چەمکی ئوممەت، لەنێوان ڕۆژئاوا و ئیسلامدا

چەمکی ئوممەت، لەنێوان ڕۆژئاوا و ئیسلامدا
 
مەفهوومی ئوممەت موسڵمانان زیاد لە ١٣٠٠ ساڵ لەژێر سایەیدا حەسانەوە کە پەیامبەر لە چەندین شوێندا سەرنجی خستووەتە سەر و، قورئان دووپاتی کردووەتەوە کە برایەتییەکی ئێجگار گەورە و بەرپرسیارانە هەیە لەنێوان موسڵمانان، ئینجا لە هەر کوێی ئەم جیهانە بن، هەمیشە پشتوپەنای یەکتری بوون.

بەڵام ڕۆژئاوا لە سەدەی هەژدە بەدواوە و، بە تایبەت لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم بەکارهێنانی دەستەواژەی ئوممەت تیایاندا زۆر پەرەی سەند و بۆ زۆری بەکار هێنرا. بە تایبەت کاتێک وڵاتانی ئەورووپی بڕیاریان دا یەکێتییەک دروست بکەن بە ناوی یەکێتیی گەلان (عصبة الأمم) لە پاش جەنگی جیهانی، بە مەبەستی یەکخستنی ڕۆژئاواییەکان و نەهێشتنی ململانێ و جەنگی نێوانیان، بەڵام دوای ماوەیەک لە ساڵی ١٩٣٩ بەدواوە، ململانێ لە ڕۆژئاوا دەستی پێ کرد و جەنگی جیهانیی دووەم هەڵگیرسا کە لە ئەنجامدا بە کۆی گشتی زیاد لە ١٠٠ ملیۆن مرۆڤ بوو بە قوربانی.

هەر بۆیە یەکێتیی گەلان شکستی هێنا و یەکیتییەکی نوێ دروست کرا بە ناوی یەکێتیی ئەورووپا، هەر لێرەوە بوو چەمکی ئوممەت زۆرترین جار بەکار هێنرا، بەشێکی زۆر لە کۆمەڵناسە ڕۆژئاواییەکان پێناسەی ئوممەت دەکەن بەوەی چەمکێک بێت ڕێگر بێت لە ململانێ و جەنگی نێوان مرۆڤەکان، بەڵام ئەوەی گرنگە بیزانین ئەوەیە کە لە بنەچەدا چەمکی ئوممەت چەمکێکی ئیسلامییە.

 پەیامبەر لە سەروبەندی پەیماننامەی مەدینە بۆ یەکەم جار وەکوو چەمکێکی سیاسیی کۆمەڵایەتی بەکاری هێنا، وێرای ئەوەی لە چەندین جێگەی قورئانی پیرۆزدا بەکار هاتووە کە چەمکی ئوممەت چەمکێکە وێنا لە برایەیتی و هاوسۆزی و هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی دەکات لەنێوان گەلانێک کە ئایینێکی هاوبەش بەیەکەوە دەیانبەستێتەوە.

با پێکەوە تەئەممول بکەین لەو کەسایەتییەی خودا ناردی وەکوو ڕەحمەتێک بۆ جیهان کە موسڵمان و بێباوەڕ بە ڕەحمەکەی حەسانەوە و لە تاریکستانی نەزانی دەری کردن و نوور و بەسیرەتی ئیسلام و ئیمانی پێ نیشان دان، لە: کوشتار و تەماح و دووبەرەکییەوە ئاشنای کردن بە جوانمیری و سادەیی و یەکتر قبووڵکردن، لێرەوە مەفهومی ئوممەت پەیدا بوو. 

«ئەبوو حەسەنی نەدوی» لە پەرتووکی (ماذا خسر العالم بانحطاط المسلمین) ئاماژە بەوە دەکات کە سروشتی جاهیلی عەرەبی پڕ بووە لە بەربەرەکانێ و کیبر و یەکتر قبووڵ نەکردن و خوێنڕشتن، هەر وەکوو چۆن شاعیری جاهیلی دەڵێت: ''أحياناً عَلَى بكر أخينا إذا ما لم نجد إلا أخانا''، واتە: «ئێمە پەلاماری هۆز و عەشیرەتی دراوسێ دەیەین، ئەگەر هەر دەستمان نەکەوێت پەلاماری بەکری برای خۆمان دەیەین»، ئەم شیعرە تەنیا شیعرێک نییە بەڵکوو ڕووداوێکە کە بە هۆیەوە کوشتارێکی زۆر لەنێوان ئەو دوو هۆزە پەیدا بوو.

ئەمە سروشتی عەرەبی جاهیلی بوو لەپێشدا تاوەکوو هاتنی پەیامبەر کە ڕۆحی برایەتی و ئاشتەوایی کرد بە بەری عەرەبدا و فێری کردن کە جیاوازی نەکەن لەنێوان هۆز و تیرەکانی دیکە، تەنانەت نەتەوە و گەلەکانی دیکەش بە برای خۆیان بزانن، سەلمانی فارسی لە شاری فارسەوە دەکات بە ئالوبەیت و کەسوکاری خۆی و، سوهەیبی ڕۆمیش دەبێت بە هاوەڵێکی ڕێزلێگیراو. بە هەمان شێوە بۆ جابانی کوردی کە نمایندەی کوردەواری بووە لە لای ڕەسوولی ئەکرەم.

بەم جۆرە ئەم پێکەوەیی و برایەتییە
تاوەکوو کەوتنی دەوڵەتی عوسمانی و دەسیسەی فەرەنسی و بەریتانییەکان لەژێر سەرپەرشتی «چەرچڵ» هەستان بە دابەشکردنی جیهانی ئیسلامی بە قەڵەمی ڕەساس وەکوو خۆی دەڵێت: "کەسێک لەوپەڕی ڕۆژئاواوە بەبێ ئەوەی بزانێت سروشتی جوگرافی ئەم وڵاتانە چۆنە و ڕۆشنبیری و کولتووری گەلەکان چییە، دێنت لە کێڵگە یاخوود لە ئۆفیسەکەی خۆیەوە بە ڕاستەیەک میسر و شام و مەغریب و عێراق دابەش دەکات."

بەڵی مایەی داخە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئێمە وەکوو موسڵمانان هەر وەک فەرمایشتی نازدارمان دەفەرمووێت: (فالیغیرە بقلبە وذالک من اضعف الایمان)، بە لایەنی کەمەوە دڵمان یەک بێت لەگەل موسڵمانانی جیهاندا، بە نموونە خۆ دەتوانین دوعایەک بۆ ئەهلی غـ.ـەززە بکەین، دەتوانین کەمێک بخوێنینەوە لەسەر موسڵمانانی ئەفریقا و بارودۆخی ئیغۆرەکانی چین.

 با دیسانەوە بە ڕۆحی ئوممەتیبوونەوە ژیان بکەین و شەقێک هەڵدەین لە بتی نەتەوەپەرستی و ڕقلێبوونەوەی گەلان کە کرۆکەکەی لە ڕوژئاواوە هاتووە، هەروەها دڵ و دەروونی خۆمان مەحکووم نەکەین بە چەمکی «دەوڵەتی نەتەوەیی نوێ» و ببین بەو یەک جەستەیەی ڕەسوولی ئەکرەم دەفەرمووێت.

5/19/2025 1:45:32 PM