حەقیقەت لای کێیە؟

حەقیقەت لای کێیە؟

زۆرجار کەسانێک دەبینرێن وادەزانن لە هەموو ئەو بابەتانەی قسەی لێوە دەکەن حەقیقەت و ڕاستی لای ئەوانە، چ لە پرسەکانی پەیوەست بە ئایینەوە، یاخود لە بابەتە سادەکانی ژیانی ڕۆژانە. ئەگەر لە حاڵی موسڵمانان بڕوانین لە هەڵوێستییان لەبارەی خاوەندارێتی حەقیقەت، دەبینین دابەش دەبن بەسەر سێ بەشدا:

بەشێکیان پێیان وایە ئەوان هەمیشە لەسەر حەقن لە هەموو پرسەکاندا، ئەوەشی ناکۆک بێت لەگەڵیان لەسەر پووچی و ناڕەوایی و هەڵەیە.

بەشێکی دیکەیان پێیان وایە کە ئەوان لە هەندێک بابەتدا لەسەر حەقن و لایەنی بەرانبەر تێیاندا لەسەر هەڵەیە، بەڵام باوەڕیشیان وایە کە زۆرێک لەو بابەتانەی ئەوان وادەزانن تێیاندا پێکاویانە بابەتگەلی (ئیجتیهادیو کۆششکارین -واتە: بەڵگەی ڕوون و ڕاشکاوی لەسەر نییە کە ئاماژەی ئاشکرا بەدەستەوە بدات، بەڵکوو کۆششیان تێدا دەکرێت و دەستکراوەییان تێدایە بۆ بۆچوونی جیاواز- و پێیان وایە ڕێشی تێ دەچێت بۆچوونی بەرانبەرەکەیان پێکابێتی و تێڕوانینەکەی دیکە شیاوی پێکانە.

هەرچی جۆری سێیەمە هەڵگرانی بیردۆزەی «ڕێژەییبوونی حەقیقەت»ن، کە پێیان وایە بابەتەکە لە هەموو ڕاجیایییەکدا ڕێژەیییە و هەمووان ئەندازەیەک لە ڕاستییان پێیە، لە ڕا و بۆچوونەکاندا شتێک نییە بە ناوی باتڵ و ناڕەوا، تەنانەت هەندێک لەوان ڕەنگە بگاتە ئاستێک کە پێی وابێت ئایینەکانی تری بێجگە لە ئیسلامیش دەمانگەیەنن بە ڕەزامەندی خودا مەزن!

بۆ ئەوەی باسکردن لە ڕاجیایی بەم گشتگیرییە نەبێت و ڕاستییەکان لەناو دەربڕینە گشتییە ناڕۆشنەکاندا ون نەبن، پێویستە ئەم پرسە ڕوونکردنەوەی لەسەر بدرێت بەپێی بوارەکانی خیلاف، کە پشتیوان بە خودا ئەو هەڵە تێگەیشتنە دەڕەوێنێتەوە کە هەندێک گیرۆدەی بوون.

یەکەم: سەرەتا بە جیاوازی نێوان ئایینەکان دەست پێ دەکەین

ئەم بابەتە لە قورئان و سوننەتدا هێندە ڕوون و ئاشکرایە بە جۆرێک پێویستی بە هیچ نییە لە باوەڕهێنان و شوێنکەوتن زیاتر، ئەو بەڵگانەش کە لەسەری هەن؛ نە کێشەدار و نە شاراوەن. قورئان و سوننەت زۆر بە ڕۆشنی و بە بەهێزی ئاماژە بەوە دەکەن کە هەموو ئایینەکان لەدوای هاتنی ئیسلام پووچ و بەتاڵن: {إِنَّ الدّينَ عِندَ اللَّهِ الإِسلامُ} [آل عمران: ١٩]، خودای گەورە پێغەمبەرەکەی بە ڕێنوێنی و هیدایەت و ئایینی ڕاست ڕەوانەکردووە تا سەری بخات بەسەر هەموو ئایین و بەرنامەکانی تردا: {هُوَ الَّذي أَرسَلَ رَسولَهُ بِالهُدى وَدينِ الحَقِّ لِيُظهِرَهُ عَلَى الدّينِ كُلِّهِ وَلَو كَرِهَ المُشرِكونَ} [التوبە: ٣٣]، هەر کەسێکیش بێجگە لە ئیسلام پەیڕەوی هەر ئایینێکی دیکە بکات لێی وەرناگیرێت و لە قیامەتیشدا لە مایەپووچ و زەرەرمەندانە: {وَمَن يَبتَغِ غَيرَ الإِسلامِ دينًا فَلَن يُقبَلَ مِنهُ وَهُوَ فِي الآخِرَةِ مِنَ الخاسِرينَ} [آل عمران: ٨٥]. هەروەها ئاماژە بەوە دەکەن کە بیرۆکەی سێ خودایی لای گاورەکان و بەدرۆزانینی پێغەمبەرمان لای ئەوان و لای جووەکانیش؛ کوفر و بێباوەڕییەکی ئاشکرایە بە خودای گەورە. هەرچی ئەو دەقانەشە کە باس لە پاداشتی گشتی دەکەن و کەسانێک بۆچوونی خۆیانی پێدا هەڵدەواسن، ئەوانە بەشێکن لە دەقگەلی کورتبێژ (موجمەل) و فرەڕاڤە (موتەشابیە) کە دەبێت بگێڕدرێنەوە بۆ لای دەقە دامەزراو و ڕوونەکان، ئەگەرنا هەرگیز ناگونجێت تێگەیشتنی ئەوان بۆ ئەو دەقانە لەگەڵ کۆی دەقە ئاشکراکانی دیکە کۆ ببێتەوە کە فەرمان دەکەن بە شوێنکەوتنی پێغەمبەر () و هۆشیاری دەدەن لە نافەرمانی و سەرپێچیکردنی.

هەروەها خۆ ئێمە لە سوورەتی فاتیحە لە هەموو نوێژێکدا، بەڵکوو لە هەموو ڕکاتێکدا ئەمە دەڵێینەوە: {اهدِنَا الصّڕاطَ المُستَقیمَ (٦) صڕاطَ الَّذینَ أَنعَمتَ عڵێهِم غێڕ المَغضوبِ عڵێهِم وڵا الضّالّینَ} [الفاتحة: ٦ - ٧]. خودایە ڕێنماییمان بکە بۆ ڕێگا ڕاستەکەی خۆت، کە ڕێگای ئەو کەسانەیە لە ناز و نیعمەتی خۆت بەهرەوەرت کردوون، نەمانخەیتە سەر ڕێبازی ئەوانەی خەشم و قینیان لێ گیراوە، لە گومڕا و سەرگەردانەکان.

مەبەست لەوانەی خەشم و قینیان لێ گیراوە جوولەکەیە، ئەوانەش کە سەرگەردان و گومڕان مەبەست پێ گاورەکانە.

ئەبووحاتەمی ڕازی دەڵێت: "نەمبیستووە لەنێوان ڕاڤەکارانی قورئاندا ڕاجیایییەک لەسەر ئەمە هەبێت."(١)

دووەم: جیاوازی لەنێوان تاقمەکانی ئوممەتی ئیسلام لە پرسەکانی بیروباوەڕدا:

پێغەمبەر () هەموو ئەو پرسانەی بۆ خەڵکی ڕوونکردووەتەوە کە لە لایەنی بیروباوەڕەوە پێویستە باوەڕیان پێی بێت، وەک چۆن ئەو کارانەی بۆ ڕوونکردوونەتەوە کە پێویستە ئەنجامیان بدەن یاخود لێیان دوور بکەونەوە و خودای گەورە بابەتەکانی بیروباوەڕی نەداوەتە دەست ڕا و بۆچوونەکان، چونکە ڕا و بۆچوونەکانی مرۆڤ هەرگیز لەسەر شتێک کۆک نابن لە پرسەکانی عەقیدەدا، مەگەر نابینین حەز و پەسەندکاری هەندێک لە خەڵکی پەلکێشی کردوون بۆ پەرستنی مشک و مانگا و بەرد و خۆر و مانگ، یان بۆچوونگەلێکی دیکە وایان لە خاوەنەکانیان کردووە باوەڕیان وابێت دوورخستنەوەی زیان و خراپە بەندە بە پارچە پەڕۆیەکەوە کە مرۆڤ لە مەچەکی دەئاڵێنێت.

لەکاتێکدا دەبینین ئیسلام لە پرسەکانی بیروباوەڕدا بە ڕوون و ڕاشکاوی و ڕۆشنایییەکی خودایییەوە هاتووە کە هیچ گومانێک هەڵناگرێت، هەروەها پێغەمبەر () ئەوەی بۆ موسڵمانان ڕوونکردووەتەوە کە لەسەریان پێویستکراوە لە باوەڕبوون بە خودا و ناو و سیفەتە بەرزەکانی و فریشتەکان و پەرتووکەکان و پێغەمبەران و قەزا و قەدەر و و ڕۆژی دوایی، جەختیشی کردووەتەوە لە گرنگی شوێنکەوتن و خراپی داهێنان لە پرسەکانی ئاییندا بە هەردوو لایەنی بیروباوەڕ و کردارییەوە بۆیە فەرموویەتی: «مَنْ أَحْدَثَ فِي أَمْرِنَا هَذَا مَا لَیْسَ مِنْهُ فَهْوَ رَدّ.»(٢) واتا: «هەرکەس لەم دینەی ئێمەدا شتێک دابهێنێت کە تێیدا نەبێت لێی وەرناگیرێت و ڕەت دەکرێتەوە.»

لە جێیەکی دیکەدا فەرموویەتی: «کلُّ بِدْعَةٍ ضَلالَةٌ.»(٣) واتا: «هەموو داهێنراوێکیش گومڕایییە.»

  

گومانیشی تێدا نییە کە ڕێگۆڕین و پشتهەڵکردن لە باوەڕهێنان و تەسلیمبوون بەوەی لە دەقەکانی هەردوو وەحییەکەدا هەیە و بەرپەرچدانەوەیان بە ڕا و بۆچوونەکان لە گەورەترین داهێنراوەکانە لە دیندا، لەڕاستیدا پێغەمبەر () زۆر پێداگر بوو لەسەر گەیاندنی سوود بە ئوممەتەکەی و دوورخستنەوەیان لە گشت زیانەکان، ئەوپەڕی گرنگی بە ڕوونکردنەوەی دینەکە دەدا، هەموو ئەو دەقانەشی گەیاند کە پەیوەندییان بە بیروباوەڕەوە هەیە وێڕای زۆرییان، بێ ئەوەی ڕێنمایی ئوممەتەکەی بکات کە مامەڵەیەکی تایبەتیان لەگەڵدا بکەن جیاواز لەو مامەڵەیەی لەگەڵ دەقەکانی یاسا و حوکمەکانی شەرع دەیکەن، خۆ ئەگەر ڕێگایەکی دیاریکراوی تایبەت هەبووایە کە ویستبای مامەڵەی پێ لەگەڵ دەقەکانی عەقیدە بکەین بەدڵنیایییەوە ڕێنوێنی دەکردین بۆی، بەتایبەتی لەبەرئەوەی ڕاجیاکان لە بابەتەکانی عەقیدەدا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ڕواڵەتی ئەو دەقانە لە وەسفی خودای بێهاوتادا ناپەسەندن، شیاوی خودا نین! بەڵام ئەگەر بابەتەکە بەو جۆرە ببووایە؛ بێگومان ڕوونکردنەوە و ڕێنوێنیمان لەسەریان لەو کەسەوە پێدەگەیشت کە لە هەمووان بەغیرەتتر و دلێرتر بووە لەبارەی پەروەردگاری و لەسەر باوەڕ و عەقیدەی موسڵمانان کە خۆشەویستی خودایە ().

هەروەها هاوەڵانی پێغەمبەر () ئەم ڕاستییانەیان بە خۆبەدەستەوەدان و باوەڕێکی تەواوە لە پێغەمبەرەوە () وەرگرت، هەرگیز بە بەراوردکاری نابەجێ یاخود بە بۆچوون و لێکدانەوەی شەخسی بەرهەڵستییان نەکرد. ئەگەر بزانین حاڵی ئەوان چۆن بووە لەگەڵ پێغەمبەردا () لەو بابەتانەی دینداری کە تێیاندا ڕووبەڕووی گرفت و ئاڵۆزی دەبوونەوە، ئەوکات ڕاستی ئەو قسەیەی سەرەوەمان بۆ دەردەکەوێت، چونکە ئەوان بەردەوام پرسیارییان لێ دەکرد و داوای ڕوونکردنەوەیان لێ دەکرد لە بوارە جیاجیاکانی ئایینەکەدا، هەموو ئەمانە لەبارەی هاوەڵانەوە بە تۆمارکراوی لە پەرتووکەکانی سوننەتی پێغەمبەر () و پەرتووکەکانی ئەسەر و شوێنەواری هاوەڵاندا هەن، کەچی نابینین ئەوان هیچ کات گرفتێکیان لەگەڵ دەقەکانی عەقیدەدا هەبووبێت کە لە پێغەمبەری خوداوە () بیستبوویان. ئەو چەند بابەتەش کە لە پرسی قەدەردا زانراوە لەنێو هەندێک لە هاوەڵاندا ڕاجیاییان تێدا ڕوویداوە لەدوای ڕوونکردنەوەی پێغەمبەر () بە قبووڵکردن و تەسلیمبوونەوە قبووڵکراون، لەکاتێکدا نابینین چەشنی ئەم مشتومڕە لەنێوانیاندا لەسەر دەقەکانی پەیوەست بە سیفاتی خودای گەورەوە ڕوویدابێت کە ڕاجیایی ئوممەت لە مامەڵەکردن لەگەڵیاندا تا ئەمڕۆ درێژەی کێشاوە دوای چواردە سەدە لە کۆچی دوایی فەخری عالەم ().

لە ناوەڕاست و کۆتایییەکانی سەردەمی هاوەڵاندا گۆڕانکاری لەم ڕوونی و خاوێنییە عەقیدەیییەدا -لەناو خەڵک- دەستی پێ کرد لە چەند ڕوویەکەوە؛ وەک باوەڕ و بێباوەڕی (ئیمان و کوفر)، تکاکاری (شەفاعەت)، قەدەر، زێدەڕۆییکردن لە بەگەورەدانانی عەلی کوڕی ئەبووتالیب (خودا لێی ڕازی بێت) لەلایەن خەڵکانێکەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ ڕاجیاییەک لەنێوان هاوەڵاندا نابینین لە هەڵوێستیان لەمەڕ ئەم گۆڕانکارییانە و هاوەڵێکیش نابینیت چووبێتە پاڵ یەکێک لەم بۆچوونە لادەرانە و پشتگیری کردبێتن، بەڵکوو هەمیشە هەڵوێستێکی بەهێزیان هەبووە لە نکۆڵیکردن و بەرپەرچدانەوەیاندا.

نموونەی ئەوە: هەواڵ درا بە عەبدوڵڵای کوڕی عومەر (خودا لە خۆی و باوکی ڕازی بێت) کە کەسانێک لە شاری بەسرە لە فێرخوازانی زانستی شەرعی و قورئانخوێنان نکۆڵی لە قەدەر دەکەن، ئەویش فەرمووی: "فَإِذَا لَقِیتَ أُولَئِك فَأَخْبِرْهُمْ أَنِّي بَرِيءٌ مِنْهُمْ، وَأَنَّهُمْ برَاءُ مِنّي، وَالَّذي يَحْلِفُ بِهِ عَبْدُ اللهِ بنُ عُمَرَ لَوْ أَنَّ لأَحَدِهِمْ مِثْلَ أُحُدٍ ذَهَبًا، فَأَنْفَقَهُ مَا قَبِلَ اللهُ مِنْهُ حَتّى یُؤْمِنَ بِالْقَدَرِ"(٤). واتا: "ئەگەر بەوانە گەیشتیت پێیان بڵێن کە من بەریم لەوان و ئەوانیش لە من بەرین، سوێند بەو زاتەی عەبدوڵڵای کوڕی عومەر سوێندی پێ دەخوات ئەگەر یەکێک لەوان بە ئەندازەی کێوی ئوحوود زێڕی هەبێت و بیبەخشێت، خودا لێی وەرناگرێت هەتاوەکوو باوەڕ بە قەدەر نەهێنێت."

پاش ئەوانیش شوێنکەوتووان -تابیعین- ئەو زانستانەی لە هاوەڵانەوە وەریانگرتبوو پاراستیان، هەریەک لە تەفسیری قورئان و فیقهی شەریعەت و دادوەری و قەزاوەت و فەرموودەیان لەوانەوە وەک خۆی گواستەوە، وتەکانیان لە پەڕتووک و دانراوە گەورەکانی وەک (موسەننەفی عەبدولڕەزاق و موسەننەفی ئیبن ئەبی شەیبە) و چەشنی ئەواندا نووسرانەوە، لە هەموو ئەو سەرچاوانەشدا لە هیچ یەکێک لەوانمان نەبینی هەڵوێستێکی تریان لەو دەقانە هەبێت جیاواز لەو هەڵوێستەی لەکاتی ژیانی پێغەمبەر () هەیانبووە.

دواتر لەگەڵ دوورکەوتنەوەی سەردەم و مردنی هاوەڵان و فراوانبوونی بازنەی فتووحاتی وڵات و ناوچەکان و تێکەڵاوبوون لەنێوان فەرهەنگ و ئایینەکان، هەندێک لە موسڵمانان کاریگەربوون بە کەرەستەگەلێکی زانستیی وەرگیراو لە فەرهەنگ و کولتوورەکانی دیکە کە لەسەریانی پێویست دەکرد هەڵوێستێک لەمەڕ دەق و پرسەکانی عەقیدە وەرگرن تەواو جیاواز بێت لە مەنهەجی هاوەڵانی پێغەمبەری خودا ()، دەرەنجام لەنێو خەڵکدا ڕێچکە و تاقمگەلێک پەیدا بوون کە تێگەیشتن و لێکدانەوەیان جیاوازبوو لە تێگەیشتن و لێکدانەوەی هاوەڵان، لە دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی عەباسیش تێیاندا بوو پاڵپشتی بڕێک لەو ڕێچکانەی دەکرد و بە هێزیش هەوڵی سەرخستنی دەدا، دژایەتی ئەو زانایانەشی دەکرد کە پابەندی مەنهەجی پێشین بوون، وەک ئەحمەدی کوڕی حەنبەل (ڕەحمەتی خودای لێ بێت) کە بەسەرهاتی ئەو لە گرفتاری و تاقیکردنەوە و بەندکردن و لێدان بەهۆی مانەوەی لەسەر ئەو مەنهەجە لای زۆرینەمان زانراوە.

بۆیە لەم ڕاجیاییەدا ئەوەی پێویستە بکرێت، ڕوونکردنەوەی حەق و ڕاستییە بە بەڵگەکانی و ئامۆژگاری و دڵسۆزی بۆ موسڵمانان و ڕێنماییکردنیان بۆ ئەو حەقەی پێشین و نەوەکانی سەرەتای ئەم ئوممەتە لەسەری بوون، و هەوڵی پارێزگاریکردنی یەکڕیزی و تەبایی موسڵمانان بدرێت، نەک بە بیانووی ڕاستکردنەوەی هەڵەکان تەفرەقە و دووبەرەکی بخرێتە نێو باوەڕداران، {وَأَطيعُوا اللَّهَ وَرَسولَهُ وَلا تَنازَعوا فَتَفشَلوا وَتَذهَبَ ريحُكُم وَاصبِروا إِنَّ اللَّهَ مَعَ الصّابِرينَ} [الأنفال: ٤٦]

پێکانی حەقیش لەم ڕاجیاییانەدا لای هەمووان نییە، بەڵکوو لای ئەوانەیە کە لەسەر پەیڕەو و پرۆگرامی هاوەڵانی پێغەمبەری خودا (ﷺ) بڕۆن. {فَإِن آمَنوا بِمِثلِ ما آمَنتُم بِهِ فَقَدِ اهتَدَوا وَإِن تَوَلَّوا فَإِنَّما هُم في شِقاقٍ} [البقرة: ١٣٧].

بەڵام ئەمە واتای ئەوە نییە پەیوەندی و برایەتی لەنێو موسڵماناندا بپچڕێنرێت لەلایەنی مامەڵەی جوان لەگەڵ یەکتری وەک پێشەوا شافعی بە یوونسی فەرموو: "يا أبا موسى، ألَا يستقيم أن نكون إخوانًا وإن لم نتَّفق في مسألة"(٥). واتا: "ئەی باوکی مووسا ئایا ناگونجێت وەک برابین با لە بابەتێکیشدا هاوڕا نەبین؟" بێگومان دەبێت باوەڕداران پشتیوان و هاوکار و دەستباری یەکتری بن بۆ بەرپەرچدانەوەی ئیلحاد و عالەمانییەت و تەفاهە و هاوڕەگەزبازی و چەندان گرفتی دیکە کە ڕاستەوخۆ لە بنەما و بنچینەکانی باوەڕ دەدات، خۆ ئەگەر ڕاجیاییشیان لە بابەتە لاوەکییەکان هەبوو دەبێت برایەتی و خۆشەویستی و ڕێز و مەکانەتی یەکتری بپارێزن، سەلەف ڕاجیاییان هەبوو لە بابەتە لاوەکییەکاندا، بەڵام خۆشەویست و هاوکاری یەکتر بوون(٦)، وتراویشە: "التَّآلف سبب القوَّة، والقوَّة سبب التَّقوى، والتَّقوى حصنٌ منيع وركن شديد، بها يُمْنَع الضَّيم، وتُنَال الرَّغائب، وتنجع المقاصد"(٧). واتا: "خۆشەویستی و دۆستایەتی هۆکاری بەهێزییە، بەهێزیش هۆکاری تەقوا و پارێزکارییە، تەقواش قەڵای پۆڵایین و گۆشەی بەهێزە کە ڕێگری دەکات لە زوڵم و ستەم، و مەبەست و ئامانجەکانیش بەدی دەهێنێت."

ئەم سەردەمە لە هەموو کات زیاتر موسڵمانان پێویستییان بە برایەتی و یەکگرتوویی و یەکڕیزی و یەکئامانجییە، خۆشبەختی بۆئەوەی هۆکاری بەهێزبوونی موسڵمانانە، خودا هیدایەتی ئەوانەش بدات هۆکاری تەفرەقە و دووبەرەکی نێوان باوەڕدارانن.

سێیەم: ڕەهەندی ڕاجیایی لەنێوان زانایان لە بابەتە فیقهییەکاندا

ئەم بەشەیان شوێن و جێگای تایبەت بەخۆی هەیە، و زانایان بەچڕی باسیان لێوە کردووە.

______________________________

(١) تفسير ابن كثير (1/144 ط. طيبة).

(٢) صحيح البخاري (2697)، و صحيح مسلم (1718). 

(٣) صحيح مسلم (867) .

(٤) صحيح مسلم (8).

(٥) سير أعلام النبلاء: الذهبي (10/16).

(٦)الفتاوى الكبرى: ابن تيمية (6/92).

(٧)المستطرف: الأبشيهي (ص 130).


12/15/2022 2:40:31 PM