ئەی موسڵمان بێئومێد مەبە
ئەی موسڵمان بێئومێد مەبە
{وَلَا تَهِنُوا وَلَا تَحْزَنُوا وَأَنتُمُ الْأَعْلَوْنَ إِن كُنتُم مُّؤْمِنِينَ} [آل عمران: ١٣٩]، ئەی موسڵمان، ئەی بەندەی خودا؛ سەرت بەرز ڕابگرە و فرمێسکەکانت بسڕەوە و دڵی خۆت ئارام بکەرەوە و مەهێڵە ناڕەحەتی و ئاستەنگەکانی ڕێگای موسڵمانان دەروونت بڕوخێنن، تۆ دەبێت بزانیت کە ئێمە ئوممەتێک نین کە وەکوو هیندییە سوورەکانی ئەمریکا نەمێنین و لەناو بچین، ئێمە ئوممەتێک نین کە وەکوو یەکێتی سۆڤيیەت بچینە لاپەڕەیەکی مێژووەوە، ئێمە وەکوو ئیمپراتۆرییەتی ڕۆم و فارس هەڵناوەشێینەوە، ئێمە وەکوو ئیمپراتۆری مەنگۆلی نین بەچاو تروکانێک بەهێز بین و پاشان لەسەر نەخشە نەمێنین، ئێمە وەکوو ئیمپراتۆرییەتی بەریتانی نین کە خۆری حوکمڕانی لە کۆتاییدا ئاوا بێت.
هەموو ئوممەتەکان ون دەبن و تیادەچن، بەڵام ئوممەتی ئیسلامی هەمیشە دەمێنێتەوە.
ئەم ڕووداوانەی کە لە غـ ـەززە ڕوودەدەن بێگومان جێگای دڵتەنگیی هەموو موسڵمانێکە، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین کە مێژوو پڕیەتی لەم کارەساتانە، بەڵام نەک بووەتە هۆی لاوازکردنی ئوممەتی ئیسلامی، بەڵکوو بووەتە هۆی دووبارە هەستانەوە و بەهێزبوونی ئوممەت.
چەندین سەدە لە وڵاتانی بەڵقان حوکمێکی ماددیی شیوعی سەپێنرابوو بەسەر ئوممەتدا و دینداری و موسڵمانێتی قەدەغە کرا، بەڵام دەبینیت ئێستا شیوعییەت ڕووخا و موسڵمانان مانەوە.
چەندەها دەیە وڵاتی جەزائیر لەژێر دەسەڵاتی فەڕەنسادا بوو کە دەیانویست بە ناوی شارستانییەتەوە شوناسی موسڵمانان لەناو بەرن و چەندەها ملیۆن موسڵمانیان شەهید کرد لەپێناویدا، بەڵام لە کۆتاییدا شکستیان هێنا و موسڵمانان پێقایمانە لە جێگای خۆیان بەسەربەرزی مانەوە. چەندەها ساڵ زلهێزترین وڵاتی جیهان کە ئەمریکایە بە دەیان هەزار سەرباز و چەک و جبەخانەی پێشکەوتوو شاخ بە شاخ بەدوای موسڵمانانەوە بوو، بەڵام لە کۆتاییدا موسڵمانان مانەوە و ئەمریکا بە لووتشکاوی چووە دەرەوە.
ویستیان مێشکمان بشۆنەوە، ویستیان جینۆسایدمان بکەن، ویستیان بە جۆرەها ڕێگا و میتۆدی ماددی و دونیایی لەناومان ببەن بەدرێژایی زیاتر لە هەزار ساڵ، بەڵام ئێمە هێشتا لێرەین!
بۆچی ئەم هەموو نموونەیە لە مێژوودا دووبارە بووەتەوە؟ چونکە ئێمە ئوممەتی مانەوە و خۆڕاگریین! چونکە ئێمە ئەو ئوممەتەین کە خودا دەفەرمووێت: {لِّتَكُونُواْ شُهَدَاء عَلَى النَّاسِ}، خودا ئێمەی کردووە بە بینەر و بیسەر بەسەر هەموو خەڵکەوە کە هەموو ئوممەت و گەل و دەسەڵاتەکانی جیهان بە بەرچاومانەوە دەبێت بچنە نێو لاپەڕەکانی مێژوو و ئێمەش ئاگادار بین.
ئەوە بزانە کە ئێمە و ئەوان جیاوازین، تاوەکوو ئێمەی موسڵمان قورئانمان هەبێت و چەکی دوعاکردنمان بەدەست بێت، هەردەم سەربەرز و سەرفرازین، هیچ کات ئوممەتی ئیسلامی بە کەم و زەلیل مەبینە لە کاتێکدا خودا دەفەرمووێت: "ئێوە باشترین ئوممەتن."
#ئاستانە_Astana