لێبوردەییی خودا، لەنێوان «ئیسلام» و «زەردەشتییەت»دا

لێبوردەییی خودا، لەنێوان «ئیسلام» و «زەردەشتییەت»دا

لە ڤارگەردی: ۷ بەندی: ۲۳ ـ ۲٤ی ڤێندیدات: "زەردەشت لە ئاهورامەزدا دەپرسێت: ئەی خودای جیهان، ئەی پیرۆز ئەگەر کەسێک گۆشتی سەگی مردوو یان مرۆڤی خواردبێت، ئایا دووبارە پاک دەبێتەوە؟ ئاهورامزدا لە وەڵامدا دەڵێت: نەخێر ئەی زەردەشتی پیرۆز ئەو کەسە دەبێت ماڵەکەی بڕوخێنرێت، دڵی بدڕێنرێت لە لەشی و چاوی دەربهێنرێت، دروچ ناسوو هێرشی دەکاتە سەر و بە توندی دەیگرێت تا کۆتایی نینۆکەکانی و تا هەتایە بە پیسی دەمێنێتەوە."
(تێبینی: درچ ناسوو بریتیە لە لاشە و شەیتانی لاشەکان.)

لە ڤارگەردی: ٥ بەندی: ٦۱ی ڤێندیدات هاتووە: "ئەگەر کەسێک شتێکی هەڵدایە سەر لاشەی مردوویەک، ئەوە ئەو کەسە بە هەموو ژیانی دیندار نابێت و هیچ شوێنێکی نابێت لە بەهەشت پاش مردنی!"

لە ڤارگەردی: ۷ بەندی: ۲٥ ـ ۲٦ی ڤێندیدات: "زەردەشت لە ئاهورامەزدا دەپرسێتەوە: ئەی خودای جیهان! ئەی پیرۆز! ئەگەر کەسێک لاشەی فڕێدایە ناو ئاو یان ئاگر پیسیان بکات، ئایا دووبارە پاک دەبێتەوە؟ ئاهورامزدا لە وەڵامدا دەڵێت: نەخێر ئەی زەردەشتی پیرۆز ئەو کەسە ماڵ وێرانە و لاشە شێوێنە."

لەم بەندانەی سەرەوەدا ئەوەی دەبینین بێئومێدکردنی مرۆڤە لەو هەڵە و تاوانەی ئەنجامی داوە، ئاهورامەزداش هیچ بوارێکی پێ نادات کە بگەڕێتەوە سەر ڕێگەی ڕاست، هەرچەند پەرستش بکات و تەوبە بکات هەرگیز پاک نابێتەوە!

ئەم مامەڵەیەی خودا لەگەڵ تاوانباردا کە لە ئاڤێستادا باس کراوە، زۆر جیاوازە لە مامەڵەی ئەو خودایەی لە ئیسلامدا باس کراوە لەگەڵ تاوانباراندا.

لە گێڕانەوەیەکی حەسەندا کە ئیمامی ترمزی گێڕاویەتییەوە ئەنەسی کوڕی مالیک دەڵێت: «گوێم لە پێغەمبەری خودا (ﷺ) بوو کە دەیفەرموو: خواى گەورە دەفەرمووێت: ئەی نەوەى ئادەم! هەتا تۆ لێم بپاڕێیتەوە و ڕەجا و تکام لێ بکەیت، من لێت خۆش دەبم و سەیری زۆری تاوانەکانت ناکەم. ئەی نەوەى ئادەم! ئەگەر زۆری تاوانەکانت بگاتە لای هەورەکانى ئاسمان و پاشان داواى لێخۆشبوون لە من بکەیت، ئەوا من لێت خۆش دەبم. ئەی نەوەى ئادەم! ئەگەر تاوانەکانت بە هێندەی زەوی بێت و بێیت بۆ لام، پاشان بگەیتە لام و هیچ هاوبەش و شەریکێکت بۆ من بڕیار نەدا بێت، ئەوا من بە هێندەی ئەوە لێخۆشبوونم بۆت ئامادە کردووە.»

#ئاستانە_Astana

5/23/2022 8:16:28 PM