موعاوییه‌، خاڵی باوه‌ڕداران!

موعاویه‌ خاڵی باوه‌ڕداران!

هاوەڵانی خۆشەویستمان (ﷺ) هەموویان یەک شکۆیان هەیە لە دڵی ئیمانداراندا، سەنگی مەحەکی ئیمانی خەڵکین.
ئیمامی عەبدوڵڵا کوڕی موبارەک فەرمووی: "پێشەوا موعاوییە (خودا لێی ڕازی بێت) لای ئێمە سەنگی مەحەکە، ببینین کەسێک قسەی بەرزونزمی پێ بکات، لای ئێمە تۆمەتبارە بە دژە هاوەڵانی پەیامبەر (ﷺ)." [البدایة والنهایة (٨/١٣٩)]

دژایەتی هاوەڵان لەلایەن ئەهلی هەوا و بیدعەوە کاری ئێستایان نییە و لە سەرەتای دروستبوونی پێڕە لاڕێکانەوە سەری هەڵداوە، کەم هاوەڵی ئەزیز و بەڕێز هەیە لەو تاوان و ستەمانەیان پارێزراو بوو بێت. یەکێک لەو هاوەڵانەی کە پریشکێکی زۆری بەرکەوتووە ئیمام و پێشەوای گەورەی موسڵمانان، خاڵی ئیمانداران «موعاوییەی کوڕی ئەبوو سوفیانە» کە لە دێر زەمانەوە قسەڵۆکی لاواز و بێسەنەدی، یان دوژمنکارانەی بۆ دەکرێت و هەندێک لەوانەش خۆیان دەدەنە پاڵ سوننە، یان تەسەوف و زاهیدی و دونیانەویستی، کەچی دەم و زمانیان لە ئاستی ئەم هاوەڵە بەڕێزە نەپاراستووە و نازاهیدانە و بێوەرەع خۆیان خستووەتە سەنگەرێکی نالەبارەوە دژی پێشەوا موعاوییە.

لەبەر ئەوەی - هاوەڵێتی پێغەمبەر(ﷺ) سەلماوە بۆ پێشەوا موعاوییە - بەڵگە گشتییەکانی قورئان و سوننەت لە پەسن و چاکەیاندا بەسن بۆ ئەوەی هەموو موسڵمانێک ڕێزی تەواوی لێ بگرێت.
زۆر بەکورتی، خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿مُحَمَّدٌ رَسُولُ اللَّهِ وَالَّذِينَ مَعَهُ أَشِدَّاءُ عَلَى الْكُفَّارِ رُحَمَاءُ بَيْنَهُمْ تَرَاهُمْ رُكَّعًا سُجَّدًا يَبْتَغُونَ فَضْلًا مِنَ اللَّهِ وَرِضْوَانًا﴾ [الفتح : ٢٩]
((موحەممەد (ﷺ) پێغەمبەری خودایە، هەروەها ئەو هاوەڵە بەڕێزانەی لەگەڵی بوون سەخت و توندن لەگەڵ کافراندا، هەروەها لەنێوان خۆیاندا زۆر بەڕەحم و سۆز و بەزەیی و میهرەبانن، کە دەبێت مرۆڤی باوەڕدار وا بێت.))

مەگەر ئیجماعی هەموو موسڵمانان و کافرانیش لەسەر ئەوە نییە کە پێشەوا موعاوییە هاوەڵی پێغەمبەری خوا (ﷺ)، نووسەری وەحی خودایی، خەزووری پێغەمبەر (ﷺ)، سەرکردەی سوپای دەریابڕی موسڵمانان بووە؟
کێ هەیە هێندە ئیمان چرچولۆچ بێت، زمانی نەگریسی بخاتە کار بۆ نکۆڵی پێشەوا موعاوییە؟

#ئاستانە_Astana

3/26/2022 11:06:09 PM