بۆچی ئایین؟​

بۆچی ئایین؟ 


توندخووترین مولحید باوەڕی بەوە هەیە کە ڕاستگۆیی باشترە لە درۆکردن، ڕاستە؟ توندخووترین مولحید باوەڕی بەوە هەیە کە ئەمانەتپارێزی باشترە لە ناپاکی، ڕاستە؟ 

ئەمانە زاراوەگەلێکن کە هیی ئەم جیهانە نین، لە جیهانی ماددەگەراییدا هیچ بوونێکیان نییە کە ڕەوایەتی بە واتا یان پێویستبوونیان بدات. 


ڕاستگۆیی واتای چییە؟ ئەی واتای ئەمانەت چییە؟ ئەگەر قووڵایی ئەتۆم شی بکەینەوە، ئایا دەتوانین بگەین بە واتایەک بۆ چەمکەکانی وەک: ڕاستگۆیی و درۆ؟!

ئەگەر چاودێری فیزیای گەلە ئەستێرەکان یان کیمیای هۆرمۆنەکان بکەین، دەگەین بە واتای ئەمانەت یان خیانەت؟ 

ئەم چەمکانە لە جیهانی ماددیدا بوونیان نییە، بەڵام کۆمەڵە چەمکێکی حەقیقین، بەڵکوو لە مەزنترینەکانن، بەهای مرۆڤ بە ڕەوشتییەوەیە، نەک بە ئەندازەی ماددی، یان ژمارەی ئەتۆمەکانی، یان ئاستی وزەی خانەکانی، بەهای مرۆڤ بە پابەندبوونییەتی بەو ئەرکە ئیلاهییەی کە لە ناخیدایە.


مرۆڤ بە هیچ شێوەیەک هاوبەشیی ئەم بەهایانە ناکات لەگەڵ هیچ شتێک لە جیهانی ماددیدا. پیاوێکی باش و پیاوێکی خراپ هەیە، بەڵام شاخێکی باش و شاخێکی خراپ بوونی نییە! ئێمە چاودێری هەسارەیەکی متمانە پێکراو و هەسارەیەکی خیانەتکار ناکەین. تەنیا مرۆڤ خەمی بەها و ئامانج  و بوونی هەیە، تەنیا مرۆڤ و جنەکان لەوە تێدەگەن کە موکەلەفن، هەستکردن بە ئەخلاق تەنیا بەشێکە لەو فیترەتە داوالێکراوە ئیلاهییەی کە لە ناخی هەمووماندا هەیە. بۆیە ئایین زەروورە بۆ تێگەیشتنی مرۆڤ، ئایین تاکە هۆکارە کە واتای ئەخلاق ڕوون دەکاتەوە و، ڕوونی دەکاتەوە کە بۆچی ئەخلاق بوونی هەیە و بۆچی پابەندبوون پێوەی گرنگە؟ تاکە شتێک کە واتا بە ئەخلاق ببەخشێت ئایینە، ناتوانیت لە ئەخلاق تێبگەیت ئیللا لە چوارچێوەی داواکراوەکانی خوادا نەبێت. وە ناتوانیت بزانیت بۆچی ئەخلاق لە ڕەگەزی مرۆڤدا فیترییە، ئیللا لە ڕێگەی ئایینەوە نەبێت، هەروەها لە ڕێگەی ئایینەوە مەبەستی بوون دەزانیت، وە ئەوەش دەزانیت کە بۆچی هەست بە گرنگیی پابەندبوون بە ئەخلاقەوە دەکەیت تەنانەت ئەگەر پابەندیش نەبیت پێوەی، ئەوا بەشێکە لە تەکلیفی خودایی. بۆیە ئایین پێویستییەکی مرۆڤە، هەروەها لە ڕێگەی ئایینەوە دەزانین کە بۆچی لێرەین؟ 

دەزانین دوای مردن چی هەیە؟ 

واتای بوون دەزانین و، دەزانین لەم بوونەدا چی لە ئێمە داوا کراوە؟ 

ئایین پێویستە بۆ زانینی گرنگترین ئەو شتانەی کە پەیوەندی بە مرۆڤەوە هەیە.

بۆیە جیهان بەبێ ئایین دەگۆڕێت بۆ تارماییەکی تەواو.


ئیبن تەیمییە (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) دەفەرمووێت: "هیچ ڕێگایەک نییە بۆ بەختەوەری و سەرکەوتن لە دونیا و قیامەتدا، ئیللا لەسەر دەستی پێغەمبەران نەبێت و، هیچ ڕێگایەک نییە بۆ زانینی چاکە و خراپە بەوردی، ئیللا لە ڕێگەی ئەوانەوە نەبێت، هەرگیز ڕەزامەندیی خودا بەدەست ناهێنرێت، ئیللا لەسەر دەستی ئەوان نەبێت."


دونیا تارماییەکی نەفرەتییە تا ئەو کاتەی خۆری ئایین و خۆری پەیام بەسەریدا هەڵدێت، هەر وەکوو شێخی ئیسلام ئیبن تەیمییە دەفەرمووێت: "بەبێ ئایین مەبەستی بوون نازانرێت، وە بەبێ پەیامەکان جیهان دەگۆڕێت بۆ بێماناییەکی ترسناک."


کاتێک ئایین نامێنێت و مرۆڤەکان نکۆڵی لە پێغەمبەران دەکەن، ئەوکات مرۆڤ دەگۆڕێت بۆ فیڕۆی ئەستێرەیی هەروەکوو «کارل ساغان» دەڵێت. یان دەگۆڕێت بۆ مێروو هەر وەکوو «سارتر» دەڵێت. مرۆڤ بە ڕاستی دەبێتە تڵفێکی کیمیایی، یان بە مانایەکی دروستتر زبڵێکی کیمیایی هەر وەکوو ستیڤن هاوکینگ دەڵێت (chimeical scum).


بۆیە پێغەمبەرایەتی تاکە لێدانی دڵی بوونە، بەبێ پێغەمبەرایەتی نایابترین داهێنان و چێژببەخشترین ئارەزووەکان دەگۆڕێن بۆ ترس! بەبێ ئایین جیهان بە هەموو جوانییەکانەوە دەگۆڕێت بۆ دێوێکی ترسناک و، ئەگەر پرسیار لە هەر مولحیدێک بکەیت دەربارەی بابەتی بوون، بۆنموونە: بۆچی ئێمە لێرەین؟ دوای مردن چی هەیە؟ یان ئەوەتا پرسیارەکەت چەواشە دەکات، یان بە تەواوی بێدەنگ دەبێت.


بۆیە ئایین پێویستییەکی سرووشتییە بۆ تێگەیشتنی مرۆڤ، بۆ تێگەیشتن لە پێویستیی بەها ئەخلاقییەکان، هەروەها بۆ زانینی مانای بوون و ئامانجی بوون و بەجێهێنانی بەندایەتی بۆ خوا، ئەو بەندایەتییەی کە دەبێتە هۆی ڕزگاربوون و سەرفرازی.



هەیسەم تەڵعەت

#ئاستانە_Astana

7/8/2024 9:13:33 PM