گفتوگۆکەی عەزیز و ماجید لەسەر قورئان و فەرموودە

گفتوگۆکەی عەزیز و ماجید لەسەر قورئان و فەرموودە

عەزیز: کوا قورئان پێوەرە؟ چەندان فەرموودەتان هەیە پێچەوانەی قورئانە و کەچی دێن مانای ئایەتەکان هەڵدەگێڕنەوە بۆ ئەوەی فەرموودەکە بە ڕاست دەربچێت. 

ماجید: کوا یەک نموونەمان پێ بڵێ؟

عەزیز: فەرموودەی (إِنَّ أَبِي وَأَبَاكَ فِي النَّارِ)، دەی خۆ خوای گەورە دەفەرمووێت: ﴿وَمَا كُنَّا مُعَذِّبِينَ حَتَّىٰ نَبْعَثَ رَسُولًا﴾ ئەو فەرموودەیە دژیەکە لەگەڵ ئەم ئایەتە، چونکە باوک و دایکی پێغەمبەری خوا (ﷺ) ئەهلی فەترە بوون، چۆن دەکرێت پێغەمبەری خوا (ﷺ) وا بفەرمووێت کە دەزانێت ئەهلی فەترەن؟ 

ماجید: برام ئەو بابەتە موغاڵەتەی دونیای تێدایە، بەس پێم خۆشە بە یەک دوو پرسیار وەڵام بدەمەوە. چۆن بزانم کە ئەو کاتەی دایک و باوکی پێغەمبەر (ﷺ) ئەهلی فەترەن؟ کوا خۆ لە قورئاندا باسی ئەو کاتە نەهاتووە، مەگەر تەنیا بە ڕیوایات ئەوە بسەلمێنین؛ جەنابیشت خێرە لێرەدا ڕیوایەتت قبووڵە و بۆ شتی تر قبووڵت نییە؟ ئەمە یەک.
دووەم: کێ ئەو ئایەتەی قەمچاندووەتەوە تا ئەو فەرموودەیە بەڕاست دابنێت؟
سێیەم: بابەتێکی خیلافی لەم جۆرە هیچ شتێک ناسەلمێنێت، بە پێچەوانەوە قسەکەی من دەسەلمێنێت، چونکە زۆرێک لەوانەی ئوسووڵی و فەقیھ و فەرموودەناسن تێبینییان هەیە لەسەر ئەو فەرموودەیە و دەڵێن موخالیفی واقیعە و مەعلوولە و هیچیشیان قورئانی نین، بۆیە ئەوە پاساو نییە بۆ قورئانیبوون، بەڵگەیەک بێنەوە کە هاوکارت بێت و حاشاهەڵنەگر بێت.

عەزیز: لە جێیەکی تر خوای گەورە دەفەرمووێت: ﴿وَمَا عَلَّمْتُم مِّنَ الْجَوَارِحِ مُكَلِّبِينَ تُعَلِّمُونَهُنَّ مِمَّا عَلَّمَكُمُ اللَّهُ  فَكُلُوا مِمَّا أَمْسَكْنَ عَلَيْكُمْ﴾، دەی ئەمە دژیەکە لەگەڵ فەرموودەکەی پێغەمبەر (ﷺ) کە باسی جێدەمی سەگ دەکات و دەبێت حەوت جار بشۆردرێتەوە. 

ماجید: بە پێچەوانەوە، هیچ دژیەک نین، بەڵکوو تەواوکارییەکی جوانە. ئایەتەکە باسی سەگی فێرکراو دەکات و کاتێک خوێنەری ئایەتەکە پرسیاری بۆ دروست دەبێت لەسەر ئەو سەگانەی کە فێرکراو نین، وەڵامەکەی لە فەرموودەدا دەست دەکەوێت کە بە هیچ جۆرێک جائیز نییە، چونکە شوێن دەمەکەی بۆ قاپ و قاچاخیش پیسە و دەبێت پاک بکرێتەوە و زیانەکانی بنبڕ بکرێت، بۆیە تکام وایە بەڵگەیەک بهێنیتەوە کە فەرموودەیەک لای زانایانی ئەهلی سوننە ئیعتیباری هەبێت و لە ئەسڵیشدا دژبەیەک بێت لەگەڵ قورئان.

لە پەرتووکی: «ئێستا کاممان قورئانیین؟»
نووسینی: «ڕاشد ئیکرام»

#ئاستانە_Astana 
#کتێبەکانی_ئاستانە

2/25/2024 1:08:07 PM