قابیل و هابیل لە نێوان تەورات و قورئاندا
قابیل و هابیل لە نێوان تەورات و قورئاندا
تەورات دەڵێت: "شەڕی نێوان قابیل و هابیل لەسەر ژن بوو كە گوایە خوشكەكەی قابیل جوان بوو، خوشكەكەی هابیل ناشیرین بوو، بۆیە قابیل ڕازی نەبوو خوشكەكەی خۆی بدات بە هابیل و ئەوەی ئەو بخوازێت، بۆیە بڕیاری كوشتنی دا"، بەڵام قورئان بە ئاشكرا دەفەرمووێت: "قابیل و هابیل هەریەكە و قوربانییەكیان پێشكەش كرد، ئەوەی هابیل وەرگیرا و ئەوەی قابیل وەرنەگیرا، بۆیە ڕقی هەستا و بڕیاری كوشتنی هابیلی دا".
هەندێک لە راڤەكەرانی قورئانیش ئەم ڕیوایەتەی تەوراتیان هێناوەتەوە كە تەورات باسی كردووە، بەڵام ئەمانە پێیان دەوترێت (ئیسرائیلیات) كە پێغەمبەر (ﷺ) دەفەرمووێت: «نە باوەڕی پێ بكەن نە بە درۆی بخەنەوە». ئەڵبەتە ئەگەر پێچەوانەی قورئان نەبوو. بەڵام ئەگەر پێچەوانەی قورئان بوو، ئەوا هەر لە ڕێگاوە ڕەتدەكرێتەوە. ئەم چیڕۆكەش یەكێكە لەوانەی كە پێچەوانەی قورئان و پێچەوانەی عەقڵ و لۆژیكیشە.
یەكەم: لەگەڵ قورئاندا ناكۆكە، لەوەی كە قورئان دەفەرمووێت لەسەر وەرگرتنی قوربانییەكەی هابیل و وەرنەگرتنی ئەوەی قابیل بوو، نەک لەسەر ژن.
دووەم: لەگەڵ لۆژیكدا، بەوەی كە ئەگەر هابیل ئامادە بێت دەست لە ژیان هەڵبگرێت و بەرگریی لە خۆی نەكات، چۆن دەست لە ژنێک هەڵناگرێت؟ ئەگەر ئەو ئەوەندە سوور بێت لەسەر ئەو ژنە، چۆن لێدەگەڕێ قابیل وا بە ئاسانی بیكوژێت؟
سێیەم: ئەگەر لە شەریعەتی ئەو كاتەدا كچی ئەم سک بۆ كوڕی ئەو سكەی تر بووبێت، مانای وایە هەموو كوڕ و كچێكی هەرسكێک. هەر لە منداڵییەوە لەسەر ئەوە پەروەردە كراون كە خوشک و برای یەكن و بۆ یەک ناشێن. ئیتر نەفسیان بۆ یەكتری ناچێت، وەكوو ئەوەی كە ئێستا دەیبینین هیچ برایەک بە تەمای خوشكی خۆی نییە، مەگەر كەسانی دەروون نەخۆش و فیترەت شێواو وەكوو ماركسییەكان، كە دەیانەوێت ئەو نەریت و شەریعەتە بڕوخێنن.
ئەمە ڕاستیی ڕووداوەكەیە و خودای گەورە هێناویەتەوە وەكوو نموونەیەک لەسەر كەسانی خواپەرست و راستگۆ و كەسانی دونیا پەرست و فێڵباز. لێرەشدا سەیر نییە ئەگەر زانایانی جوولەكە ئەو حیكایەتەیان هەڵبەستبێت مادەم ئەوان ئافرەت بە سەرچاوەی هەموو خراپەیەک بزانن. بەڵام نە قورئان و نە فەرموودەی ڕاستی پەیامبەر (ﷺ)، هیچ ئاماژەیەک بە مەسەلەی ئافرەت نادەن و تەنیا دەیگەڕێنەوە بۆ رق و حەسادەت و هیچی تر. هەر ئەو نەخۆشییەی كە ئیبلیسی لە ڕێ دەركرد و بوو بە مایەی كێشە بۆ مرۆڤایەتی تا رۆژی قیامەت.
لە تەفسیری (ابن كثیر)دا هاتووە (ج٢ لاپەڕە ٤٦) لە باسی قابیل و هابیلدا، عەبدوڵڵای كوڕی موبارەک بە سەنەدی خۆی لە پێغەمبەرەوە (ﷺ) دەگێڕێتەوە كە فەرموویەتی: ((خودا كوڕەكانی ئادەمی بە نموونە بۆ ئێوە هێناوەتەوە دوای چاكەكەیان بكەون و خراپەكەیان بەجێ بهێڵن.))
ئیبن عەبباسیش ڕیوایەتێكمان بۆ دەگێڕێتەوە كە تێیدا هیچ ئاماژەیەكی تێدا نییە بۆ كێبڕكێ لەسەر ئافرەت، بەڵكوو تەنیا شتەكە دەگێڕێتەوە بۆ رق و حەسادەت، دەفەرمووێت: ((جارێكیان هەردوو كوڕەكەی ئادەم دانیشتبوون وتیان با سەرو قوربانی پێشكەش بكەین بزانین خودا هی كاممان وەردەگرێت، ئەو كاتەش وابوو گەر كەسێک قوربانییەكی پێشكەش بكردایە و وەربگیرایە، ئاگرێک دەهات و دەیسوتاند، ئەگەر وەرنەگیرایە ئاگرەكە دەكوژایەوە. قوربانییەكانیان پێشكەش كرد، یەكێكیان خاوەنی مەڕو ماڵات بوو ئەوی تریشیان جووتیار بوو، ئەوەیان كە خاوەنی مەڕەكە بوو باشترینیانی پێشكەش كرد و ئەوەی تریشیان جۆرێكی هاكەزایی لە كشتوكاڵەكەی خۆی پێشكەش كرد، ئاگرەكە هات و مەڕەكەی سوتاند و ئەوی تریانی بەجێ هێشت. ئەوەی كە قوربانییەكەی وەرنەگیرابوو بەوی تریانی وت: "دەتەوێت لەناو خەڵكیدا بگەڕێین و بزانن كە قوربانییەكەی تۆ وەرگیراوە و ئەوەی من رەتكراوەتەوە، نە بەخودا نابێت خەڵكی ئەوە بڵێن، دەبێ بتكوژم"، ئەویش لە وەڵامدا وتی: "تاوانی من چییە خودا تەنیا لە پارێزكاران وەردەگرێ؟ (انما یتقبل الله من المتقین)".))
ئایەتەكانیش كە دەیانخوێنینەوە، تەنیا وتووێژی نێوان دوو كەس دەبینین، كە یەكێكیان خواپەرست و راستگۆ و لە خواترس و دواڕۆژ ویستە، ئەوی تریشیان حەسوود و دونیاویست و لە خودا نەترسە. ئیتر نە باسی ئافرەتی تێدایە و نە هیچ. كەواتە چۆن ئەو حیكایەتەی تەورات (با هەندێک لە ڕاڤەكەرانی قورئانیش هێنابێتیانەوە)، دەكرێ بە ماڵ بەسەر قورئانەوە و پاشانیش دەكرێتە مایەی توانج و رەخنەلێگرتن و گاڵتە پێكردن؟! واقعی مرۆڤایەتیش ئەوە دەردەخات كە شەڕی پلەوپایە زۆر زیاترە لە وەی كە لە سەر ئافرەت دەكرێت، جا چ پلەوپایەی ماددی بێت یان مەعنەوی، وەكوو رێز و پلە و پایەی كۆمەڵایەتی و ..هتد.
بەڵگەیەكی تر لەسەر ئەوەی كە ئەو كێشەیە لەسەر ئافرەت نەبووە خودی حیكایەتەكەیە كە چەندین شتی دژبەیەكی تێدایە، یەكێک لەوانە ئەوەیە كە دەڵێت: "شەریعەتی ئەوكاتە وابوو كە حەوا بە هەر سكێک كچ و كوڕێكی بووە و كچی ئەم سكی لە كوڕی ئەو سک مارە دەكرد"، كەواتە ئەمە دابونەریتی ئەو كاتە بووە.
لەولاشەوە دەڵێت: "قابیل وتوویەتی من ئەم كچەیانم دەوێت، تا ئادەم پێی وتووە ئەوە خوشكتە، واتە تا ئەوكاتە قابیل نەیزانیووە ئەوە خوشكەكەیەتی"، ئەمەش مەسەلەیەكە بە عەقڵەوە ناچێت و پێچەوانەی واقیعە، گریمان قابیل تا ئەو كاتە نەیزانیبوو ئەوە خوشكێتی بۆی ناشێت و لێی حەرامە، بۆیە داوای دەكرد، ئەی دوایی كە ئەوەی زانی بۆچی هەر سوور بوو لەسەری؟
لە كۆتاییدا دەڵێین: هۆی كوشتنی هابیل هەرچییەک بێت گرنگ ئەوەیە كە قورئان سەرزەنشتی هەڵوێستی قابیل دەكات و ستایشی هەڵوێستی هابیل دەكات. مەبدەئی لێبوردن بە لایەوە باشتر و لەبارترە لە مەبدەئی تۆڵەسەندنەوە، چ جای ستەمكردن. فەرموودەكەی پێغەمبەریش (ﷺ) ڕوونە لە هاندانی باوەڕداران بۆ هەڵگرتنی شوێن پێی هابیل نەک قابیل، لەوەش گرنگتر ئەوەیە كە قورئان ئەو ڕووداوە دەكاتە بۆنەیەک بۆ ناشیرینكردنی خوێن ڕشتن بە ناحەق و ستەم كردن، ئەمانەش هەموو لە ئیجابیاتی ڕێنماییە قورئانییەكانن. ئەگەر قورئان هیچ ڕێنماییەک و تەشریعێكی تێدا نەبووایە بۆ حەرامكردن و ناشیرینكردنی ستەم و كوشتنی ناڕەوا تەنیا ئەم دیمەنەی بەس بوو.
خودایەک سەرچاوەی مرۆڤی كردۆتە هۆكارێک بۆ ئەوەی مرۆڤەكان ڕێزی یەک بگرن و ستەم لە یەک نەكەن و كەسیان خۆیان لەوی تر بە باشتر نەزانن، ئینجا لەگەڵ ئەوەشدا ئەم هەموو ناكۆكی و شەڕ و ئاژاوە و ڕكابەرایەتییە لە نێوان مرۆڤەكاندا ڕوودەدات ئەی ئەگەر بهاتبایە هەر لە سەرەتاوە بەری دوو پیاو و ژنی جیاواز بوونایە حاڵیان چۆن دەبوو؟!
نووسینی: سەروەر حەسەن بیرۆکەیی