ئایە مەسیح خودایە یان خزمەتکاری خودا؟!

ئایە مەسیح خودایە یان خزمەتکاری خودا؟!

«پەترۆس و  یۆحەننا» دوو کەسایەتی گەورەی ناو ئایینی مەسیحییەتن، لە یەکێک لە ڕووداوەکانی ناو پەڕتووکی کردار (أعمال الرسل)، ڕووداوێکمان بۆ دەگێڕنەوە، کەوا لە پەرستگەیەک سواڵکەرێک هەبووە زگماکی ئیفلیج بووە، ئەوانیش بەناوی عیسای مەسیح چاکیان کردۆتەوە. تا ئێرە شتێکی ئاساییە، بەڵام ئەوەی سەیرە ئەوەیە هەردوو قوتابی مەسیح کەوا نزیکترینی کەسایەتییەکان بوون لە مەسیح، دان بەوە دانانێن کە مەسیح خودایە. چۆن؟!

ئەوان کاتێک لەگەڵ خەڵکی ناو پەرستگەکە دەکەونە گفتوگۆ؛ خەڵکەکە هەموو نەوەی ئیسرائیلن، واتە جوولەکەکان، ئەگەر سەیری ئەم دەقەی خوارەوە بکەین ئەو ڕاستییە دەزانین. ئەوان کەسایەتی مەسیح وەک خزمەتکاری خودا دەناسێنن نەوەک وەک خودا. 

 کردار بەشی ٣، دەقی ١٣ - ١٥
¹³ "خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب،
خودای باوکانمان، عیسای خزمەتکاری خۆی شکۆدار کرد، ئەوەی بە گرتنتان دا و لەبەردەم پیلاتۆس نکۆڵیتان لێکرد کە بڕیاری دابوو بەریبدات." 
¹⁴ "ئێوە نکۆڵیتان لە پیرۆز و ڕاستودروستەکە کرد و داوای ئازادکردنی بکوژێکتان کرد." 
١٥ "سەرۆکی ژیانتان کوشت، بەڵام خودا لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە و ئێمە شایەتین بۆ ئەمە."

پرسیارێک کەوا لێرەدا دروست دەبێت ئەوەیە؛ کاتێک لە «پاپا شنۆدە» دەپرسن ئایە مەسیح بۆچی نەیوت کە من خودام و بمپەرستن. «پاپا شنۆدە» لە وەڵامی ئەم پرسیارە دەڵێت: "ئەگەر مەسیح بیوتایە من خودام، ئەوا بەرد بارانیان دەکرد." 

هەروەها ئەگەر ئەم «پەترۆس»ـەی لەم بەشەدا باسی دەکات، هەمان ئەم پەترۆسە بێت کەوا لەگەڵ مەسیح دا ژیاوە. ئەوا ئەم بەسەرهاتە سەرتاپای درۆیە. چونکە پەترۆسی قوتابی مەسیح کەسێکی ترسنۆک بووە و لە کاتی ئەشکەنجەدانی خوداکەی سێ جار حاشا لە ناسینی خوای خۆی دەکات.

لە مەتتا؛ بەشی ٢٦، دەقی ٦٩ - ٧٥ 
پەترۆس نکۆڵی لە عیسا دەکات:
⁶⁹ "لەو کاتەدا پەترۆس لە دەرەوە، لە حەوشەکە دانیشتبوو، کارەکەرێک هاتە لای و وتی:
«تۆش لەگەڵ عیسای جەلیلی بوویت.»"
⁷⁰ "ئەویش لەبەردەم هەموویان نکۆڵیی کرد: «نازانم چی دەڵێیت.»"
⁷¹ "ئینجا پەترۆس چووە دەرەوە بۆ ناو داڵانەکە،
کارەکەرێکی دیکەش بینی و بەوانەی ئەوێی وت: «ئەمە لەگەڵ عیسای ناسیرەیی بوو.»"
⁷² "دیسان بە سوێندخواردنەوە نکۆڵی لێکرد: «ئەو پیاوە ناناسم!»"
⁷³ "دوای کەمێک، ئەوانەی لەوێ ڕاوەستابوون هاتن و بە پەترۆسیان وت: «بەڕاستی تۆش لەوانیت، شێوەزارەکەت ئاشکرات دەکات.»"
⁷⁴ "جا دەستی کرد بە نەفرەتکردن و سوێندخواردن و وتی: «ئەو پیاوە ناناسم!» دەستبەجێ کەڵەشێر خوێندی."
⁷⁵ "ئەوسا پەترۆس قسەکانی عیسای بیرکەوتەوە کە فەرمووی: «پێش ئەوەی کەڵەشێر بخوێنێت،
سێ جار نکۆڵیم لێ دەکەیت.» ئیتر چووە دەرەوە و بە کوڵ گریا."

کەواتە کەسێک ئەوەندە لاواز و کەم توانا بێت لە ئاست خوداکەی، چۆن دەتوانێت لە بەرانبەر بکوژەکانی بانگەوازی بۆ بکات دووبارە؟! 

ئەگەر ئەم بەسەرهاتەش ڕاستی بێت. ئەوا دووبارە ترسنۆکی قوتابیانی مەسیح دەردەخات. چونکە وەک ئەوەی مەسیح خۆی لە ترسی ئەوەی بەرد باران نەکرێت بە ئاشکرا باسی خوایەتی خۆی نەکردووە. هەر بەم شێوەیە «پەترۆس» نەیوێرا بڵێت عیسای خودا، بەڵکوو بە خزمەتکار ناوی هێنا. 

نووسینی: توانا کەمال

#ئاستانە_Astana

 

8/8/2022 9:01:13 AM