [الحَشْر : ٩] واتە: «کۆچەرییەکانیان خۆش دەوێن و، بەشێک لە دارایى خۆیانیان دەدەنێ و دڵخۆشیان دەکەن و، هیچ شتێکیان لە دڵدا نییە سەبارەت بەوەى بە کۆچەرییەکان درا و، کۆچەرییەکان بەسەر خۆیاندا وەپێش دەخەن لە سەروەت و ساماندا، ئەگەرچى خۆیشیان نیازیان پێى هەبێت و هەژار بن.»


کەسانێک کە تۆڵەسەندنەوە و ستەم و تاریکییەکانی جاهیلییەت تەنگی پێ هەڵچنی بوون و، لە دەروونیاندا خۆشەویستییەکی مەزن بۆ ئەو کۆچەرییە پایە بڵندە و، تامەزرۆییەکی بێئەندازەیان بۆ ئەو نوورە هەبوو کە لەگەڵ خۆی هێنا بووی.


ئەمڕۆ و لە یادی ١٤٤٦ ساڵەی ڕۆژە مەزنەکەی ئوممەتدا، هێشتا کەسانێک لە چاوەڕوانیی ئەم ساڵەدا وەستاون، بەڵام نەک وەک پێشینان ئەمان هەوای نەفس و مەیلی ژیان پەرتەوازەی کردوون!

کۆبوونەوەی گەورەکانیان چەشنی پووش و پەڵاشی بەر لافاو کەڵکی هیچی نییە، ئوممەتانی دیکە وەکوو برسییەکان یەکدی بۆ قووتدانیان بانگهێشت دەکەن، زەوی و سامانیان بە تاڵان دەبەن.


ئایا کۆچ و یادی کۆچ ئوممەت دەگێڕێتەوە بۆ جەوهەری خۆی؟ ئایا لە قۆناغی سەربادانەوە دەگەین بە پەندوەرگرتن؟ ئایا باوکەکانمان چیرۆکی ئەو کوڕە مامە دلێر و بوێرە بۆ کوڕەکانیان دەگێڕنەوە هەتا منداڵەکانیان لەسەر ئازایەتی و فیداکاری پەروەردە بن؟

ئایا دایکانمان چیرۆکی ئەسما بۆ کچەکانیان دەگێڕنەوە هەتا فێری ڕۆڵی ئافرەتانی موسڵمانیان لە خزمەتکردنی ئاییندا بکەن؟ 

ئایا نوستوو و بێئاگایانی ئەم ئوممەتە لە دوای تێپەڕینی ساڵێک بێدار دەبنەوە هەتا لە خۆیان بپرسن: لەماوەی ئەم ساڵەدا چیم بۆ خۆم و ئوممەتەکەم کردووە؟


ئەمەیە کۆچ، ڕووداوە مەزنەکەی ئوممەت!

7/8/2024 9:04:37 PM