فەرموودە لەنێوان «نووسینەوە» و «گێڕانەوەی زارەکی»

فەرموودە لەنێوان «نووسینەوە» و «گێڕانەوەی زارەکی»

ئایا بەته‌نیا تۆماركردن و نووسینەوە بەسە بۆ ئەوەی فەرموودە تەواو پارێزراو بێت؟ ئایا بەتەنیا نووسینەوە هۆکارێکی بێ کێشەیە بۆ گواستنەوە و دیکۆمێنتکردنی فەرموودە؟ ئایا گێڕانەوەی زارەکی، هیچ بەهایەکی نییە لە پاراستن و گواستنەوەی فەرموودە؟

ئەمانە پرسیارگەلێکن کە دێنە پێش سەبارەت بە نکۆڵیکارانی فەرموودە، چونکە دیارە یەکێک لە بەهانەکانی ئەوان بۆ ڕەتکردنەوەی فەرموودە وەک حوججە و به‌ڵگه‌یەکی شەڕعی و سەرچاوەیەکی ئایین، ئەوەیە کە فەرموودە لە سەرەتادا نەنووسراوەتەوە، بەشێوەیەک هەندێکیان دەڵێن: "دوای 200 ساڵ لە وەفاتی پێغەمبەر (ﷺ) نووسراوەتەوە." جارێ پێش هەموو شتێک، ئەو بانگەشەیە ڕاست نییە، بەڵکوو هەر لە سەردەمی پێغەمبەر (ﷺ) بەشێوەیەک لە شێوەکان فەرموودە نووسراوەتەوە، پاشان چەندین هاوەڵ نووسینەوەیان کردووە و پەڕاویان هەبووە و دەیان تابیعی پەڕتووک و پەڕاویان هەبووە کە فەرموودەیان تێیدا نووسیوەتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا با واز لەوە بهێنین و گریمانەی ئەوە بکەین کە تەواوی فەرموودە هەر لە سەردەمی پێغەمبەر (ﷺ) و لەژێر سەرپەرشتی خودی خۆیدا نووسراوەتەوە. ئایا ئەمە بەتەنیا و بەبێ گێڕانەوەی زارەکی، دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی بڵێین فەرموودە پارێزراوە؟ لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا پێویستە بزانین کە هۆکاری سەرەکی بۆ گواستنەوەی زانست و زانیاری لەو سەردەمەی ژیانی عەرەبدا، بریتی بووە لە گێڕانەوەی زارەکی، عەرەب ئوممەتێکی بەناوبانگ بوون بە لەبەرکردن و یادگەی بەهێز، شعری جاهیلی لەپێش ئیسلامدا لەگەڵ ئەوەی تێیدا هەبوو زیاتر لە 100 بەیت بوو، بەڵام عەرەب توانیویانە لەبەری بکەن و نەوە دوای نەوە بیگوازنەوە، هەر شاعیرێک گێڕەڕەوەیەکی هەبوو کە شعرەکانی لەبەر دەکرد و لەناو تیرە و قەبیلە عەرەبییەکان بڵاوی دەکردەوە، تا توانییان بەو شێوەیە ئەو شعرانە بپارێزن.

فەرموودەش لەگەڵ ئەوەی هەر لە سەرەتای ئیسلامەوە بە جۆرێک لە جۆرەکان نووسینەوەی بۆ کراوە، بەڵام ئەوە هەرگیز نەبووەتە هۆی ئەوەی گێڕانەوەی زارەکی و گوێبیستبوون فەرامۆش بکرێت، بەڵکوو ئەو هۆکارە گرنگە شان بە شانی نووسینەوە بەیەکەوە ڕۆیشتوون و بوونەتە هۆی پاراستنی فەرموودە. جا گرنگی گێڕانەوەی زارەکی زیاتر لەو کاتەدا دەردەکەوێت کە لەدوای جیلی هاوەڵان و تابیعین زمانی عەرەبی پاراوییەکەی پێشووی کەم بوویەوە، بەتایبەتی کە خەڵکانی تری زۆر لە غەیری عەرەب هاتنە ناو ئیسلام کە زمانە عەرەبییەکەیان زۆر پاراو نەبوو وەک ئەوانەی بە ڕەچەڵەک عەرەب بوون، بۆیە ئەمە هۆکارێک بوو بۆ هەڵەکردن، بەتایبەتی لەکاتی خوێندنەوەدا.

پێشەوایانی فەرموودەزان درکیان بەو بابەتە کردبوو و بەدواداچوونی وردیان دەکرد بۆ هەڵەکردن لە گواستنەوەی فەرموودە، یەکێک لەو بابەتانەی لە زانستی فەرموودەزانیدا بایەخی خۆی هەیە، بریتییە لە (تصحیف)، وشەی (تصحیف) لە (صحیفة) هاتووە، واتا «پەڕاو»، جا (تصحیف) ئەو هەڵەکردنەیە کە کەسێک فەرموودەیەک لە پەڕاوێک بگێڕێتەوە بەبێ ئەوەی بە شێوه‌ی زارەکی لە کەسێکی تری گوێ لێ بووبێت، كه‌ ئه‌و بارودۆخە زۆر ڕوویده‌دا، چونكه‌‌ نووسینی ئه‌و كاته‌ سه‌ره‌تا نوقته‌ و حه‌ڕه‌كه‌ی نه‌بووه‌، واتا فه‌تحه‌ و كه‌سره‌ و زه‌ممه‌. ئیبن سەلاحی شارەزووری، لە پەڕتووکەکەیدا لەسەر زانستی فەرموودەزانی چەند نموونەیەک لەو بارەوە دەهێنێتەوە، وەک ئەوەی (عبدالله بن لهیعة) فەرموودەی: (احتجر رسول الله ﷺ في المسجد) تەنیا لە پەڕتووک دەگێڕێتەوە کە مانایەکەی ئەوەیە: «پێغەمبەری خوا (ﷺ) لە مزگەوتدا حوجرەیەک و ژوورێکی تایبەت کرد بۆ خۆی کە عیبادەتی تێدا بکات.» کەچی (ابن لهیعة) لەبەر ئەوەی بە زارەکی گوێی لێ نەبووبوو، کردییە: (احتجم رسول الله ﷺ في المسجد) واتا پیتی «ڕاء»ی کرد بە «میم» و مانایەکەی تەواو گۆڕا بەوەی: «پێغەمبەری خوا (ﷺ) حیجامەی کرد لە مزگەوتدا.»

یان یەکێکی تر لە ڕاوییەکان فەرموودەی: (من صام رمضان وأتبعه ستاً من شوال.) خوێندییەوە، (شیئاً من شوال) واتا: «شەش ڕۆژ لە شەوال بوو بە شتێک لە شەوال بە ڕۆژوو بێت!» له‌به‌ر ئه‌وه‌ی (ستاً) له‌گه‌ڵ (شیئاً) شێوه‌ی نووسینیان له‌یه‌كتر نزیكه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش دیاره‌ ته‌واو حوكمه‌كه‌ ده‌گۆڕێت. یان وەک فەرموودەی (لعن رسول الله ﷺ الذين يشققون الخُطَب تشقيق الشعر) واتا: «پێغەمبەر (ﷺ) لەعنەتی لەوانە کردووە کە لە کاتی وتارداندا زمانیان خواردەکەنەوە و زۆر لەخۆیان دەکەن وەک ئەوەی شعر بخوێننەوە.» هەندێک تەسحیفیان کرد و وتیان: (الذين يشققون الحَطَب) بە پیتی «حاء»، واتا ماناکەی گۆڕا بۆ ئەوانەی دار پارچە دەکەن! ته‌نانه‌ت یه‌كێک له‌وانه‌ی كاری كۆكردنه‌وه‌ی داریان ده‌كرد كاتێک گوێی له‌و فه‌رمووده‌یه‌ ده‌بێت، به‌ شێوه‌ هه‌ڵه‌كه‌ی پرسیار ده‌كات كه‌ ئه‌وه‌ كاروكاسبیمانه‌ له‌به‌ر چی به‌ر له‌عنه‌ت بكه‌وین؟!

یان فەرموودەی: (کُنا نؤديه على عهد رسول الله)، مەبەستەکەی ئەوەیە زەکاتی سەرفترەمان دەدا لە سەردەمی پێغەمبەر (ﷺ)، کەچی یەکێک لە ڕاوییەکان کردی بە: (کُنا نورثه على عهد رسول الله يعني الجد)، واتا: «میراتمان پێی دەدا لە سەردەمی پێغەمبەر (ﷺ)» پاشان ڕاوییەکە هەر بەخۆی تەفسیری بۆ فەرموودەکە کردووە و فەرموویەتی: "مەبەستی باپیرەیە!" یان کەسێکی تر فەرموودەی: (المؤمن کيِّس فَطِن) هەر چەندە فەرموودەیەکی لاوازە کە ماناکەی ئەوەیە: «باوەڕدار زیرەک و هۆشیارە»، کەچی یەکێک لە ڕاوییەکان کردی بە (المؤمن کِيسُ قُطنٍ) واتا: «باوەڕدار فەردەی لۆکەیە».

ئەمانە و چەندین نموونەی تر کە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بەشێک لە ڕاوییەکان کاتێک لە ڕێی نووسین و پەڕاوەکان فەرموودەیان وەردەگرت بەبێ گێڕانەوەی زارەکی و وه‌رگرتنی له‌ زاری شێخ و مامۆستایه‌ک، لەبەر ئەوەی ئەو کاتە پیتەکان خاڵیان لەسەر نەبوو و بەدەست دەنووسرایەوە و زۆر ڕوون نەبوو، بۆیە ئەو ڕاوییانە بە هەڵە دەیانخوێندەوە. هەر لەبەر ئەمەشە زانایانی فەرموودەزان لەبارەی (طرق تحمل الحدیث) واتا ڕێگەکانی وەرگرتن و ئەداکردنی فەرموودە، ڕێگەی (السماع - گوێلێبوون) بە بەرزترینيان دادەنێن و (صیغە) و شێوازی (سمعتُ – گوێم لێ بوو) يان (حدّثني – بۆی گێڕامەوە) به بەرزترین شێواز دادەنێن، هەروەها زۆر بە بەرزتر و بەهێزتری دادەنێن لە ڕێگه‌ی (الوجادة)، واتا: «دۆزینەوەی نووسینێک و پەڕاوێک کە فەرموودەی تێیدا نووسرابێتەوە»، ئەمەش چونکە ویجادە و گوێ لێبوون و گێڕانەوەی زارەکی لەگەڵدا نییە و ئەگەری هەڵەی تیایە کە گێڕه‌ڕه‌وه‌كه‌ تێی بکەوێت.

بەو شێوەیە بۆمان دەردەکەوێت کە نووسینەوە هەرگیز ڕێگەیەکی بێ کێشە نەبووە لە سەردەمی ڕیوایه‌تدا، بەڵکوو زۆرجار هۆکارێک بووە بۆ هەڵەی زەق لە گواستنەوەی فەرموودە، ئەگەر هۆشیاری و شارەزاییی پێشەوایانی فەرموودەزان نەبوایە؛ ئەو هەڵانە نەدەدۆزرانەوە. ئەمە و لەو سەردەمەشدا مێژوونووسانیش درکیان بە گرنگی و بایەخی گێڕانەوەی زارەکی کردووە لە تۆمارکردن و نووسینەوەی مێژوودا، بە شێوەیەک ئێستا زۆرێک له‌ لێکۆڵینەوە مێژوویییه‌كان پشت ده‌به‌ستن به‌ گێڕانه‌وه‌ی زاره‌كی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌رگیز ئه‌و ڕێ و شوێنانه‌ی ده‌یگرنه‌ به‌ر ناگات به‌و ئاسته‌ به‌رزه‌ ڕه‌خنه‌یییه‌ی كه‌ ‌فه‌رمووده‌زانان گرتیانه‌ به‌ر بۆ له‌بێژینگدانی فه‌رمووده‌ و جیاكردنه‌وه‌ی فه‌رمووده‌ سه‌حیحه‌كان له‌ لاوازه‌كان.

نووسینی: مامۆستا ئەیاد

#ئاستانە_Astana

12/5/2022 10:38:51 AM