‎بۆ ئەوەی خزمەتی ئیسلام بکەیت پێویست ناکات ناسراو بیت!

‎بۆ ئەوەی خزمەتی ئیسلام بکەیت پێویست ناکات ناسراو بیت!

‎بۆئەوەی خزمەتی ئیسلام بکەیت، مەرج نییە پێشەوا بیت، بەڵکوو بەسە بۆ شانازیی پاسەوان و ئێشکگیر بیت، یاخود باسنەکراو و سەربازی ون بیت، یان هەر کارێکی دیکە ئەنجام بدەیت. 

‎خزمەتکردنی ئیسلام مەزنترین مەدالیای ئاڵتوونی و نیشانەی ڕێزە لەسەر سنگی باوەڕدار کە پاداشتەکەی بەهەشتی ڕازاوەیە: (طُوبَى لِعَبْدٍ آخِذٍ بِعِنَانِ فَرَسِهِ فِي سَبِيلِ اللَّهِ، أَشْعَثَ رَأْسُهُ، مُغْبَرَّةٍ قَدَمَاهُ، إِنْ كَانَ فِي الْحِرَاسَةِ كَانَ فِي الْحِرَاسَةِ، وَإِنْ كَانَ فِي السَّاقَةِ كَانَ فِي السَّاقَةِ) [البخاري: ٢٨٨٦] واتا: {بەهەشت بۆ باوەڕدارێک کە ڕێشمەی وڵاغەکەی گرتووە و لەپێناو خودا جیهاد دەکات، پرچی ئاڵسکاوە لە سەرەنجامی جیهاد و تێکۆشان، قاچەکانی خۆڵاوی بوون، ئەگەر پێی بگووترێت لە پێشەوەی سوپا پاسەوانی بگرە، ئەوە لە پێشەوەی سوپا پاسەوانی دەگرێت، ئەگەر پێی بگووترێت بچۆ کۆتاییی سوپاکەوە، دەچێتە کۆتاییی سوپاکەوە، چونکە ئەو تەنیا ڕەزامەندی خودای دەوێت، نەک شوهرەت و ناوبانگ.}

‎ بەڵێ، مەرجی خزمەتی تۆ بە ئایینی ئیسلام ناو و پێگە و ناوبانگت نییە، بڕوانە: {وَرُسُلًا لَم نَقصُصهُم}[النساء: ١٦٤] زۆرێک لە پێغەمبەران دەنگوباسیان نەماوە و ناویشیان نازانرێت، لەگەڵ ئەوەشدا پەیامهێنی خودابوون! لە تەواوکاری فەرموودەکەدا هاتووە: (إِنِ اسْتَأْذَنَ لَمْ يُؤْذَنْ لَهُ، وَإِنْ شَفَعَ لَمْ يُشَفَّعْ) خۆئەگەر داوای مۆڵەت بکات مۆڵەتی پێ نادرێت، ئەگەر داوا و تکایەکی هەبێت لێی وەرناگیرێت، لەبەرئەوەی نەناسراوە لەسەر زەوی، بەڵام لە پێوەری خودا (طُوبَى لَه) بەهەشت بۆ ئەوە. کەواتە پێوەری دروست ئەوەیە: تۆ لەلای خودا ناسراو بیت، ئەمە گەورەترین دەستکەوتە بتوانیت بەدەستی بهێنیت.

‎#ئاستانە_Astana

6/20/2022 11:49:44 PM