پاڵەوانەکان تەنیان!

پاڵەوانەکان تەنیان!


زۆر جار کاتێک پیاهەڵدانی خەڵک و ئەو گەرموگوڕییە دەبینیت کە بۆ پاڵەوانێکی ڕۆشتووی دەگێڕن سەرسام دەبیت، چرکە بە چرکە و ورد بە وردی کاکی پاڵەوان دەبێتە داستانێک، هەموو وردەکارییە بچووکەکانی ژیانی زیندوو دەکرێتەوە؛ شیعر و شانامەی بۆ دەوترێت، بە جۆرێک تۆش حەز دەکەیت لە شوێنی ئەو پاڵەوانە بیت، ئەو هەموو خۆشەویستییە، ئەو هەمووە شانامە، بۆ نا؟ خۆشە گەر وا بێت.


بەڵام لە حەقیقەتدا پاڵەوانەکان زۆر تەنیان، بگرە ئەم خۆشەویستییە هەست پێ ناکەن، ناشیبینن، هیچیشی تەرجەمە نابێت بۆ واقیع، هیچ بوونی نییە جگه تەنیاییەک و بێپشتیوانییەکی بکوژ و هەتیوییەکی جەرگبڕ، ئەو هەر کات لا دەکاتەوە، یان کەس نابینێت، یان تەنیا مشتێک ئینسانی لە خۆی تەنیاتر دەبینێت.


لەم نێوانەدا تاکە بزوێنەری ئەم پاڵەوانییەتی و بەرخودانە خۆشەویستیی خوایە، لەگەڵبوونی لوتفی خوایە، شتانێک کە لە ئێمەوە دیار نین، بەڵام پاڵەوانەکان بە چاوی دڵ و سەر دەیبینن، چونکە خوا خۆی خاوەنی تەنیاکانە، بەدیلی هەموو ئەوانەیە کە دەبێت هەبن، بەڵام نین.


ئەم ئیمان و یەقینە، ئەم چاو لە خوا بوونە، بەشە قورسەکەی چیرۆکی پاڵەوانەکانە.


لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەگەڵمان بن:🌐 تەلەگرام  🌐 فەیسبووک  🌐 ئینیستگرام  🌐 ئێکس


#ئاستانە_Astana

10/22/2024 2:08:33 PM