سام ھاریس و ویستی ئازاد!

سام ھاریس و ویستی ئازاد!

«سام هاریس» لە پەڕتووکی (free will) باس لەوە دەکات کە مرۆڤ خاوەنی ویستی ئازاد نییە، ئیرادەی نییە، بەڵکوو بەرنامەڕێژ کراوە بە کۆمەڵێک بەرنامەی فیزیایی و کارەبایی. لەڕاستیدا ئەمە وتەیەک نییە کە «سام هاریس» و بێباوەڕان بەئاسانی بەسەریاندا تێ بپەڕێت، چونکە کاتێک مرۆڤ خاوەن ئیرادە و ویست نەبوو، واتایەک بۆ ژیانی نامێنێتەوە، بەهایەک بۆ بوونی نامێنێتەوە، ئەسڵەن بەم دید و تێڕوانینەوە دژی لۆجیک و هەموو بەهاکان دەوەستێتەوە.

 لەبەرئەوەی ئەگەر کەسێک بیەوێت دەستدرێژی سێکسی بکاتە سەر کەسێکی تر، یان کەسێک بیەوێت خۆی بکوژێت، یان دزی بکات و درۆ بکات، ناتوانرێت ڕێگری لێ بکرێت، چونکە تاوانبارەکە لە وەڵامدا دەڵێت: "من بە ویستی خۆم ئەم کارە ناکەم!" ئەسڵەن بەپێی ئەم دیدە تاوانبار بوونی نابێت، کەسێک کە ویست و ئیرادەی نەبێت، ئیتر تاوانی نەکردووە، کەسی بێباوەڕ زۆر بەئاسانی لەبەردەم دادوەردا لە دادگا دەڵێت: "قوربان! من بە ویستی خۆم ئەو کارەم نەکردووە، ئیتر چۆن تۆ من سزا دەدەیت؟!"

بە کوردی و پوختی، کەسی بێباوەڕ لەبەردەم دادوەردا لەبری ئەوەی وەک کەسێکی ئاسایی بڵێت: "بەهۆی تووڕەبوونمەوە، یان هەر هۆکارێکی تر ئەو تاوانەم کرد." دەڵێت: "فیوزم کرد." یان "حاڵی کارەباییم تێک چووە!" یان ناتوانیت بە کەسێک بڵێیت: "خۆت مەکوژە!" چونکە دەڵێت: "من بەپێی ویستی خۆم خۆم ناکوژم." ئەسڵەن ئەم بیرکردنەوەیە واتا «سام هاریس» بەپێی ویستی خۆی پەڕتووکی (free will)ـی نەنووسیوە! واتا بێباوەڕان بەپێی ویستی خۆیان نەبوون بە بێباوەڕ، واتا هیتلەر بە ویستی خۆی خەڵکی نەکوشت، واتا جەنگە جیهانییەکان ویستی مرۆڤی تێدا نەبوو! واتا خوێنەر بە ویستی خۆی ئەم نووسینە و پەڕتووکەکەی «سام هاریس» ناخوێنێتەوە!

بۆیە بڵاوبوونەوەی ئەم فکرە، واتا بڵاوبوونەوەی فکری تیرۆریزم، واتا ڕێگەدانی هەموو کارە نائەخڵاقییەکان.
ئەم دیدە، وا لە مرۆڤ دەکات بێدەنگ ببێت لە ئاست هەموو تاوانەکاندا، ئەگەر هەڵوێستی هەبێت دەکەوێتە دژیەکییەوە، چونکە ناکرێت کەسێک باوەڕی وا بێت لە ئازادی، ویست بوونی نییە، لە هەمان کاتیشدا هەوڵ بدات ویستی کەسێک بگۆڕێت کە دەیەوێت تاوان بکات.

سەرەڕای هەموو ئەمانە، هێشتا بێباوەڕ هەیە دەیەوێت ببێت بە توێژەری کۆمەڵایەتی و پزیشکی دەروونی، یان پەڕتووک لەسەر دەروونزانی دەنووسێت، ئاخر بێباوەڕێک بڕوای بە ئازادی ویست نەبێت، چۆن کێشە کۆمەڵایەتییەکان چارەسەر دەکات؟!

#ئاستانە_Astana

3/7/2024 11:14:47 AM