هەڵگێڕانەوەی زاراوەکان لە مانا شەرعییەکەی

هەڵگێڕانەوەی زاراوەکان لە مانا شەرعییەکەی

لادانی زاراوە شەرعییەکان لە مەبەستی شەریعەت، هۆکارێکە بۆ گومڕاکردنی خەڵکی

هەرکات گرووپێک سەری هەڵدابێت و فکرێکی نوێی هێنا بێت، هەوڵیداوە بە هەر جۆرێک بێت بەرگێکی شەرعی بەبەر ئەو فکرەدا بکات، تاکوو بە ئاسانی موسڵمانی کەم زانست و عەوامی پێ لە خشتە ببات.

جا یەکێک لەو ڕێگایانە کە زۆرجار دەیگرنە بەر، لادان و هەڵگێڕانەوەی مانای زاراوەکانە لە مانا شەرعییەکەی بۆ مانایەکی زمانەوانی زاراوەکە، بەم شێوەیەش هەموو ئەو ڕێسا و یاسایانەی لەسەری بنیات نراوە هەڵی دەوەشێننەوە نکوڵی دەکەن، بۆ نمونە: هەندێک لەوانەی نکوڵی فەرموودەکانی پێغەمبەری خوایان دەکرد(صلی الله علیە وسلم)، دەیان وت:  "نوێژ (الصلاة) لە زمانی عەرەبیدا بە مانای پاڕانەوە (الدعاء) دێت، کەواتە ئاسایی هەرکەس دوعا بکات، ئەوە نوێژی کردووە و ئەو فەرزەی لەسەر لادەچێت"!

جا ئەمە لەسەر دڵی خەڵکی عەوامیش قورس بوو، چونکە نەدەکرا بەو ئاسانییە بڕوا بە شتێک بکەن کە لە باو و باپیرانیانەوە بەشێوەی کردارەکی پێیان گەیشتووە کە نوێژ پەرستشێکی تایبەتە و شێوازی تایبەتی خۆی هەیە و ناکرێت لێی لابدرێت، بەڵام خۆ هەموو ئەحکامەکان لای خەڵکی وەک نوێژ ڕوون نییە، تاکوو بە ئاسانی نکوڵی بکەن و نەکەونە ژێر کاریگەری ئەو کەسانەی کە ئەم فکرانە ڕەواج پێ دەدەن.

بۆ نمونە: کەسانێکی تر پەیدا بوون کە کاریان بۆ شەرعاندن و پاراستنی پێگەی ئەو دەسەڵاتدار و حاکمانە بوو کە شەریعەتی خوایان وەلانا بوو، بەزۆر دەسەڵاتی خۆیان بەسەر موسڵماناندا سەپاندبوو، ئەمانە هاتن و بەرگێکی شەرعییان بەسەر ئەم دەسەڵاتدارانەدا کرد، وتیان ئەمانە (ولي أمر)ی موسڵمانانن و هەرچی یاسا و ڕێسایەکی شەرعی دەربارەی وەلی ئەمری شەرعی هەبوو بەسەر ئەماندا جێبەجێیان دەکرد و خەڵکیان پێوە پابەند دەکرد، وایان لە خەڵکی دەگەیاند کە گوێڕایەڵی ئەمانە واجبێکی شەرعییە و دەرچوون لە فەرمانیان سەرپێچی فەرمانی خوا و پێغەمبەری خوایە، کاتێکیش کەسێک پێی دەوتن ئەمەتان لە کوێوە هێناوە؟ ئاسایی دەهاتن لەڕووی زمانەوانییەوە تەفسیری مانایی (ولي أمر)یان بۆ دەکرد و دەیان وت: "(ولي أمر) لە زمانی عەرەبیدا واتە ئەو کەسەی کاروباری موسڵمانانی بەدەستە."

بەم جۆرە هەرچی مەرج و ئەرک و سیفاتەکانی وەلی ئەمری شەرعی هەبوو پشتگوێیان خست و لە خەڵکیان شاردەوە، تاکوو کار گەیشتبووە ئەوەی کە تۆ ئەگەر لە بەریتانیاش بیت، سەرۆکی ئەو وڵاتە وەلی ئەمری تۆیە!

ئێستاش کەسانێکی تر هاتوون بۆ ئەوەی بیشەرعێنن کە دەشێت وشەی «شەهید» بۆ غەیرە موسڵمانیش بەکاربهێنیت،
لە ڕووی زمانەوانییەوە بۆمان لێکدەدەنەوە و پێمان دەڵێن: "(شهد) واتە: ئامادەبوو، وە هەواڵیداوە. (الشهادة) واتە: هەواڵدان دەربارەی ئەوەی دەیزانێت، وە (الشهید) واتە: ئەو کەسەی شایەتی دەدات." بەم جۆرە پێمان دەڵێت: "دەشێت بڵێین فڵان کەس شەهیدە، ئەگەرچی لە پێناو خاک، یان نیشتیمان، یان هەرشتێکی تردا بێت با موسڵمانیش نەبێت."

بەم جۆرە وەک بڵێیت ئەو خەڵکە هەمووی دەزانێت مانای زمانەوانی و مانای شەرعی «شەهید» چییە و ئەمان بەو مەبەستە بەکاری دەهێنن بەرامبەر مولحید و بێدین و ئەهلی کیتاب، کە جەنابیان لە ڕووی زمانەوانییەوە بۆمانیان ڕوونکردەوە. باشە نازانێت کە ئەمانە شەڕی ئەوەت لەگەڵ دەکەن کە ئەمانە ئەهلی بەهەشتن و پێویستە دوعای لێخۆشبوونیان بۆ بکرێت؟
بگرە پێشیان وایە ئەمان فەزڵیان زیاترە لە ئەهلی ئیسلام کە باوەڕیان بە خوا و ڕۆژی دوایی و پێغەمبەران و فریشتەکان و قەزا و قەدەر هێناوە.

ئەگەر بڕوانن زۆرینەی ئەوانەی لەم کاتانەدا دێن و ئەم وردەکارییە دێننە پێشەوە ئەو کەسانەن لە ڕووی فیکر و عەقیدەوە ڕووخاون و دەیانەوێت عەقیدە لار و لوێرەکەی خۆیان بەم جۆرە پەردەپۆش بکەن، تاکوو هەرکەس ڕۆژێک لە ڕۆژان پێی وتن قوربان ئەوانەی تۆ پێیان دەڵێیت شەهید بڕوایان بە بەهەشت و جەهەنەم نییە، بڵێت ئاساییە ئەگەر واش بێت هەر دەشێت بڵێین شەهیدن.

بەم شێوەیەش دەیانەوێت هەمووان لە خۆیان ڕازی بکەن، ئەگەرچی لەسەر حسابی عەقیدەکەش بێت!

بۆیە موسڵمانانی خۆشەویست ئاگاداری خۆتان بن، زەمەن زەمەنی فیتنەیە و سەردەمی هەڵگێڕانەوەی زاراوەکانە، بۆیە پێویستە بۆ لێکدانەوەی مانای هەر زاراوەیەک سەرەتا بزانین لە ڕووی شەرعییەوە مانایی چییە و ئەو ئەحکامانەی لەسەری بینا دەکرێت چین؟ تاکوو بەم شێوەیە لە بیر و باوەڕی دروست دانەماڵدرێین و نەبینە خزمەتکار و شەرعێنەری ئەم فکرە لادەرانەی کە ڕۆژانە سەرهەڵدەدەن.

ئیسماعیل عەبدوڵا

#ئاستانە_Astana

5/20/2022 9:39:33 PM