جەزائیریش ھەڵە بوو؟
جەزائیریش ھەڵە بوو؟
زۆر جار گێمان لێ دەبی دەرێن جەزائیر وڵاتی «ملیۆن شەهید» بەس ئەوە ڕاست نییە، بەڵکوو ڕاستەکە ئەوەیە کە ئەو ژمارەیە زۆر زیاتر لەوەیە، بەس لە ماوەی شۆڕشی ئازادیدا بوو لە ساڵانی (١٩٥٤ تا ١٩٦٢) تەنها لەو شۆڕشە یەک ملیۆن و نیو شەهید بوون!
فەڕەنسا لە ١٨٣٠ جەزائیری داگیر کرد، هەتا ١٩٦٢ واتا (١٣٢) ساڵ، ئاخیر سەرژمێری ڕەسمی کە سەرۆکایەتی جەزائیر لە ساڵی ٢٠٢١ ئیعلانی کردیە، لە ماوەی ئەو داگیرکارییە؛ پێنج ملیۆن و ٦٣٠ هەزار کەس شەهید بوون! کەواتە جەزائیر وڵاتی زیاتر لە پێنج ملیۆن شەهیدە، نەک یەک ملیۆن.
جەزائیرییەکان هەڵە بوون شەڕی نابەرانبەریان کرد دژی داگیرکاری فەڕەنسی، ئەو هەموو خەڵکەیان بە کوشت دا، ئەوە لە کێی شەڕعدا جێی دەبیتەوە؟! کا فیقهی موازەنات و مەقاصید؟ کا حیکمەت و عەقڵ؟ فەڕەنسای گەورەترین زلهێزی ئەو کاتە، بە خەڵکی ڕەشوڕووتی جەزائیری دەردەکرێت؟
هااا... وایە! شەڕی بە وەکالەت بوو ئەویش؟! شۆڕشگێرە جەزائیرییەکان سەر بە چ وڵاتەک بوون؟ ڕزگاریان دەبوو ئەگەر بە «عاقڵی» لێی دانیشتبان؟ بەس لە ڕووداوەکانی ٨ ی پێنجی ساڵی ١٩٤٥ له خۆپیشاندان، ٤٥ هەزار جەزائیری شەهید بوون. ئەوە چ عەقڵیەتەکە خوایە گیان کە پێی وابی خاکی داگیرکراو و پیرۆزییەکان بەبێ قوربانی بگەڕێتەوە!
لیبیا و توونس و مەغریب و عێراق و سووریا و هەموو ئەو وڵاتانەی تریش کە داگیر کرابوون بە سەدان هەزار قوربانیان دا هەتا ئازاد بوون. کاکە باسی موسڵمان هەر مەکە، ڤێتنام زیاتر لە ملیۆن کەسیان لە سەرباز و مەدەنی کوژران، هەتا توانیان ئەمریکا لە وڵاتەکەیان دەر بکەن.
هۆ "حەکیمەکان"! چاوەک بە تاریخدا بخشێنن، هەتا تەحلیلە عەبقەرییەکانتان بەهای هەبیت.
م.ئەیاد ئەحمەد
#ئاستانە_Astana