مرۆڤایەتی، ئایینی نوێ لەلای بەناو قورئانییەکان

مرۆڤایەتی، ئایینی نوێ لەلای بەناو قورئانییەکان

مەبەست لە مرۆڤایەتی: بەخشینی هەموو شتێکی چاک و جوان و خۆشبەختییە بە مرۆڤەکان بۆئەوەی بتوانن ژیانێکی خۆش و ڕێزدارانە بژین.
دیارە لادان لە دید و ڕێی ئەهلی سوننەت و جەماعەت، تووشبوونە بە نەهامەتی و بیروبۆچوونی ناڕێک و دژیەک! ئەگەر جاران تەنیا بێباوەڕەکان بانگەشەی دید و دینێکی تریان بکردایە وەک بەدیل بۆ دینی ئیسلام، ئەوە ئێستا بەناو موسڵمانانێک (بەناو قورئانییەکان) ئەو ڕۆڵە دەبینن و (ئایینی مرۆڤایەتی) دەکەنە بەدیلی ئیسلامی پاک و جوان!

بە زمانی حاڵ و مەقالیان دەڵێن: ئەوی کە بێباوەڕ بێت بە خوا و فریشتەکانی و پەرتووک و پێغەمبەرانی و، بە ڕۆژی دوایی، زیاد لەوەش تاوانبار و بانگەشەکار بێت بۆ تاوان، ئەوەی لەسەر ئەم حاڵە بمرێت مادام مرۆڤدۆست بووە و دوو سێ خزمەتی پێشکەشی دونیای مرۆڤەکان کردووە، ئەوە بەهەشتییە و لەگەڵ پێغەمبەران و ڕاستگۆیان و شەهیدان و پیاوچاکاندایە!

بەناو قورئانییەکان بەم فیکرەیان وادەکەن (یان دەیانەوێت) شەریعەتی ئیسلام _یاسا و ڕێسا و ئەحکامەکانی_ پەک بخەن و هیچ گرنگی و ئەرزشێک بۆ خوداپەرستی و بۆ بۆخواسوڵحان و عیبادەتەکان دانانێن، بە ئاشکرا دەڵێن گرنگ نییە کە نوێژ ناکەیت، ڕۆژوو ناگریت، تەزکییەی نەفست نییە، خوا و پێغەمبەر و دینەکەی لات گەورە نییە ...، مادام مرۆڤدۆستی و خزمەتی مرۆڤایەتی دەکەیت، ئەوە تۆ لە ئێمە باشتر و خۆشەویستتری لای خودای گەورە.

سەراوبن لە پێوەرەکان (لە پێوەرە قورئانییەکان) تێگەیشتوون، ئەگەر سەیری قورئان بکەین دەبینین ئەوی کە دیندار نییە بە هەموو واتاکانی دینداریی، ئەوە خودای پەروەردگار لە دواڕۆژدا هیچ پاداشتێکی ناداتەوە و بە چاوی ڕەحمەتەوە سەیری ناکات، پاداشتی کارە مرۆڤایەتییەکانی تەنیا لە دونیا دەبینێتەوە، چونکە ئامانج و مەبەستی ئەویش تەنیا دونیا بووە و هەوڵ دان بۆ دواڕۆژ لای ئەو هیچ شوێنێکی لە هزر و بیری ئەم کەسەدا نەبووە و کاری بۆی نەکردووە. خودای پەروەردگار دەفەرمووێت:
{مِنْ وَرَائِهِ جَهَنَّمُ وَيُسْقَى مِنْ مَاءٍ صَدِيدٍ (16) يَتَجَرَّعُهُ وَلَا يَكَادُ يُسِيغُهُ وَيَأْتِيهِ الْمَوْتُ مِنْ كُلِّ مَكَانٍ وَمَا هُوَ بِمَيِّتٍ وَمِنْ وَرَائِهِ عَذَابٌ غَلِيظٌ (17) مَثَلُ الَّذِينَ كَفَرُوا بِرَبِّهِمْ أَعْمَالُهُمْ كَرَمَادٍ اشْتَدَّتْ بِهِ الرِّيحُ فِي يَوْمٍ عَاصِفٍ لَا يَقْدِرُونَ مِمَّا كَسَبُوا عَلَى شَيْءٍ ذَلِكَ هُوَ الضَّلَالُ الْبَعِيدُ (18)} [إبراهیم: ١٦ - ١٨]
واتە: هەر یەک لەم بێباوەڕانە (کە پێشتر باسیان کراوە) دۆزەخ چاوەڕێیەتی و تێیدا کێم و زووخاوی دەرخوارد دەدرێت * قوم قوم بە ناچاری دەیخواتەوە و بە ئاسانی بۆی قووت نادرێت، مەرگیش لە هەموو لایەکەوە هێرشی بۆ دەهێنێت.. ناشمرێت، لەوەودواش سزای گران و قورس یەخەی بەرنادات * نموونەی ئەوانەی باوەڕیان نەهێناوە بە پەروەردگاریان، کردەوەکانیان وەک خۆڵەمێشێک وایە کە ڕەشەبایەکی سەخت لە ڕۆژێکی گەردەلوولیدا بە توندی لێی بدات، لەو هەوڵ و کۆششەی کە داویانە هیچیان دەستناکەوێت، ئائەوەیە گومڕایەک کە لە حەق و ڕاستییەوە دوورە.

تێفکرینێکی کەم لەم ئایەتانە دووری پێوەرە قورئانییەکان لەگەڵ ئەو پێوەرە پووچەی بەناو قورئانییەکان ڕوون دەکاتەوە، خودای پەروەردگار وا وێنای کردەوەی بێباوەڕەکان دەکات کە خۆڵەمێشی بەر گەردەلوولێکی بەهێز بێت و هەمووی بفەوتێ و پەرشوبڵاو ببێت، کەچی بەناو قورئانییەکان دێن کردەوەی کەسێکی بێباوەڕ کۆدەکەنەوە و وای دادەنێن ئەم بێباوەڕە کردەوەکەی خالیسەن بۆ خوا کردووە و باشترین پاداشت چاوەڕێیەتی! بۆ؟ چونکە کاکی بێباوەڕ مرۆڤدۆست بووە!

لەلایەکی ترەوە چەندان ئایەتی قورئان هەیە باسی پووچەڵبوونەوەی کردەوەی ئەو (موسڵمانانە) دەکات کە لە کردەوەکانیان (ڕیاء) ڕووپامایی هەیە (کردەوەکانیان بەشێکی بۆ خوا بووە و بەشێکیشی بۆ خەڵکی، تا خەڵکی ستایشیان بکەن)، ئەی چجای بگات بەوەی کە خاوەن کارەکە هەر باوەڕی بە خوا نەبووبێت و هیچ بەشێکی کردەوەکەی بۆ خوا نەبووبێت؟! ئەویان کردەوەکەی قبووڵ نەبێت و ئەمیان قبووڵ ببێت؟!

لەمەوەیە دەڵێین: (مرۆڤایەتی، ئایینی بەناو قورئانییەکانە) موسڵمان دەبێت هەموو شتێک بپێوێت بە دینەکەی، کەچی پێوەر لای بەناو قورئانییەکان خزمەتکردنە بە مرۆڤایەتی، وەک ئەوەی پێیان وابێت دین و دینداری خزمەت نییە بە مرۆڤایەتی، وەک ئەوەی پێیان وابێت ئایین و مرۆڤدۆستی دوو شتی لێک جوودان. لەوەش زیاتر کە ڕۆدەچن دەڵێن ئەوی بە تەنیا دیندار بێت و خزمەتی مرۆڤایەتی نەکات پلەی ناگات بەوەی دیندار نییە بەڵام خزمەتی مرۆڤایەتی دەکات؟ خودی (مرۆڤ) لایان بەرز و بڵند و موقەدەسترە لە ئایین و باوەڕ بە خودا و بە پێغەمبەر. مرۆڤایەتی بتێکە و دەیپەرستن، کەسێکی بێباوەڕ کە لەوانەیە زۆرجار دژایەتی ڕاستەوخۆی دینیش بکات بەرزی دەکەنەوە و هەڵی دەدەنە بەهەشت، تەنیا لەبەر ئەوەی مرۆڤ دۆست بووە.

ئەگەر (بە تەنیا) خزمەت بە مرۆڤایەتی مەبەستەکە بێت و خوا ئەوەی بوێت چی پێویستی دەکرد زۆرێک لە پەرستشەکان ئەنجام بدەین؟ چ پێویستی دەکرد ئەم قورئانە پڕی ئەوەبێت چۆن پەرستشەکان بکەین؟ ئەوکات دەبووایە قورئان پڕی با لەوەی چۆن بتوانین خزمەتی مرۆڤایەتی بکەین (خزمەتی مرۆڤایەتی بەم شێوەیەی ئەوان لێی تێگەیشتوون) بەڵام نا، خودای پەروەردگار کاتێک ئەم دینەی ناردووە، پابەند بوون بەم دینەوە خێروخۆشی بۆ هەموو مرۆڤایەتی دەهێنێت لە هەردوو دونیا، ئەوەیە واتای ڕاستەقینەی مرۆڤایەتی، واتای ڕاستەقینەی مرۆڤایەتی بە پێوەری قورئان ئەوەیە (وەک لە پێناسەکەی سەرەتا ڕوونمان کردەوە) کە چاکە و خۆشبەختی ڕاستەقینە ببەخشین بە مرۆڤەکان، کە ئەوەش نەفی خزمەتی بە دونیای مرۆڤەکان، بەڵکوو کە نییەتی پاکی لەگەڵ بێت بە عیبادەتیش هەژمار دەکرێت. ئەگەر بەناو قورئانییەکانیش پێیان وایە خۆشبەختی ڕاستەقینەی مرۆڤەکان تەنیا وا لەم دونیایە ئەوە با بەردەوام بن لە پابەند بوون بەو (دین) ی خۆیانەوە.

نووسینی: م. کازم ئەمین 

#ئاستانە_Astana

 

12/17/2022 12:30:18 PM