ئەوانیش دەزانن ئیسلام بە مۆدێرن ناکرێت، ئێوە بۆ کۆڵ نادەن؟!
ئەوانیش دەزانن ئیسلام بە مۆدێرن ناکرێت، ئێوە بۆ کۆڵ نادەن؟!
قەوانە کۆنەکەی نوێخوازەکان بەردەوام لێ دەدرێتەوە کە دەڵێن: "ئیسلام پێویستیی بە تازەگەرییە." یاساکانی شەریعەت دەبێت بگۆڕدرێن و چەندەها داوای بێجا و بێواتای دیکە کە هەمووی سەرچاوەکەی لە تێنەگەیشتنە لە کرۆک و ناواخنی ئیسلام کە ئایینێکە یاسا و بنەماکانی جێگیرن، نە زیادکردن نە کەمکردن قبووڵ دەکات. بە دەستکاریکردنی یاساکانی چیتر ئەو شتە پێی ناوترێت ئیسلام.
ئەم قسانە نەک تەنیا لە زاری موسڵمانێکی دەروون دروستەوە دەبیستیت، بەڵکوو لە زاری وەزیر و فەرمانڕەوایەکی عالمانیی ئیستیعماریی بەریتانییەوە بۆتان باس دەکەین، ئەویش لۆرد «ئێڤێڵین بەیرینگ» جەنەراڵ و حاکمی بەریتانیایە لە میسر. ناوبراو پەرتووکێکی هەیە بە ناوی (modern Egypt) کە تێیدا پیلانی خۆی دەخاتە ڕوو لەوەی چۆن میسر لە دەوڵەتێکی موسڵمانی خاوەن توراس و فەرهەنگەوە وەربگێڕێتە سەر دەوڵەتێکی مۆدێرن و عالەمانی. بەیرینگ پێی وایە بۆ ئەوەی گەلی میسر پێش بکەون و بگەنە پلەیەکی باڵای ئەخلاقی، تاکە رێگە ئەوەیە نوێگەری بکرێت لە وڵاتەکەدا. لە پاشاندا دەڵێت: "ئیسلام و نوێگەری دژیەکی یەکدین."
پاش چەندوچوونێکی زۆر لەگەڵ چۆنییەتی نوێگەریکردن لەناو ئیسلامدا دەگاتە ئەو دەرئەنجامەی کە بڵێت: "ناتوانین نوێگەری بکەین لەناو ئیسلامدا، واتە ئەو ئیسلامەی دەچێتە ژێر ڕکێفی نوێخوازییەوە چیتر ئیسلام نییە، بەڵکوو دەبێت بە شتێکی دیکە."
بەدەر لەوەی کە باسی ئەوە بکەین چی وای لە سپیپێستێک کردووە زیاد لە (۷ هەزار) کیلۆمەتر ببڕێت لە بەریتانیاوە و بیر بکاتەوە چۆن کۆمەڵگە و فەرهەنگێکی دیکە بکات بە عالەمانی و لە ئایینێکی دیاریکراو دایانبڕێنێت؟
ئەمانە هەمووی پرسیارن بەڵام خودی داگیرکەرەکە گەیشتووەتە ئەو دەرئەنجامەی ئیسلام ناکرێت نوێگەری تێدا بکرێت و بەمۆدێرن بکرێت، بۆچی نۆکەر و چاولێکەرانی ڕۆژئاوا و مۆدێرنە تێناگەن لەم خاڵە؟!
#ئاستانە_Astana