چی ڕوودەدات کاتێک قورئان دەخوێنمەوە؟

چی ڕوودەدات کاتێک قورئان دەخوێنمەوە؟

کاتێک قورئان دەخوێنمەوە، هەستێکی نامۆ باڵ دەکێشێت بەسەرما! وەک ئەوەی کۆمەڵێک گەوهەر بە بەرچاومەوە لە دەستم دەربچن، تەواو دڵنیام لەوەی کە ئەو ئایەتانەی کە بەسەریاندا تێ دەپەڕم، وەڵامی گشت ئەو پرسیارانە لەخۆی بگرێت کە بەدوویدا وێڵم. 

هیچ گومانم نییە لەوەی چیڕۆکەکەم لێرەوە دەست پێ دەکات و هەر لێرەش کۆتایی دێت، بەڵام ناتوانم بگەم پێی، یان تەنیا دەگەم بە سەرەداوێکی سادە و ساکاری نێو چیڕۆکەکە کە زیاتر تینووم دەکات.

چەند جاران بووە لەو دۆخەدا تەمەنای ئەوەم کردووە خێرا بمرم! چونکە تەواو دڵنیا بووم لەوەی کە مردن گشت پەردەکان لادەدات و لەگەڵ خۆیدا یەقین دەهێنێت و هەموو چیڕۆکەکە لە سەرەتاوە تا کۆتایی بە گوێمدا دەچرپێنێت.

 ئیدی ئەو دەمە دەزانم کێم، لەکوێوە هاتووم و ئەو شتە عەجیبە چییە کە لەناو ناخمدا بەوپەڕی تامەزرۆیییەوە لە جووڵەدایە، حەقیقەتی هەموو شتەکانم بۆ دەردەکەوێت. 

وەلێ ئەوەی کە بەڕاستی لێی دەترسم ئەو کاتە، ئەوەیە کە بۆم دەربکەوێت قورئان هەرگیز لێم دوور نەبوو، بەڵکوو ئەوەی کە زۆر دوور بوو، خۆم بووم!

عەبدوڵڵا عوسمان

#ئاستانە_Astana

 

7/2/2022 9:57:34 AM