زەردەشتییەت لە نێوەندی دووفاقییەکدا!

زەردەشتییەت لە نێوەندی دووفاقییەکدا!

زەردەشتییەت یەکێکە لە ئایینە دێرینەکانی ناو مێژووی مرۆڤایەتی کە زیاتر لە (٣٠٠٠) ساڵە هەتاوەکوو ئێستا پارێزگاری لە شوێنکەوتووانی خۆی کردووە، بەڵام مامەڵەکردنی شوێنکەوتوانی بەردەوام جیاوازی تێ کەوتووە و هەرگیز لەو ماوە زەمەنییەدا وەکوو خۆی نەماوەتەوە، بگرە ئەو زەردەشتییەتەی کە لە ئێستادا بوونی هەیە هەرگیز ئەو زەردەشتییەتە نییە کە لە سەرەتا دەرکەوت.

ئەمەی باسمان کرد تەنیا وەکوو دەستپێکێک بوو بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ بچینە ناو بابەتەکەمان:

دیارە لە ئێستادا چەندین پەڕتووکی لەمێژینەیی زەردەشتیمان هەیە، کە بەشێکی سەرەکیان دەگەڕێنەوە سەر زەردەشتییەکانی سەردەمی ساسانی و هەروەها پیاوە ئایینییە مەزنەکانی زەردەشتی، کە بۆ خزمەتکردن و هێشتنەوەی کەلەپووری ئایینەکە تێکۆشاون، بەو هۆکارەش چەندین پەڕتووکی ئایینی وەکوو (زەند ئاڤێستا، بوندەهیش، دینکەرد، دادستانی دینک، دینی منوگ خیراد، زاد سپارم، ئەرداویراڤ نامە و شایست نی شایست و ...هتد) وەکوو پاشماوەیەکی ئایینیان ماوەتەوە. ئەمە بەدەر لە «ئاڤێستا» کە ترۆپکی ئایینەکە و بەرزترین پایەی گرتووەتەوە. ئەوەی نکوڵی لێ نەکراوە کە زەردەشتییە پێشووەکان زۆر بە چاوێکی ڕێزەوە لەم پەڕتووکانەیان ڕوانیوە و ڕێزیان لێ گرتوون و فێریان بوون.

بەڵام لە کۆتایی سەدەی ٢٠ و سەرەتای سەدەی ٢١ بەدواوە تەوژمێکی سەیر و نامۆ بە ناوی زەردەشتییەتەوە هاتە کایەوە کە تەواو نامۆ بوو بە کەلەپوورە ڕەسەنەکەی، ئەمانە خۆیان بە ڕیفۆرمخواز و نوێخوازی ئایینەکە لە قەڵمدا، ئەم دەرکەوتنەش لە هیندستان و ئێرانەوە هاتە کایەوە کە پاشماوەی زەردەشتییەتی تێدا ماوەتەوە، بەڵام ڕیفۆرمخوازییەکەیان بە جۆرێک بوو کە ئامادە بوون نیشانەی پرسیار بخەنە سەر تاک بە تاکی دەقەکانی ئایینەکەیان و تەواوی مێژووی خۆیان بە خودی ئاڤێستاوە خستە پرسیارەوە.

دیارە پەیڕەوانی ئەم ئایینە لە کوردستاندا بە هیچ جۆرێک بوونیان نەمابوو، بەڵام لەگەڵ دەستپێکی هاتنەناوەوەی پارتە مارکسی و کۆمۆنیستە کوردییەکان و پاشان ناسیۆنالیستەکان، بە بیانووی زیندووکردنەوەی ڕەسەنایەتی کوردەوە بایەخێکی زۆریان بە مێژووی ئەم ئایینەدا، بەو بیانووەی کە باوانی کورد زەردەشتی بوون، بەڵام ئەوەی سەیر بوو ئەو کەسانە ڕێک ئەو شێوازەیان بۆ کورد گواستەوە کە ڕیفۆرمخوازەکان کاریان پێ دەکرد، تەنانەت کاتێک کەسانێک لە کوردستاندا بانگەشەی گەڕانەوە بۆ ئایینی زەردەشتیان کرد هەر هەمان ئەو شێوازەیان پەسەند کرد و تەنانەت ئێستا گەی؟شتوونەتە ئەو ئاستەی کە چوار بۆ پێنج بەشی ئاڤێستا (ڤەندیدات، ڤیسپەرد، یەشت، خورتەئاڤێستا) و تەنانەت هاتەکانی بەدەر لە (گاثاو)ی (یەسنا)کانیش بە دروستکراو و داهێندراو دەزانن، واتە تەنیا شتێک کە زەردەشتییەکان بە بنەمای ئایینی خۆیانی دەزانن (١٧ هاتی گاثاو)ەکانە.

کەواتە بەم پێوەرەی ئەوان بێت گشت ئەم پەڕتووکە ئایینییانەی دیکەی زەردەشتییەکان دروستکراون و هیچ بنەمایەکی ئایینیان نییە و پیاوانی ئایینی زەردەشتی و موغەکان؛ لە سەردەمی ساسانی دروستیان کردوون، دەی دیارە گەر هەر پیاوێکی ئایینی شتێک بڵێت بە ناوی خوداوە و بیکاتە ئایین و شەریعەت بەسەر نەتەوەکەیەوە، ئەوە کەسێکی تەواو تاوانبار و لادەرە و بووەتە هۆکاری شێواندنی خودی ئایینەکەی، بۆیە پێویستە ئایینەکە لەم مرۆڤانە پاک بکڕیتەوە. ئێمە ئا لێرەدا هەڵوەستەیەک دەکەینەوە و کەمێک لەو مێژووە دێینە پێشەوە.

ئێمە دەزانین ئیمپڕاتۆرییەتی ساسانی کە بە شەریعەتی ئایینی زەردەشتی کاری کردووە، لەنێوان (٢٢٦ – ٦٤١)ـی لەدایک بوونی مەسیحدا فەرمانڕەوایی (ئێران، خۆرهەڵات، باشووری کوردستان، ئەرمینیا، ئازەربایجان و بەشێکی فراوان لە ناوەڕاستی ئاسیا و باکووری خۆرئاوای هندستان، خۆرهەڵات و باشووری نیمچەدوورگەی عەرەبی)یان کردووە، لە کۆتاییدا دوای چەندین جەنگی یەک لە دوای یەک کە بەناوبانگترینیان «قادسیە و جەلەولا و نەهاوەند» بوو، ساسانییەکان بە چۆکدا هاتن و کۆتایی بە هەژموون و دەسەڵاتیان هات، پاش ئەمەش بەرە بەرە خۆری ئایینی زەردەشتی ئاوا بوو لە ناوچەکەدا، بۆیە ئەوان بە گوێرەی خۆیان دەڵێن موسڵمانەکان باپیرانی ئێمەیان بە زەبری شمشێر لە زەردەشتییەتەوە گۆڕی بۆ ئیسلام.

لێرەدا من ناچمە سەر ئەو خاڵەی کە ئایا کوردستان هەمووی زەردەشتی بوو، یاخود نا. کورد بە زەبری شمشێر موسڵمان بوو، یاخود نا، بەڵکوو جەخت لەسەر یەک مەبەست دەکەمەوە، لێرەدا ئێمە خاڵێکی گرنگمان هەیە کە هەم دووفاقی زەردەشتییەتی ڕیفۆرمخواز دەسەلمێنێت، هەم چەواشەکردنێک کە بەردەوام بە بەرچاومان دەدرێتەوە، ئەویش ئەوەیە ئەو کەسانەی کە ئیسلام تاوانبار دەکەن کە ئایینی باپیرانی کوردیان لەناو بردووە، هەمان ئەو کەسانەن کە ئەو زەردەشتییە پێشینانە تاوانبار دەکەن بەوەی کە شتانێکیان هێناوەتە ناو زەردەشتییەتەوە کە بوونی نەبووە و بەرژەوەندیخواز بوون، بە واتایەکی دیکە لادەر و بەناوی خوداوە قسەکەر بوون.

لێرەدا پرسیارێکی بێ وەڵام بۆ ئەو  بەڕێزانە بەجێ دەهێڵین:

"گەر ئەوان زەردەشتییەکانی پێشین تاوانبار دەکەن بە لادەری و تەحریفکردن و دەستکاریکردنی زەردەشتییەت، ئایا بۆچی گلەیی لە ئیسلام دەکەن ئەو ئایینە دەستکاریکراوەی وەلاناوە و بۆی گۆڕیون بە ئایینێک کە زۆر نوێتر بووە و پەیامێکی زۆر بەهێزتری پێ بووە لە پێش خۆی؟"

وەڵامەکە بۆ خودی خۆیان بەجێ دەهێڵم.

#ئاستانە_Astana

1/24/2022 8:41:36 PM