چۆن گفتوگۆ لەگەڵ خاوەن پەڕتووکە ئاسمانییەکان بکەین؟!

چۆن گفتوگۆ لەگەڵ خاوەن پەڕتووکە ئاسمانییەکان بکەین؟!

{بسم الله الرحمن الرحیم}

{وَلَا تُجَادِلُوا أَهْلَ الْكِتَابِ إِلَّا بِالَّتِي هِيَ أَحْسَنُ إِلَّا الَّذِينَ ظَلَمُوا مِنْهُمْ ۖ وَقُولُوا آمَنَّا بِالَّذِي أُنزِلَ إِلَيْنَا وَأُنزِلَ إِلَيْكُمْ وَإِلَٰهُنَا وَإِلَٰهُكُمْ وَاحِدٌ وَنَحْنُ لَهُ مُسْلِمُونَ}، [عنکبوت: 46]
واتە: «گفتوگۆ (مجادلـة) مه‌که‌ن له‌گه‌ڵ خاوه‌نی پەڕتووکە ئاسمانییه‌کاندا، مه‌گه‌ر به‌ جوانترین شێوه نه‌بێت، جگه له‌وانه‌یان که سته‌میان کردووه -ئه‌وه ڕه‌فتارتان له به‌رانبەریانه‌وه ده‌بێت جیاواز بێت- پێشیان بڵێن: ئێمه باوه‌ڕمان هێناوه به‌وه‌ی بۆ ئێمه و ئێوه دابه‌زێنراوه‌، خوای ئێمه و خوای ئێوه ته‌نیا یه‌کێکه‌، ئێمه فه‌رمانبه‌رداری ئه‌و زاته‌ین.»

کاتێک خودا دەربارەی خاوەن پەڕتووکە ئاسمانییەکان گفتوگۆ لەگەڵ ئێمە دەکات، مەبەست لەو کەسانە «جوولەکە» و «مەسیحییەکان»ـن. 

بۆچی پێویستە بە دانایییەوە گفتوگۆ بکەین لەگەڵیان؟

چونکە تۆ وەک کەسێکی موسڵمان بەر لە هەموو شتێک دەزانیت خودا پێغەمبەر و پەیامی بۆ ناردوون. وەکوو موسڵمان باوەڕت بە پێغەمبەری ئەوان و پەیامەکەی ئەوانیش کردووە، وەک خودای گەورە لە قورئاندا لە سوورەتی بەقەرە، ئایەتی ٢٨٥ دا دەفەرمووێت: {آمَنَ الرَّسُولُ بِمَا أُنزِلَ إِلَيْهِ مِن رَّبِّهِ وَالْمُؤْمِنُونَ ۚ كُلٌّ آمَنَ بِاللَّهِ وَمَلَائِكَتِهِ وَكُتُبِهِ وَرُسُلِهِ لَا نُفَرِّقُ بَيْنَ أَحَدٍ مِّن رُّسُلِهِ ۚ وَقَالُوا سَمِعْنَا وَأَطَعْنَا ۖ غُفْرَانَكَ رَبَّنَا وَإِلَيْكَ الْمَصِيرُ}
واتە: «پێغه‌مبه‌ر و ئیمانداران باوه‌ڕیان هه‌یه به‌وه‌ی له لایه‌ن په‌روه‌ردگاریانه‌وه هاتووەته خواره‌وه‌، هه‌موویان باوه‌ڕیان هه‌یه به خوا و فریشته‌کانی و پەڕتووکەکانی و پێغه‌مبه‌ره‌کانی -ده‌ڵێن- هیچ جۆره جیاوازییه‌ک ناکه‌ین لەنێوان هیچ پێغه‌مبه‌رێک له پێغه‌مبه‌ره‌کانی خوادا -له باوه‌ڕدا-، هه‌روه‌ها وتیان: گوێڕایه‌ڵ و ملکه‌چین -بۆ به‌دیهێنه‌رمان- په‌روه‌ردگارا لێخۆشبوونی تۆمان ده‌وێت و سه‌ره‌نجام هه‌ر بۆ لای تۆیه گه‌ڕانه‌وه‌.»
لەبەر ئەم ڕێزە خودا داوامان لێ دەکات کەوا دانا بین لە گفتوگۆکردن لەگەڵیان، تا لەم ڕێگەیەوە بەڵکوو باوەڕ بەم پەیامە بکەن کەوا تۆ بانگەوازی  بۆ دەکەیت. وەک خودا دەربارەی فیرعەون بە پێغەمبەر مووسا (عليه السلام) لە سوورەتی (طه)، ئايەتی: ٤٤ دەفەرمووێت: {فَقُولَا لَهُ قَوْلًا لَّيِّنًا لَّعَلَّهُ يَتَذَكَّرُ أَوْ يَخْشَىٰ} واتە: «هه‌ردووکتان به‌ نه‌رمی و جوانی گفتوگۆی له‌گه‌ڵدا بکه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی یاداوه‌ری وه‌ربگرێت، یان ترسی -سزای ئێمه‌- له ده‌روونیدا جێ بگرێت.»

زۆرێک لەوانەی گفتوگۆ لەگەڵ بێباوەڕ، یان کەسێکی مەسیحی دەکەن، وەک بڵێی خۆی بۆ زۆرانبازی ئامادە دەکات، هەموو هەوڵێکی بۆ بەزاندنی کەسی بەرانبەر دەخاتە گەڕ. بەڵکوو دەبێت مەبەستی سەرەکیمان لەم کردارە ڕەزامەندی خودا بێت، نەوەک خۆ دەرخستەمان لە ڕووی ئەو زانیاریەی هەڵمان گرتووە.

خودای گەورە لە هەمان ئایەتی سوورەتی عەنكەبووت دەفەرمووێت: {إِلَّا الَّذِينَ ظَلَمُوا مِنْهُمْ} واتە: «مه‌گه‌ر سته‌مكارانیان -كه به‌هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك قایل نابن و هه‌ر ئاشووب و پیلان ده‌گێڕن-» ئەوانە کێن؟ ئەوانەی ستەمیان کردووە، ستەمیان لە کێ کردووە؟ لە خودی خۆیان، ئەوانەی بۆ خودای خۆیان هاوەڵیان هەڵبژارد و وتیان خودا کوڕی هەیە.

{لَّقَدْ كَفَرَ الَّذِينَ قَالُوا إِنَّ اللَّهَ ثَالِثُ ثَلَاثَةٍ ۘ}، [المائدة: 73]
واتە: «سوێند بێت به‌ خوا بێگومان ئه‌وانه‌ش بێباوه‌ڕ بوون که وتیان: خوا یه‌کێکه له سێ دانه خوا.»
{لَّقَدْ كَفَرَ الَّذِينَ قَالُوا إِنَّ اللَّهَ هُوَ الْمَسِيحُ ابْنُ مَرْيَمَ}، [المائدة: 17] واتە: «سوێند بێت بێگومان ئه‌وانه بێباوه‌ڕ بوون که وتیان: به‌ڕاستی خوا، هه‌ر مه‌سیحی کوڕی مه‌ریه‌مه‌.» {وَقَالَتِ الْيَهُودُ عُزَيْرٌ ابْنُ اللَّهِ وَقَالَتِ النَّصَارَى الْمَسِيحُ ابْنُ اللَّهِ}، [التوبة: 30] واتە: «جووله‌که وتیان: عوزه‌یر کوڕی خوایه‌، گاوره‌کانیش وتیان: مه‌سیح کوڕی خوایه‌.»

 بابەتی بانگەوازکردن لەم کاتەی ئێستادا، قورسایەکی زۆر لەسەر کەسی بانگخواز، یان کەسێکی خاوەن پەیام هەڵگیراوە.

کەسی بانگخواز چی لەسەر پێویستە؟

١. شارەزایی هەبێت لەسەر ئایینەکەی خۆی، تاوەکوو نەکەوێتە ژێر پرسیارە گوماناوییەکان. 

٢. خوڕەوشتی بەرز: مرۆڤ بەر لە قسەکردن دەناسێنێت، ئەمەش سیفەتی پێغەمبەرە (عليه الصلاة والسلام) کەوا خودا لەبارەیەوە دەفەرمووێت: {وَإِنَّكَ لَعَلَىٰ خُلُقٍ عَظِيمٍ}، [القلم: ٤٤] واتە: «به‌ڕاستی تۆ له‌سه‌ر ڕه‌وشت و خوویه‌کی زۆر جوان و په‌سه‌ند و بێوێنه و مه‌زنیت.»

٣. پێویستە کەسی بانگخواز سوود لە تەکنەلۆژیای سەردەم وەربگرێت، بەتایبەت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی کەوا کۆمەڵگەی پێوە پەیوەست بووە، چونکە باشترین ڕێگای گەیشتنی پەیامە بە زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی زەوی. 

٤.پێویستە بانگخواز شارەزایی هەبێت لە زمانزانی،
لایەنی کەم جگە لە زمانی دایک، بە زمانێکی تر توانای گفتوگۆکردنی هەبێت.  
کورتەی وتارەکەمان ئەوەیە: بەبێ زانست و زانیاری گونجاو نییە گفتوگۆکردن لەگەڵ کەسانی خاوەن پەڕتووکە ئاسمانییەکان، بەتایبەت ئەوانەی شارەزای ئایینەکەیانن،  چونکە بەدرێژایی مێژوو هەوڵی گۆڕینی دەقەکانی نێو پەڕتووکەکەیان دەدەن لە بەرژەوەندی خۆیان بە هەر شێوەیەک ئارەزووی دەکەن. هەر بۆیە بەبێ بوونی زانیاری لەسەر دەق بە دەقی ئایینەکەیان، گفتوگۆکردن لەگەڵیان باش نییە.

نووسینی: توانا کەمال

#ئاستانە_Astana

 

5/30/2022 10:58:35 PM