ئێمە ئاواین

ئێمە ئاواین؛ یان بەڕەهایی کەسێک، یان ڕەوتێک، یان قوتابخانەیەکی فیکری، یان عەقیدەیی. یان لایەنێکی سیاسیمان قبووڵە، یاخود بەڕەهایی بەهاو پێودان و جومگەی پێکهاتنی هەریەک لەوان ڕەت دەکەیەنەوە.


نەگەیشتووینەتە ئاستێکی باڵای ھۆشیاری کە ئینحیازانە‌ و بەڕێژەیی چاکە و خراپەی شتەکان دیاری بکەین و، بەویژدانەوە بە پێوەری کانگا پاکەکانی ئیسلام و بە ڕەچاوکردنی شوێن و كات و بارودۆخ و هۆکار و نەریت بە چاک بڵێین چاک و بە خراپ بڵێین خراپ.


ئێمە ئاواین؛ هیچ پاساو و پۆزش و بەهانەیەک بۆ هیچ هەڵەیەک ناهێنینەوە و ڕاستەوخۆ بێ لێکدانەوە و چەن و چوون و خوێندنەوەی بارودۆخی فیکری و کۆمەڵایەتی دەیکەینە هەڵا و ژاوەژاو، هاوکات ئەوەندەی قسە لەسەر ئەو کەسە، یان ئەو ڕەوتە، یان ئەو لایەنە دەکەین کە هەڵەکەی کردووە ئەوەندە بابەتیانە تاوتوێی باسەکە ناکەین، چونکە ئامانج لە ژاوەژاوەکە دەرخستنی حەق و ڕاستی نییە، بەڵکوو شەڕی کۆنە قین و تەسفیەی حیسابە.


نابەرپرسانە بێت، یان ساویلکانە هیچ خوێندنەوەیەک بۆ بارودۆخ و حاڵی موسڵمانان و باڵادەستی بەرەی کوفر ناکەین کە بەچڕی لە بۆسەدان بە فاکتەری ڕاگەیاندکاری، بە خەتی عەسکەری، بە هزری سیاسی، بە پاڵنەری ماددی، لە جەنگی وردی فیکریدان لەگەڵمان. ئێمەش غافڵگیرانە چڕنووک لە تەوێڵی یەکتر گیر دەکەین. هەریەکەشمان پێمان وایە کارڕاستترین و نیەتپاکترین و تێکۆشەرترین پیاوانی خودا ئێمەین. 


لە کۆتایشدا، هەریەكێکمان بدوێنی لەسەر پارچەپارچەیی و دووبەرەکی و من و تۆیی، هەژدە هەژدە دەقی قورئان و فەرموودە و پیاوانی خودا لەسەر یەک ڕیز دەکەین {واعتصموا، ولاتفرقوا، تحابوا، رحماء بینهم، کونوا عباداللە اخوانا ... وهکذا}، بەڵام ڕاستگۆ نین لەگەڵ ئەو دەقانەدا و، بەوەی زەمەنێکی لەمێژینەیە خومان بە خۆخۆری و دووبەرەکی گرتووە و دوور لە دەقەکان و ڕۆحی جوانی ئایینەکە دەکەوینەوە گیانی یەکتر.

ئیتر ئاو بێنەو دەستت بشۆ!


دانیاڵ ژاکاو

10/22/2024 2:08:15 PM