پایەی ئافرەت لەلای جوولەکە و مەسیحییەکان

پایەی ئافرەت لەلای جوولەکە و مەسیحییەکان 

- بەردبارانکردنی ئافرەت لەلای جوولەکە (ڕەجم)

هەروەک دەزانین کاری داوێنپیسی کارێکی تا بڵێیت ناشیرین و قێزەونە، بەڵام ئافرەت ئەگەر هات و تۆمەتی بۆ هەڵبەسترا و بێتاوان دەرچوو، بۆچی دەبێت تەواوی تەمەنی خۆی لەگەڵ کەسێک بباتەسەر کەوا تۆمەتی بۆ هەڵبەستووە و ناوی پیس کردووە؟! وەک لەم چەند دەقەی نێو پەڕتووکی: دواوتار، بەشی: ٢٢، دەقی: ١٣-٢١:

¹³ "ئەگەر پیاوێک ژنێکی هێنا و کاتێک چوو بۆ لای ڕقی لێی بووەوە"، ¹⁴ "قسەی بۆ هەڵبەست و ناوێکی خراپی بەدواوە نا و گوتی: «ئەم ژنەم هێنا و کە چوومە لای پەردەی کچێنی نەبوو.»"، ¹⁵ "دایک و باوکی کچەکە بەڵگەی کچێنییەکەی دەبەن و لەلای دەروازەی شارۆچکەکە بۆ پیرانی شارۆچکەکە دەسەلمێنن"، ¹⁶ "باوکی کچەکە بە پیران دەڵێت: «کچەکەی خۆمم بەم پیاوە دا ببێتە ژنی و ڕقی لێی بووەوە.»"، ¹⁷ "هەروەها قسەشی بۆ هەڵبەستووە و دەڵێت: «کچەکەت پەردەی کچێنی نەبوو، ئەمەش بەڵگەی کچێنی کچەکەمە»، جلەکەش لەبەردەم پیرانی شارۆچکەکە دەخەنە ڕوو."، ¹⁸ "ئیتر پیرانی ئەو شارە پیاوەکە دەبەن و تەمبێی دەکەن"، ¹⁹ "سزای دەدەن بە سەد شاقلی زیو بۆ باوکی کچەکە، چونکە ناوێکی خراپی خستە دوای پاکیزەیەک لە ئیسرائیل، جا دەبێتە ژنی و بەدرێژایی ژیانی ناتوانێت تەڵاقی بدات."، ²⁰ "بەڵام ئەگەر تۆمەتبارکردنەکە ڕاست بوو و کچەکە بەڵگەی پاکیزەیی نەبوو"، ²¹ "ئەوا کچەکە دەبەنە بەردەرگای ماڵی باوکی و پیاوانی شارەکەی بەردبارانی دەکەن هەتا دەمرێت، چونکە کارێکی ناشیرینی لە ئیسرائیلدا کردووە بە بەدڕەوشتییەکەی کە لە ماڵی باوکی کردوویەتی، جا خراپەکە لەنێو خۆتان دادەماڵن."

بەڵام لێرەدا دەبینین بەردبارانکردنەکە زیاتر لەبەر ئەوەی شکۆی نەتەوەی ئیسرائیلی لەکەدار کردووە، نەوەک تاوانێکی قێزەونی کردبێت. 

- پیشاندانی ئافرەت وەک نموونەی خراپەکاری 

لە زۆر جێگەی نێو پەڕتووکی پیرۆز، باسی خراپەی مرۆڤ کراوە، یان پێغەمبەرانی نێو تەورات چ جیهانێکیان پیشان دراوە وەک پەرجوو (موعجیزە)، بەڵام پیشاندانی ئافرەت و ناساندنی وەک هۆکاری خراپە، ئەمە سووکایەتییە. پەڕتووکی: زەکەریا، بەشی: ٥، دەقی: ٥ - ٨ هاتووە: ⁵ "پاشان ئەو فریشتەیەی قسەی لەگەڵ دەکردم، هاتە پێشەوە و پێی فەرمووم: «چاوت هەڵبڕە و ببینە ئەوە چییە دەردەکەوێت.»"، ⁶ "لێم پرسی: «ئەوە چییە؟» وەڵامی دامەوە: «ئەوە ئەو سەبەتەیەیە کە دەردەکەوێت.» هەروەها گوتی: «ئەمەش تاوانەکەیانە کە لە هەموو زەوییە.»"، ⁷ "ئیتر قەپاغە قورقوشمەکە هەڵگیرا، ئافرەتێکم بینیی لەناو سەبەتەکە دانیشتبوو"، ⁸ "گوتی: «ئەمە خراپەکارییە»، ئینجا بۆ ناوەڕاستی سەبەتەکە پاڵی پێوەنا و قەپاغە قورقوشمەکەی خستە سەر دەمی."

 - ئاماژەکردن بۆ ئافرەت وەک ئاژەڵ

پەڕتووکی: ئامۆس (عاموس)، بەشی: ٤، دەقی: ١ هاتووە: ¹ "ئەی مانگاکانی باشان، ئەوانەی لە کێوی سامیرەن، ئەی خاتوونەکان، ئەی ئەو ئافرەتانەی ستەم لە هەژاران دەکەن، نەداران وردوخاش دەکەن و بە مێردەکانیان دەڵێن: «خواردنەوەمان بۆ بهێنن!»" 

ئایە لێرەدا ئەقڵ وەک زێڕ نیشان کراوە یان ئافرەت!؟ پەڕتووکی: پەندەکانی سلێمان، بەشی: ١١، دەقی: ٢٢ هاتووە: ²² "وەک خەزێمی زێڕە بە لووتی بەرازەوە، ئافرەتی جوانی بێ ئەقڵ."

بەشی چوارەم: بێدەنگکردنی ئافرەت، لەکاتی خواپەرستی 

پەڕتووکی یەکەم تیمۆساوس: بەشی: ٢، دەقی: 

¹¹ "ئافرەت با لە هێمنی و ئەوپەڕی ملکەچی فێر بێت." ¹² "ڕێگا نادەم ئافرەت فێرکردن بدات و دەسەڵاتی بەسەر پیاودا هەبێت، بەڵکوو دەبێت لە هێمنیدا بێت." ¹³ "چونکە یەکەمجار ئادەم شێوەی کێشرا، ئینجا حەوا." ¹⁴ "هەروەها ئادەم هەڵنەخەڵەتا، بەڵکوو ئافرەت هەڵخەڵەتا و کەوتە گوناهەوە." ¹⁵ "بەڵام بە منداڵبوون ڕزگاری دەبێت، ئەگەر لە باوەڕ و خۆشەویستی و پیرۆزی و شیاویدا بمێننەوە."

پەڕتووکی یەکەم کۆرنسۆس، بەشی: ١٤، دەقی:  

³⁴ "با ئافرەت لە کڵێساکاندا بێدەنگ بن، چونکە ڕێیان پێنەدراوە بدوێن، بەڵکوو وەک تەوراتیش دەفەرمووێت با ملکەچ بن." ³⁵ "بەڵام ئەگەر ویستیان شتێک فێربن، لە ماڵەوە لە مێردەکانیان بپرسن، چونکە شورەیییە بۆ ئافرەت لە کڵێسا بدوێت."

چ قسەکردنێک؟ چ شورەیییەک؟ ئایە ناکرێت پرسیار بکات لەوەی کە مەبەستیەتی، ئەگەر شورەیییە بۆ ئافرەت لە کڵێسادا قسە بکات، ئەی بۆچی دەتوانێت لەژوورە بچووک و تاریکەکانی کڵێسا بە ناوی: دانپێدانانی گوناهـ بەتەنیا لەگەڵ قەشە گفتوگۆ بکات؟ ئایە ئەم جیاکردنەوەیە نوێکاری نییە لە ئایینی مەسیحییەت؟ بۆچی شوورەیییە بۆ ئافرەت لە پەرستگاکان قسە بکات؟ لەکاتێکدا ئیمامی عومەر ڕەزای خودای لێ بێت کاتێک دەربارەی مارەییی ئافرەت ویستی یاسا و ڕێسایەک دابنێت، لەنێو ئامادەبووان ئافرەتێک هەڵسایەوە، وەڵامی ئیمامی عومەر دەداتەوە بەم ئایەتە: ﴿وَإِنْ أَرَدتُّمُ ٱسْتِبْدَالَ زَوْجٍۢ مَّكَانَ زَوْجٍۢ وَءَاتَيْتُمْ إِحْدَىٰهُنَّ قِنطَارًا فَلَا تَأْخُذُواْ مِنْهُ شَيْـًٔا ۚ أَتَأْخُذُونَهُۥ بُهْتَٰنًا وَإِثْمًا مُّبِينًا﴾ [النساء: ٢٠]. وشەی (قِنطَارًا) بە مانای پارەیەکی زۆر دێت، ئەمە ڕێز و شکۆیە بۆ ئافرەت کەوا فەرمانی سەرکردەی موسڵمانان بگۆڕێت. 

بەشی پێنجەم: ملکەچکردنی پیاو وەک ملکەچکردن بۆ خودا 

هەروەک دەزانین ئەوەی باوەڕی بە خودا و بەرنامەی خودا هەبێت، دەبێت ملکەچ بکات بۆ ئەو دەستوور و یاسایەی خودا دایناوە، چونکە ئەمە بەشێکە لە باوەڕ، وەک خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿وَالَّذِينَ يُؤْمِنُونَ بِمَا أُنزِلَ إِلَيْكَ وَمَا أُنزِلَ مِن قَبْلِكَ وَبِالْآخِرَةِ هُمْ يُوقِنُونَ (4) أُولَٰئِكَ عَلَىٰ هُدًى مِّن رَّبِّهِمْ ۖ وَأُولَٰئِكَ هُمُ الْمُفْلِحُونَ (5)﴾[البقرة: ٤ - ٥]. لێرەدا خودا باوەڕهێنانی بە پەیامی پێغەمبەرانی پێش پێغەمبەر موحەممەد (عليه الصلاة والسلام) بە بەشێک لە ئیمان داناوە.

بەڵام ئایە پیاوێکی ئاسایی قسەی وەک قسەی خودایە؟ ئایە پیاو هەڵە ناکات؟ ئایە پیاو لە هەموو شتێک دەزانێت؟ بێگومان نەخێر، هەربۆیە نەوەک پیاو، تەنانەت دایک و باوک ئەگەر لەسەر هەڵە بوون گوێڕایەڵیان ناکرێت، وەک خودای گەورە دەفەرمووێت: ﴿وَوَصَّيْنَا الْإِنسَانَ بِوَالِدَيْهِ حَمَلَتْهُ أُمُّهُ وَهْنًا عَلَىٰ وَهْنٍ وَفِصَالُهُ فِي عَامَيْنِ أَنِ اشْكُرْ لِي وَلِوَالِدَيْكَ إِلَيَّ الْمَصِيرُ (14) وَإِن جَاهَدَاكَ عَلَىٰ أَن تُشْرِكَ بِي مَا لَيْسَ لَكَ بِهِ عِلْمٌ فَلَا تُطِعْهُمَا ۖ وَصَاحِبْهُمَا فِي الدُّنْيَا مَعْرُوفًا ۖ وَاتَّبِعْ سَبِيلَ مَنْ أَنَابَ إِلَيَّ ۚ ثُمَّ إِلَيَّ مَرْجِعُكُمْ فَأُنَبِّئُكُم بِمَا كُنتُمْ تَعْمَلُونَ (15)﴾ [لقمان: ١٤-١٥] کەواتە نەوەک دایک و باوک، تەنانەت هاوسەری ئافرەت تا ئەو ئاستەی قسە و کردارەکانی یەک دەگرێتەوە، لەگەڵ دەستوور و یاسای خودا، گوێڕایەڵی دەکرێت، بۆ پیاویش بە هەمان شێوە بەرانبەر بە هاوسەرەکەی.

بەڵام لەم دەقەی پەڕتووکی ئەفەسۆس: بەشی: ٥، دەقی: ٢٢-٢٤، لە دەقی عەرەبی بە جوانتر هاتووە کە دەڵێت: (أَيُّهَا النِّسَاءُ اخْضَعْنَ لِرِجَالِكُنَّ كَمَا لِلرَّبِّ) وشەی (رب) لێرە بە مانای خودا هاتووە، کەچی دەقە کوردییەکە نووسراوە: "ئەی ئافرەتان، ملکەچی مێردەکانتان بن هەروەک چۆن ملکەچی مەسیحن." ئەمە خۆی دەستکاریکردنی دەقە، بەڵام ئەوە ناگەیەنێت ئەم وتەیە شایەنی جێبەجێکردن بێت، چونکە وتەیەک نییە لە وتەکانی مەسیح. تەنیا کەسێکە لە پلەیەکی نێو کەنیسەکان بۆ خۆی قسەی داڕشتووە.

 ²² "ئەی ئافرەتان! ملکەچی مێردەکانتان بن هەروەک چۆن ملکەچی مەسیحن." ²³ "وەک چۆن مەسیح سەری کڵێسایە کە جەستەی خۆیەتی و خۆی ڕزگارکەریەتی، ئاوا پیاو سەری ئافرەتە." ²⁴ "وەک چۆن کڵێسا ملکەچی مەسیحە، ئافرەتانیش دەبێت لە هەموو شتێک ملکەچی مێردەکانیان بن."


 بەشی شەشەم: ئافرەت گڵاوە ئەگەر بکەوێتە سووڕی مانگانە

لە قورئانی پیرۆز هاتووە کە خودا بە پێغەمبەر موحەممەد (عليه الصلاة والسلام) دەفەرمووێت: ﴿وَيَسْأَلُونَكَ عَنِ الْمَحِيضِ ۖ قُلْ هُوَ أَذًى فَاعْتَزِلُوا النِّسَاءَ فِي الْمَحِيضِ ۖ وَلَا تَقْرَبُوهُنَّ حَتَّىٰ يَطْهُرْنَ ۖ فَإِذَا تَطَهَّرْنَ فَأْتُوهُنَّ مِنْ حَيْثُ أَمَرَكُمُ اللَّهُ ۚ إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ التَّوَّابِينَ وَيُحِبُّ الْمُتَطَهِّرِينَ﴾ [البقرە: ٢٢٢]، لێرەدا چەندە جوان باسی کردارەکە دەکات، نەوەک بە سووکسەیرکردنی پێگەی ئافرەتەکە. هەروەها دەربارەی ڕاڤەی ئەم ئایەتە پرسیار لە پێغەمبەر موحەممەد (عليه الصلاة والسلام) کرا، ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی داوەتەوە: (فقال رسول الله صلى الله عليه وسلم: "اصنعوا كل شيء إلا النكاح") [صحيح المسلم باب ١٦ رقم ٣٠٢]، ئەمە و چەندین فەرموودەی تر دەربارەی سووڕی مانگانەی ئافرەت، کەچی لە پەڕتووکی پیرۆز،  بەم شێوەیە باسی سووڕی مانگانەی ئافرەت دەکات: پەڕتووکی لێڤییەکان، بەشی: ١٥، دەقی:

 ¹⁹ "ئەگەر ئافرەتێک خوێنلێچوونی هەبوو، ئەوا حەوت ڕۆژ لە خوێنلێچوونی مانگانەی دەمێنێتەوە و هەر کەسێک دەستی لێ بدات، هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت."  ²⁰ "هەموو ئەو شتەی لەسەری ڕادەکشێت، یان دادەنیشێت لەکاتی خوێنلێچوونی مانگانەی، گڵاو دەبێت."

لە هەمان کات وەک پاکانەیەک بۆ ئەم وتە نەشیاوانە: بەم چەشنە وەڵامیان بۆ نووسیوە: "لە پەیمانی کۆن خوێن بە پیرۆز هەژمار کراوە، بەڵام کاتێک ئافرەت دەکەوتە سووڕی مانگانە و خوێنی لێ دەرچوو."، "لە پەیمانی کۆن خوێن بە پیرۆز هەژمارد کراوە، بەڵام کاتێک ئافرەت دەکەوتە سووڕی مانگانە و خوێنی لێ دەرچوو، ئەو ماوەیە ئافرەتەکە بە گڵاو هەژمار دەکرا. خۆشبەختانە لە پەیمانی نوێ بەهۆی عیسای مەسیحەوە بە پاک دادەنرێت." 

وەک ئاماژەیەک بۆ دەقێکی نێو ئینجیل: مەرقۆس: بەشی: ٧، دەقی: ¹⁸ "پێی فەرموون: ئایا ئێوەش تێنەگەیشتوون؟ ئایا تێناگەن کە هەرچی لە دەرەوەی مرۆڤەوە دێتە ناوییەوە ناتوانێت گڵاوی بکات؟" ¹⁹ "چونکە ناچێتە دڵییەوە، بەڵکوو سکی، پاشان دەچێتە دەرەوەی جەستەی. بەمەش ڕایگەیاند کە هەموو خواردنێک پاکە." ²⁰ "ئینجا فەرمووی: ئەوەی لە مرۆڤ دەردەچێت، ئەوەیە مرۆڤ گڵاو دەکات." ²¹ "چونکە لە ناوەوە، لە دڵی مرۆڤەوە، بیری خراپ دەردەچێت: بەدڕەوشتی، دزی و کوشتن." ²² "داوێنپیسی، چاوچنۆکی، خراپەکاری، هەڵخەڵەتاندن، بەڕەڵایی، چاوپیسی، کفر، لووتبەرزی وگێلی." ²³ "هەموو ئەم خراپانە لەناخی مرۆڤەوە دەردەچن و گڵاوی دەکەن."

 بەڵام ئەم دەقەش هەر بە گڵاو سەیری ئافرەت دەکات، چونکە سووڕی مانگانە دەرچوونی خوێنە لە لاشە، ئەگەر ئەم وەڵامەی سەرەوەش ڕاست بێت، ئەوە بەدرۆ خستنەوەی بابەتی خوایەتی مەسیحە، چونکە مەسیحییەکان دەڵێن باوک و کوڕ یەکن، ئەگەر وابێت، ئەوەی لەسەرەتا ئافرەتی بە گڵاو ناساندووە، هەر مەسیح بووە نەوەک کەسێکی تر، وەگەر نا کەواتە خودای یەکەم کێیە؟

بەشی حەوتەم: ئافەرت هۆکاری یەکەم تاوانە 

هەموومان دەزانین کەوا خودا ئادەم و حەوای لە بەهەشت دەرکرد، لەسەر ئەوەی لە درەختە قەدەغەکراوەکانیان خوارد، بەڵام ئەم بەسەرهاتە چۆن بەسەر ئافرەت شکاوەتەوە؟ ئەگەر سەیری قورئانی پیرۆز بکەین: ﴿وَقُلْنَا يَا آدَمُ اسْكُنْ أَنْتَ وَزَوْجُكَ الْجَنَّةَ وَكُلَا مِنْهَا رَغَدًا حَيْثُ شِئْتُمَا وَلَا تَقْرَبَا هَٰذِهِ الشَّجَرَةَ فَتَكُونَا مِنَ الظَّالِمِينَ (٣٥) فَأَزَلَّهُمَا الشَّيْطَانُ عَنْهَا فَأَخْرَجَهُمَا مِمَّا كَانَا فِيهِ ۖ وَقُلْنَا اهْبِطُوا بَعْضُكُمْ لِبَعْضٍ عَدُوٌّ ۖ وَلَكُمْ فِي الْأَرْضِ مُسْتَقَرٌّ وَمَتَاعٌ إِلَىٰ حِينٍ (٣٦) فَتَلَقَّىٰ آدَمُ مِنْ رَبِّهِ كَلِمَاتٍ فَتَابَ عَلَيْهِ ۚ إِنَّهُ هُوَ التَّوَّابُ الرَّحِيمُ (٣٧)﴾ [البقرە ٣٥-٣٧]، لێرەدا خودا باسی ئەوە دەکات کەوا پیاو و ئافرەتەکە هەردووکیان کارەکەیان ئەنجام داوە، دواتر ئەگەر سەیر بکەین ئادەم (عليه السلام) داوای لێخۆشبوون لە خودا دەکات بۆ هەردووکیان.

کەچی ئەگەر سەرنج بدەینە کتێبی پیرۆز، دەبینین هەموو تاوانەکە دراوەتە پاڵ ئافرەت، تا ئەو ئاستەی ئادەم وەک تاوانبارێک باسی حەوا دەکات و خوداش بە ئازاری منداڵبوون سزای دەدات: پەیدابوون: بەشی: ٣، دەقی:

¹¹ "ئەویش فەرمووی: کێ بە تۆی گوت کە ڕووتیت؟ لەو درەختەت نەخواردبێت کە فەرمانم پێ کردبوویت لێی نەخۆیت؟" ¹² "پیاوەکەش گوتی: ئەو ئافرەتەی پێت دام لەگەڵم بێت، ئەو لە بەری ئەو درەختەی پێدام، منیش خواردم." ¹³ "ئینجا یەزدانی پەروەردگار بە ئافرەتەکەی فەرموو: ئەمە چییە تۆ کردووتە؟ ئافرەتەکەش گوتی: مارەکە فریوی دام و منیش خواردم." ¹⁴ "یەزدانی پەروەردگار بە مارەکەی فەرموو: لەبەر ئەوەی ئەمەت کرد، تۆ لە هەموو ئاژەڵێکی ماڵی و کێوی نەفرەتلێکراوتر دەبیت. هەموو تەمەنیشت لەسەر سکت دەخشێیت و خۆڵ دەخۆیت." ¹⁵ "دوژمنایەتیش دەخەمە نێوان تۆ و ئافرەتەکە، نێوان نەوەی تۆ و نەوەی ئەوەوە. نەوەی ئەو سەرت پان دەکاتەوە و تۆش پاژنەی پێی دەکوتیت." ¹⁶ "بە ئافرەتەکەشی فەرموو: ئازاری سکپڕیت زۆر زیاتر دەکەم، بە ژانەوە منداڵت دەبێت. ئارەزووت بۆ پیاوەکەت دەبێت و ئەویش بەسەرتدا زاڵ دەبێت."

ئەگەر سەیری ئەم دەقە بکەین، بەڕوونی دیارە کە چۆن بابەتی پیاوسالاری زەق کراوەتەوە، ئافرەتیش پایەی کەم کراوەتەوە. هەروەها لە پەڕتووکی یەکەم تیمۆساوس: بەشی: ٢، دەقی: ¹³ "چونکە یەکەم جار ئادەم شێوەی کێشرا، ئینجا حەوا." ¹⁴ "هەروەها ئادەم هەڵنەخەڵەتا، بەڵکوو ئافرەت هەڵخەڵەتا و کەوتە گوناهەوە." ¹⁵ "بەڵام بە منداڵبوون ڕزگاری دەبێت، ئەگەر لە باوەڕ و خۆشەویستی و پیرۆزی و شیاویدا بمێننەوە." لەم دەقەدا دووبارە هێرش دەکرێتە سەر ئافرەت لەبەر تاوانێک!

نووسینی: توانا کەمال

9/13/2022 9:05:16 PM