ملكەچی بۆ فەرمانى خودا و پێغەمبەرەكەی (ﷺ)

ملكەچی بۆ فەرمانى خودا و پێغەمبەرەكەی (ﷺ)
«قورئان و سوننەت»

{وَمَا كَانَ لِمُؤۡمِنٖ وَلَا مُؤۡمِنَةٍ إِذَا قَضَى ٱللَّهُ وَرَسُولُهُۥٓ أَمۡرًا أَن يَكُونَ لَهُمُ ٱلۡخِيَرَةُ مِنۡ أَمۡرِهِمۡۗ} [الأحزاب:٣٦]
واتە: ((بۆ هیچ پیاو و ئافرەتێكی بڕوادار نییە كاتێک كە خودا و پێغەمبەرەكەی (ﷺ) بڕیاری كارێكیان دا، ئەوان سەرپشک بن لەوەی گوێڕایەڵ دەبن یاخود نا.))

 تەسلیمبوون و ملكەچی بۆ فەرمانەكانی خودا و پێغەمبەر (ﷺ) دەستەواژەیەكى شەرعییە و یەکێکە لە بابەتە جەوهرییەکانی قورئان و فەرموودە، خوداى باڵادەست دەفەرمووێت: {فَلَا وَرَبِّكَ لَا يُؤۡمِنُونَ حَتَّىٰ يُحَكِّمُوكَ فِيمَا شَجَرَ بَيۡنَهُمۡ ثُمَّ لَا يَجِدُواْ فِيٓ أَنفُسِهِمۡ حَرَجٗا مِّمَّا قَضَيۡتَ وَيُسَلِّمُواْ تَسۡلِيمٗا} [النساء:٦٥]
واتە: ((نەخێر، سوێند بە پەروەردگارت -ئەوانەی لافی باوەڕداری لێ دەدەن- بڕوادار نین تاوەکوو تۆ نەكەنە دادوەر بۆ یەكلاییكردنەوەی هەر كێشە و ناكۆكییەكی نێوانیان، پاشانیش لە دەروونیاندا هیچ بەرهەڵستی و گازندەیەک نەبێت بەرانبەر ئەو بڕیارەی تۆ داوتە، دەبێت بە تەواوی ملكەچ و تەسلیم بن.))

  خۆبەدەستەوەدان و تەسلیمبوون بە خودا و پێغەمبەرەكەى (ﷺ) لەو هەواڵانەى پێیان داوین و لە فەرمانەكانیشیاندا بەم شێوەیە دەبێت: 

یەکەم/ تەسلیمبوون بە هەواڵ و خەبەرەکان:

واتە بەڕاستدانان و باوەڕ پێ بوونیان، چ ئەو هەواڵانەى لەبارەى ڕابردوون یان ئەوانەى لەبارەى داهاتوون، خوداى پەروەردگار لە زۆر جێگەى قورئاندا هەواڵگەلێكمان پێ ڕادەگەیەنێت كە لە دەرەوەى سنوورى هەستپێكراوەكانن و بەڕاستدانانیشیان بەشێكە لەو ئەركە ویستراوانەى فەرمانى پێ دەكات بە بەندەكانى؛ چونكە خودا تەنیا كردەوەى لە ئێمە ناوێت، بەڵكوو ملکەچی و بەڕاستدانانیشى لێمان دەوێت، هەر خۆى وەسفى بەڕاستدانەرانیش دەكات -لە میانەی باسی پارێزكاراندا- دەفەرمووێت: {ٱلَّذِينَ يُؤۡمِنُونَ بِٱلۡغَيۡبِ} [البقرة:٣].
 واتە: ((ئەوانەی باوەڕ بە پەنهان و نادیارەكان دەهێنن))

دووەم/ ملكەچی و تەسلیمبوون بە فەرمانەكان و دوورکەونتەوە لە قەدەغەکراوەکان:

ئەویش بە قبووڵكردن و وەرگرتنى لە دڵەوە، پاشان ملكەچبوون بۆى و كاركردن بە ناوەڕۆكەكەى، لوتكەی تەسلیمبوونیش بە فەرمانەكانی خودا و پێغەمبەرەكەی (ﷺ) لەوكاتە دایە كە فەرمانەكە لەگەڵ هەوا و ئارەزوودا تێكدەگیرێت، یان لەو فەرمانەى گەردنكەچى تەواو دەخوازێت ئەگەرچى بە ڕواڵەت بەرژەوەندى بەندەشى تێدا نەبێت، بە هەمان شێواز دوور کەوتنەوە لەو وتە و کارانەی کە قەدەغەکراوە لە شەریعەتدا ئەگەرچی نەفسیش حەزی لێ بکات و بەدوایدا وێڵ بێت.
 
هەر لەبەر ئەمە خوداى کار ڕەوا لە قورئاندا هەڵوێستى بەندەى خەلیل و خۆشەویستى خۆى ئیبراهیممان (سەلامی خودای لێبێت) نیشان دەدات، لەوكاتەى خودا فەرمانى پێ كرد بە سەر بڕینى ئیسماعیلى كوڕى (سەلامی خودای لێبێت)، ئیبراهیم گوێڕایەڵى و تەسلیمبوونى تەواوەتی نیشاندا، ئەگەرچى حیكمەت و مەبەستى پشت ئەو فەرمانەشى لا ئاشكرا نەبوو، {فَلَمَّآ أَسۡلَمَا وَتَلَّهُۥ لِلۡجَبِينِ} [الصاقات:١٠٣]
 واتە: ((كاتێک هەردووكیان ملكەچی فەرمانی خودا بوون و ئیبراهیم ئیسماعیلی بە ڕوودا خست بۆ سەربڕین))، ئەو كات خودا بەرانێكى گەورەى لەجیاتى بۆ قوربانى دابەزاند.

    بە كەم بایەخ تەماشاكردنى پەرستشى تەسلیم بوون نهێنى بەندایەتى بۆ خودا لە بەندە دادەماڵێت، ئەو بەندایەتییەى كە لە ڕاستییدا ماناى ئازادییەتى لەم ژیانەدا، زۆرجار پرسیارگەلێک دەوروژێنرێن بە مەبەستى كەمكردنەوە لە بەهاى ئەم عیبادەتەى كه زۆرینەى خەڵک لە ڕاز و نهێنى و جوانییەكەى تێنەگەیشتوون.

بۆیە دەبینیت كەسانێک دەڵێن: "ئیتر چ بوارێک بۆ عەقڵ ماوەتەوە كە ئایین لەسەر بنەماى تەسلیمبوون دامەزرابێت؟"
یاخود دەڵێن: "تەسلیمبوون لەم سەردەمەدا چى دەگەیەنێت جگە لە ملدان بۆ ڕا و بۆچوونى ڕاوییەكان و گوێزەرەوانى هەواڵ و گێڕانەوەكان، ئیتر هێنانە بەرباسى تەسلیمبوون لەپاى چى؟"
ئەمانە و چەندین پرسیارگەلى ترى هاوشێوە.

   لە ڕاستییدا تەسلیمبوون هەرگیز بە ماناى پەكخستنى ڕۆڵى عەقڵ نایەت، بەڵكوو ئەوە خواست و پێویستى خودى عەقڵە، لەبەرئەوەى عەقڵ كاتێک بە بەڵگە و نیشانەى ڕوون، ڕاستى پەیامى موحەممەدی بۆ دەسەلمێت، واتاى ئەوەیە دەیسەلمێنێت كە ئەو پەیامە لەلایەن خوداوەیە كە خاوەنى زانستى نەبڕاوە و حیكمەتى تەواوە كە دوور لە هەڵە و كەم و كورتییە، لە هەمان كاتدا عەقڵ دەرک بەوە دەكات كە تواناكانى خۆى لەوە سنووردارترە پەى بە هەموو نهێنی و حیکمەتەکان ببات.

 بەم پێیە عەقڵی ساغ وا دەخوازێت كە مرۆڤى زانست و توانا سنووردار مل بۆ فەرمانى پەروەرێنى خاوەن زانست و توانا و حیكمەتى تەواو بدات، بەمەرجێک دڵنیا بێت و بۆى سەلمابێت كە ئەو فەرمانەى تەسلیمى بووە لە لایەن خواى گەورەوە هاتووە.

    لەگەڵ ئەوەشدا پێمان وانییە كە بەم تەسلیمبوونە ڕۆڵى عەقڵ كۆتایی دێت، بەڵكوو زۆر بوارى هەمەجۆر هەن بۆ جووڵە و بەگەڕخستنی عەقڵ لەدواى تەسلیمبوونیش، لەوانە:

١- بوارى تێگەیشتن و ڕامان (تەدەببور) و هەڵێنجان لە دەقەكان.
٢- بوارى دەرهێنانى حیكمەت و مەبەست و هۆكارەكان لە كۆكردنەوەی دەقەكانەوە.
٣- بوارى یەكخستن و كۆكردنەوە لەنێوان ئەو دەقانەى بە ڕواڵەت دژیەكن.
٤- بوارى بەكارخستن و دابەزاندنى دەقەكان لەسەر واقیع و پرسە پەیوەندیدارەكان و گۆڕانكارییەكان.

  ئەگەر گوزەرێک بكەین بە نێو ژیانى هاوەڵانى پێغەمبەرى خوا (ﷺ) و هەڵوێستەكانیان بەرانبەر فەرمانەكانى پێغەمبەر (ﷺ)، ئەوكات باڵاترین نموونەكانى گوێڕایەڵى و گەردنكەچى و خۆبەدەستەوەدان دەبینین بۆ ئەو هەواڵ و فەرمانانەى لە پێغەمبەرى هەڵبژاردەوە (ﷺ) دەهاتن، تەنانەت لە كاتى تێكگیرانى ئەو فەرمانانە لەگەڵ ئارەزووى نەفس و بەرژەوەندى خەمڵێندراویان، تەنیا پاڵنەریشیان بۆ ئەم گوێڕایەڵییە بێ وێنەیە ئیمان و باوەڕى تەواویان بوو بەوەى موحەممەد (ﷺ) پێغەمبەرى خوداى جیهانیانە و ڕاستگۆیە لە گەیاندنى پەیامەكەى و لە فەرمانەكانیدا، لەگەڵ خۆشەویستى تەواویان بۆى.

ئەمەش چەند ئاماژەیەكى خێرا بە هەندێک لەو هەڵوێستانە:

لە ساڵى پێنجەمى كۆچى سوپایەک لە بێباوەڕان كۆبوونەوە بە ژمارەیەک كە پێشتر وێنەی نەبوو لە زۆریدا، ئەویش سوپاى «ئەحزاب» بوو، گەمارۆى مەدینەیان دا، لە ناوەوەش جولەكەكانى بەنو قوڕیزه پشتیوانییان لێ كردن، بەهۆى ئەو ناپاكییەى ئەمان لە پشتەوە كردیان ترس گەیشتە نێو ماڵى موسڵمانان، سەربارى گەمارۆى دوژمن لە دەرەوە، هاوكات لەگەڵ كەشوهەوایەكى سارد و توند.

  لەم بارودۆخەدا و لە یەكێک لە شەوانى گەمارۆدا پێغەمبەر (ﷺ) لەناو هاوەڵانیدا هەستایەوە و فەرمووى: ((مَنْ يأْتِینِی بِخَبَر القَوْمِ جَعَلهُ اللهُ مَعِی يوْمَ القِيامَة؟)) واتە: كێ هەواڵى ئەو كۆمەڵەم بۆ دەهێنێ لە ڕۆژی قیامەتدا لەگەڵ من دەبێت؟ پێغەمبەر (ﷺ) لەو دۆخە سەختەدا دەیویست یەكێک لە هاوەڵانى دزە بكاتە نێو سەربازگەى موشریكان و هەواڵێكى بۆ بهێنێت، هەر یەكێک لە هاوەڵانیش خۆزگەى دەخواست براكەى هەستێت بە ئەنجامدانى ئەم كارە، چونكە پێغەمبەر (ﷺ) فەرمانى بە كەسێكی دیاریكراو نەكردبوو.

   كاتێک بینى هیچ كام لە هاوەڵان هەڵناستن، پێغەمبەر (ﷺ) تەماشاى «حوزەیفەى كوڕى یەمان»ى كرد و فەرمووى: ((قُمْ يا حُذَیْفَة)) -هەستە حوزەیفە-، هەڵوێستى حوزەیفە چۆن بوو بەرانبەر ئەم فەرمانە پێغەمبەرییە؟
حوزەیفە نەهات پۆزش و بیانوو بهێنێتەوە و خاوە خاو بكات، دوودڵیش نەبوو لەوەى بە تەنیا ناوى ئەو هێنراوە -لەكاتێكدا خۆى دەڵێت من لە هەموویان هەڵبزركاوتر و سەرمابردەتر بووم- بەڵام وتی: ((فَلَمْ أَجِدْ بُدًّا إِذْ دَعَانِي بِإسْمِی أَنْ أَقُوم)) واتە: "كاتێک بە ناو بانگى منى كرد ئیتر دەبوو هەستم"، بۆیە دەستبەجێ هەستا و چووە ناو سەربازگەى دوژمن، لەوەدوا چیرۆكەكەى دوور و درێژە و لە جێى خۆى ئاماژەى پێدراوە.
[تەواوى چیرۆكەكە لە صەحیحى موسلیم (١٧٨٨)]

هەلوێستێكى تر:
«مەعقیلى كوڕى یەسار» خوشكەكەى لە یەكێک لە هاوەڵان مارەبڕیبوو، پاشان هەندێک کێشە و گرفت لە نێوانیاندا ڕوویدا کە بووە هۆی جیابوونەوەیان -تەڵاقی یەکەمی دا-، دواى ماوەیەک لەم جیابوونەوەیە ویستیان بگەڕێنەوە لاى یەكتر بە ڕەزامەندى هەردووكیان، بەڵام مەعقیلى كوڕى یەسار غیرەت گرتى و بە هاوەڵەكەى وت: "خوشكەكەمم لێ مارەبڕیت و خستمە نێو ماڵەكەت و ڕێزم بۆ دانایت، كەچى تۆ تەڵاقت دا، ئێستاش هاتوویت داواى دەكەیتەوە، نا سوێند بە خوا هەرگیز ناگەڕێتەوە لات!".

پاشان وتەى خوداى گەورە دابەزییە خوارەوە: {وَإِذَا طَلَّقۡتُمُ ٱلنِّسَآءَ فَبَلَغۡنَ أَجَلَهُنَّ فَلَا تَعۡضُلُوهُنَّ أَن يَنكِحۡنَ أَزۡوَٰجَهُنَّ}[البقرة:٢٣٢]
واتە:((ئەگەر ژنانتان تەڵاقدا و گەیشتنە كۆتایی سووڕى مانگانەیان، ئێوە -ئەى كەسوكارى ژنان- مەبنە كۆسپ لە ڕێگەیاندا ئەگەر ویستیان بگەڕێنەوە بۆلای هاوسەرەكانیان.))

كاتێک مەعقیلى كوڕى یەسار ئەمەى بیست نەیوت: "من قسەیەكم كردووە و نایگۆڕم، پیاو دەبێت لەسەر قسەى خۆى سوور بێت و لەم جۆرە قسانە"، بەڵكوو فەرمووی: ((الآنَ أَفْعَلُ يا رَسُولَ اللهِ)) -هەر ئێستا ئەو كارە دەكەم ئەى پێغەمبەرى خودا-، پاشان خوشكەكەى گێڕایەوە لای مێردەکەی.
[چیرۆكەكە لە صەحیحى بوخارى (٤٥٢٩)]

هەلوێستى سێیەم: 
هاوەڵان (خوا لێیان ڕازى بێت) لە ساڵى حودەیبییەدا بە پەرۆشییەكى زۆرەوە بۆ ئەنجامدانى عومرە و دواى دابڕانى چەند ساڵەیان لە مەككە، خۆیان ئامادەكرد و ئیحڕامیان بەست، بە دەم زیكرى تەلبیە و دڵى پڕ لە تاسە و ئەوینەوە بەڕێكەوتن بۆ شاری مەککەی پیرۆز، تا نزیكبوونەوە لەوەى بچنە ناو حەڕەمى پیرۆزەوە، موشریكەکان نەیانهێشت و ڕێیان لێ گرتن، دانوستانەكان درێژەى خایاند لە نێوانیاندا تا گەیشتن بە گەڵاڵەنامەیەكى چەند خاڵ و مەرجى «ڕێكەوتنى حودەیبییە».

هەندێک لە موسڵمانان پێیان وابوو چەند خاڵێكى ڕێكەوتنەكە نەنگى تێدایە بۆیان، واتە سەربارى ڕێگیرانیان لە ئەنجامدانى عومرە داخى ئەو مەرجانەش كە نەنگییان تێدا دەبینى خەمى ئەوانى دوو هێندە كردبوو، هەر بە پێی ڕێككەوتنەكە دەبوو ساڵى دواتر عومرە ئەنجام بدرێت، بۆیە پێغەمبەر (ﷺ) فەرمانى پێكردن سەریان بتاشن و ئیحڕام بكەنەوە، دۆخەكە هێندە سەخت بوو تەنانەت وتراوە: "لەتاو دڵتەنگى و نیگەرانى خەریكبووە هەندێكیان هەندێكى تریان بكوژن"
(وەك لە صەحیحى بوخاریدا هاتووە) [ صحيح البخاري (٢٧٣٢)] 

بەڵام هەر كە پێغەمبەرى خوایان (ﷺ) بینى پێشیان كەوت بە تاشینى سەرى و دانانى ئیحڕامەكەى، دەستبەجێ هەستان و هەموو چاویان لێ كرد، هیچ كام لەوانیش نافەرمانى لێ نەبینراوە لەو ڕۆژەدا.

ئەمانەو چەندان نموونەی دیکە بەڵگەن لەسەر ملکەچی و تەسلیمبوونی هاوەڵە بەڕێزەکان بە فەرمانەکانی خودا و پێغەمبەر (ﷺ)، سەرفرازترین کەسیش ئەوەیە وەکوو هاوەڵە بەڕێزەکان هەڵسوکەوت دەکات لەگەڵ دەقی قورئان و فەرموودەکان.

#ئاستانە_Astana

10/25/2021 10:56:38 AM