پێگەی خۆر لە ئایینی زەردەشتیدا!

پێگەی خۆر لە ئایینی زەردەشتیدا!
 
خۆر (میهر) یەكێكە لە بیروباوەڕە پیرۆزەكان لای «زەردەشتییەكان» و سەرچاوەی تیشک و ڕووناکییە. میهرپەرستی كە لە پێش زەردەشتییەتدا لەلای گەلە «ئارییەکان» باو بووە، بە هەمان شێوە كاریگەری خستووەتە سەر زەردەشتییەت و بە خوداوەندێكی ناو ئایینی زەردەشتی ناوزەند كراوە، لەناو «یەشتەكان»یشدا بەشێكی تایبەت هەیە بە ناوی (میهر یەشت)ـەوە و ئاهورامەزدا ستایشی دەكات.

هەر بۆیە لە ئایینی مەزدەیەسنای (زەردەشتی) ساسانییەكاندا پلەیەكی بەرز و باڵای وەرگرتووە؛ بە جۆرێک كە «یەزدەگورد»ی دووەم بەم جۆرە سوێندی پێ دەخوات:
"سوێند بە هەتاو، خودای مەزن، كە بە تیشكی خۆی پرشنگی داوەتە گێتی و بە تین و بڵێسەی رەجەم دونیای گەرم داهێناوە."

ئەم بیروباوەڕەشیان بەسەر مەسیحییەكانی وڵاتدا سەپاندبوو، نموونەش بۆ ئەمە: پەیمانی «شاپووری دووەم» بووە کە بەڵێنی بە «شەمعۆن بەرسەبعی»دا لێی خۆش ببێت و نەیكوژێت؛ بەو مەرجەی پەسنی هەتاو بدات!
تەنانەت یەكێک لە ڕێ و شوێنەكانی «موغان» ئەمە بوو كە: خۆری بەخت دەبێت بە پیرۆز بگیرێت و سەری بۆ نەوی بكرێت. هەر بۆیە (میهر) پلەكەی هێندە بەرز بووە كە بە خودای بەتوانا و كوڕی خودا و یاریدەی ئازای «ئەمشاسپەندان» (ئێزدەکانی ئاهورامەزدا) باسكراوە.

ئەم پیرۆزی و بە گەورە دانانە گەیشتووەتە ئاستێک کە ئەو وێنە خەیاڵییەی بۆ زەردەشت کێشراوە بە جۆرێكە، كە پەنجەی شەهادەی بەرز كردووەتەوە و ئاماژە بە پشتەوەی دەدات، كە سەرنجی پشتەوەی دەدەین، دەبینین خۆر لە پشتی سەرییەوەیەتی!
بێگومان هەر ئەمەشە وەها دەکات کە نووسەرێکی مەزنی وەکوو «ئارتوور کریستنسن» لەمەڕ بیروباوەڕی ئایینەکەوە بڵێت:
"گشت دەقەكانی ئاڤێستا ئەوە دەسەلمێنن كە پەرستنی توخم و ماددەکانی سروشتی، یەكێک لە بنەماكانی ئایینی زەردەشتی بووە."
 
سەرچاوە:
ئارتوور کریستنسن، ئێرانی سەردەمی ساسانییەکان، وەرگێڕانی: سەڵاحەدین ئاشتی، چاپی ٢٠٠٦ـی لەدایکبوونی مەسیح، بڵاوکراوەی بنکەی ژین، چاپخانەی شڤان، سلێمانی، لاپەڕە: ١٨٦ – ١٨٧

#ئاستانە_Astana

1/13/2022 8:23:26 PM