لە جەنگی غەززەدا بەبەردەوامی ڕاستییەکانی قورئان بەدەر دەکەون
لە جەنگی غەززەدا بەبەردەوامی ڕاستییەکانی قورئان بەدەر دەکەون، لەوانە:
١. خودای گەورە ئەم داگیرکەرانەی بە سەرسەختترین دوژمنی باوەڕداران وەسف کردووە، ئەوە ئێستا ئێمە کینە و فێڵ و دوژمنایەتییە سەرسەختەکەیان دەبینین کە لە جەنگە ئاساییەکاندا ئەم دەرهاویشتانە نابینین.
٢. خودای گەورە دەربارەی ئەم داگیرکەرانە دەفەرموویت: {لَا يُقَاتِلُونَكُمْ جَمِيعًا إِلَّا فِي قُرًى مُحَصَّنَةٍ أَوْ مِنْ وَرَاءِ جُدُرٍ} واتا: «ئەوەندە ترسنۆکن -هۆزی جوولەکە- کوشتارتان لەگەڵ ناکەن بە کۆمەڵ، مەگەر لەو شارانەدا بە قەڵا و خەندەق قایم کراون یان لە پشتی دیوارەکانی ماڵەکانیانەوە.»
ئەوەتا ترسنۆکییان بۆ هەموو جیهان دەردەکەوێت، بوێریی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوانەیان نییە کە لەگەڵیان دەجەنگن، بەڵکوو لە دوورەوە بۆردومانی هاوڵاتییانی مەدەنی دەکەن، "لە پشتی دیوارەوە."
٣. تاقیکردنەوە و چڕبوونەوەی ناڕەحەتییەکان لەسەر باوەڕداران، وەک خودای گەورە دەفەرمووێت: {أَمْ حَسِبْتُمْ أَنْ تَدْخُلُوا الْجَنَّةَ وَلَمَّا يَأْتِكُمْ مَثَلُ الَّذِينَ خَلَوْا مِنْ قَبْلِكُمْ مَسَّتْهُمُ الْبَأْسَاءُ وَالضَّرَّاءُ وَزُلْزِلُوا حَتَّى يَقُولَ الرَّسُولُ وَالَّذِينَ آمَنُوا مَعَهُ مَتَى نَصْرُ اللَّهِ أَلَا إِنَّ نَصْرَ اللَّهِ قَرِيبٌ}، واتا: «ئاخۆ ئێوە بەلاتانەوە وایە کە هەر بەئاسانی دەچنە بەهەشتەوە بەر لە بینینی تەنگانە و ناخۆشی؟ کەچی ئەوەی بەسەر پێشینانتاندا هاتووە و تووشی گەلانی ئیمانداری پێش ئێوە بوو، هێشتا بەسەر ئێوەدا نەهاتووە، ئەوان تووشی گەلێک سەختی و هەژاری و ناخۆشی و برسییەتی و چەوسانەوە بوون، زۆر بەتوندی تەکانیان خوارد و کەوتنە چرکەچرک و لەرزە لە بەردەم نەهامەتییەکاندا، ئەو قۆناغە سەخت و نالەبارە ئەوەندە درێژەی کێشا پەیامبەر و ئەو بڕوادارانەش کە لەگەڵیدا بوون دەیانگوت: "دەبێت یارمەتیی خودا کەی بێت و کەی بێت بە هانامانەوە؟! بەڵێ حاڵیان ئەوەندە بەد بوو ئارامیان نەما و داوای یارمەتییان لە خوا کرد، خوداش فەرمووی: «ئاگادار بن و مزگێنی بێت کە بەڕاستی یارمەتیی خوا بۆ موسڵمانان نزیکە و بەم زووانە دێت.»
باوەڕداران لە ڕۆژی ئەحزابدا کاتێک دوژمنان هێرشیان کردە سەریان ئەم بەڵێنەیان بەبیر خۆیان دەهێنایەوە و دەیانگوت: {هَذَا مَا وَعَدَنَا اللَّهُ وَرَسُولُهُ}، واتا: «ئەمە هەر ئەو بەڵێنە بوو کە خوا و پەیامبەرەکەی پێیان داین.»
٤. خودای گەورە لەگەڵ باوەڕداران دایە و دڵەکانیان جێگیر و بەهێز دەکات، هەروەک دەفەرمووێت: {و اللَّە مَعَ الصَّابڕینَ} واتا: «بێگومان خوا لەگەڵ ئارامگرانە و لە گشت گرفتێکدا پشتگیریانە و سەریان دەخات.»
بەڵێ، هەروەک چۆن زۆرێک لە خەڵکی غەززە ئارامگر بوون و چاوەڕوانی پاداشت بوون لە خودا و جێگیر بوون، سەرباری ناهەمواری و ترسناکیی بارودۆخیان کە شاخەکانی هەرەس پێ دەهێنا.
٥. خودای گەورە دەفەرموویت: {كَمْ مِنْ فِئَةٍ قَلِيلَةٍ غَلَبَتْ فِئَةً كَثِيرَةً بِإِذْنِ اللَّهِ} واتا: «گەلێک جار بە فەرمانی خوا کۆمەڵێکی کەم بەسەر کۆمەڵێکی زۆردا سەر کەوتوون، ئەمەش لە ڕۆژەکانی سەرەتای جەنگ بە چاوی خۆمان شاهێدی بووین.»
٦. دووڕووەکان هەمیشە لە کاتی تەنگوچەڵەمەدا ئاشکرا دەبن، لۆمەی موسڵمانان دەکەن و فیتنە بڵاو دەکەنەوە و پشتیان بەردەدەن، هەروەکوو خودای گەورە لە سوورەتەکانی (آل عمران، الأحزاب، الفتح)دا ڕوونی کردووەتەوە، لەم جەنگەشدا چەندین جار بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و ناپاکی لەلایەن دووڕووەکانەوە ئاشکرا بوو.
٧. پاڵفتەکردنی پیس و پاک لە یەکدی، هەر وەک خودای گەورە لە دوای جەنگی ئوحود فەرمووی: {مَا كَانَ اللَّهُ لِيَذَرَ الْمُؤْمِنِينَ عَلَى مَا أَنْتُمْ عَلَيْهِ حَتَّى يَمِيزَ الْخَبِيثَ مِنَ الطَّيِّبِ} واتا: «خوا هیچ کات بڕوادارانی بێ تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندن، بەو حاڵەتەوە وان لەسەری (کە دووڕوو و دڵسۆز، خەمخۆر و پاک تێکەڵن) نەهێشتووەتەوە، بەڵکوو هەندێک جار بۆ پاڵاوتنی چاک و خراپ، بێئارام و بەئارام جۆرە بەڵا و نەهامەتییەک دەنێرێت هەتا پیس و پاک لە یەک جیا بکاتەوە.»
ئەم ڕووداوانەی ئەمڕۆش پاڵفتەکردنێکی باشە لەنێوان ئەو کەسە پاکانەی تێکۆشان و بەخشییان و جێگیر بوون و لەگەڵ براکانیان وەستان بە هەموو شتێک کە لە توانایاندا هەبوو، لەگەڵ ئەو کەسانەشی کە بەخێرایی بەرەو دوژمنانی ئیسلام ڕۆیشتن و لەگەڵیان وەستان تەنانەت ئەگەر بە تەنیا وشەیەکیش بووبێت و پشتی خەڵکی غەززەیان بەردا لەکاتێکدا توانای کۆمەکییان هەبوو، ئەم پاڵفتەکارییانە بە تێپەڕبوونی ڕۆژەکان زیاتریش دەبێت.
٨. خودای گەورە دەربارەی ئەم داگیرکەرانە و ئەو کەسانەی پشتیان دەگرن دەفەرمووێت: {بَعْضُهُمْ أَوْلِيَاءُ بَعْضٍ} واتا: «ئەوان جوولەکەکان هەندێکیان دۆست و پشتیوان و سەرخەری هەندێکی تریانن، هەروەها گاورەکان هەندێکیان دۆست و پشتیوان و سەرخەری هەندێکی تریانن.»
لە ئێستادا پشتیوانی و دۆستایەتی و سەرخستنیان بۆ یەکتری دەبینین، هەروەک (البقاعی) دەفەرمووێت: "و ئەوان هەموویان هاوڕا و هاوباوەڕن -تەنانەت ئەگەر ئایینیشیان جیاواز بێت- لەسەر کوفر و دوژمنداری ئەم ئایینە."
٩. خودای گەورە دەفەرمووێت: {إِنْ تَكُونُوا تَأْلَمُونَ فَإِنَّهُمْ يَأْلَمُونَ كَمَا تَأْلَمُونَ} واتا: «ئەگەر ئێوە لەوانەوە تووشی ئێش و ئازار و برینداری و ناڕەحەتی ببن، بێگومان بن ئەوانیش هەروەکوو ئێوە تووشی جەزرەبە دەبن، کەچی ئەوان ئارامیان هەیە و کۆڵ نادەن، کەوابوو دەبێت ئێوە باشتر خۆڕاگر بن و ڕاویان بکەن.»
ئەمەش هەمووان لە ڕوانگە و لێدوانی خودی بێباوەڕانەوە بینییان و تەنیا لەکاتی بوونی ململانێ لە نێوان حەق و باتڵدا بوونی هەیە.
١٠. خودای گەورە دەفەرموێت: {يُثَبِّتُ اللَّهُ الَّذِينَ آمَنُوا بِالْقَوْلِ الثَّابِتِ فِي الْحَيَاةِ الدُّنْيَا وَفِي الْآخِرَةِ} واتا: «جا ئەوانە کە باوەڕیان بە خوا و بە گشت بڕیارەکانی خوا هێناوە، بەهۆی ئەم وشە جێگر و نەگۆڕاوەی (لا إله إلا لله)ـوە خوا پێگەیان قایم و جێگیر دەکات لە ژیانی ئەم دونیا و لە ژیانی ئەو دونیا.»
ئەم ئایەتە دەربارەی جێگیربوون لە کاتی پرسیاری فریشتەکانی ناو گۆڕ دابەزیوە و ئەمانەش لەخۆ دەگرێت: جێگیربوون لە کاتی مردندا بە وتنی شەهادەت لە کاتی لەناکاو و ناڕەحەتی و هێرشی دوژمنان، وەکوو چۆن لەم ڕووداوانەی ئەم دواییانە بینیمان.
١١. داگیرکەران ڕاستییەکان دەشارنەوە و دەستکارییان دەکەن، شتانێک دەدەنە پاڵ کەسانێک کە نە وتوویانە و نە کردوویانە، وەکوو خودای گەورە دەربارەیان دەفەرمووێت: {فَوَيْلٌ لِلَّذِينَ يَكْتُبُونَ الْكِتَابَ بِأَيْدِيهِمْ ثُمَّ يَقُولُونَ هَذَا مِنْ عِنْدِ اللَّهِ} واتا: «وەیل و سزای سەخت بۆ ئەوانەیە کە بە دەستی خۆیان تەورات دەنووسنەوە و پاشان دەڵێن: ئەمە لەلای خوداوە هاتووە.»
هەروەها دەربارەیان دەفەرمووێت: {يُحَرِّفُونَ الْكَلِمَ عَنْ مَوَاضِعِهِ}، واتا: «گوتار و فەرموودەی خوا لە جێی خۆی دەگۆڕن و مەبەستەکانی هەڵدەگێڕنەوە.» و ئەمەمان لە ڕووداوەکانی غەززەدا بینی کاتێک کۆمەڵکوژیی نەخۆشخانەیەکیان ئەنجام دا و پاشان خستیانە پاڵ برا فەلەستینییەکانمان.