چیرۆکی ئەو ناوانەی لەژێر نەعلدا نەنووسران
چیرۆکی ئەو ناوانەی لەژێر نەعلدا نەنووسران
ڕۆژانێک کە مەغۆلەکان هەڵیانکوتایە سەر جیهانی ئیسلامی، چەشنی ئەمڕۆ دڕندانەتر قەتڵوعامی موسڵمانانیان دەکرد، لە کەلـلەسەری موسڵمانانی چەند شارێک، لە دەروازەی شارەکاندا گردۆڵکەیان بەرز دەکردەوە، وەک بڵێیت چاوترسێنی هەموو جیهانی ئیسلامیی پێ بکەن. زۆرینەی دەسەڵاتدارە موسڵمانەکانی ئەو ڕۆژە زەبوونی دونیاپەرستی بوون، هەندێکیشیان ماستاوچییەتییان بۆ مەغۆلەکان دەکرد، تا ئاستێک هەندێکیان ناوی خۆیان لەژێر نەعلێکدا دەنووسی و بە دیاری بۆ هۆلاکۆیان دەنارد.
ئاخر لەوە زیاتر شیاو نەبوون، پەروەردگار بە دەستی خۆیان ڕیسوایی و ئاستی سووکیی خۆیانی پێ جاڕ دەدان، بەڵام کەمینەیەکی زۆر کەمی مەردانی موجاهید ئامادە بوون بەگژ ئەو شاڵاوەدا بچنەوە، پێیان وابوو مرووەت لە مردندایە نەوەک زەلیلی دەسەڵاتی کوفر، پاراستنی ئیسلام لە دەسەڵاتەکەیدایە نەوەک لە چەند دروشم و پەرستشێکی دیاریکراودا، حیکمەت لە هێشتنەوەی غیرەت و عیززەت و چەمکی جیهاددایە نەوەک خۆچەماندنەوە بە بیانووی مانەوە بۆ ڕۆژی خۆی.
خودا سەرکەوتنی خۆی پێ بەخشین و ئەو شەپۆلەی پێ وەستاندن کە زۆرینە زەلیلەکە پێیان وابوو توانایان نییە بەرەنگاری ببنەوە و ڕووبەرووبوونەوەیان بە بێباکبوون لە خوێن و خاکی موسڵمانان لە قەڵەم دەدا.
ئەمڕۆش هەر وایە، ئەم زیللەتە کاتییە و دەڕوات، بەڵام لەسەر دەستی زۆرینە زەلیل و دونیاویستەکە نا، لەسەر دەستی کەسانێک کە بۆ ئاخیرەت لە دەست دونیا هەڵدێن و دونیا و دەسەڵاتیش شەیدا و عاشقی ئەوانەیە کە لە دەستی هەڵدێن، نەوەک ئەوانەی دەیپەرستن. پەلەمان نەبێت ئەم ڕۆژە سەختانە تێدەپەڕن، ئینجا تۆماری سەدان ساڵەی دونیا و نەبڕاوەی ئاخیرەت مەرد و نامەرد، براوە و دۆڕاو تۆمار دەکات.
ئەگەر مەردی مەیدانی بەرنگاربوونەوەی ئەمڕۆ نیت، سەنگەری دۆڕاوەی سبەینێ مەگرە.
﴿وَالْعَاقِبَةُ لِلْمُتَّقِينَ﴾ [الأعراف: ١٢٨]
﴿وَلَن يُخْلِفَ اللَّهُ وَعْدَهُ﴾ [الحج: ٤٧]
مامۆستا نیهاد جەلال
#ئاستانە_Astana