لە سۆنگەی (8/3) ڕۆژی جیهانیی ژنانەوە - زنجیرەی یەکەم

لە سۆنگەی (8/3) ڕۆژی جیهانیی ژنانەوە - زنجیرەی یەکەم

ڕوون و ئاشکرایە پاش هاتنی ئایینی ئیسلام، جەختکردنەوەی تەواوی لەسەر گۆڕانکارییە ڕەوشتی و ئاکارییەکان بوو، لەو بوارەشدا هەوڵێکی زۆر جددی لەسەر ئەوە بوو کە ئەو مۆرکەی ژن پێش ئیسلام هەیبوو بە تەواوی بگۆڕێت بۆ وێنایەکی تر، بۆیە لە چوارچێوەی فەرموودەکانیدا دەبینین گۆڕانکارییەکی زۆر باشی ئەنجام دا لەسەر ژنان بۆئەوەی ئیدی وەک کەسایەتی دەربکەوێت.

ئێمە لەم زنجیرەیەدا هەر جارێک فەرموودەیەک دەهێنینەوە لەسەر ئەو شوناسەی ئیسلام بە ژنانی بەخشی و پیشانی دان کە ئیدی ئێوە ڕێزلێگیراون و ئەو مرۆڤە نین پێش ئیسلام پاش خرابوون.
لەو سۆنگەیەشەوە فەرموودەیەکمان هەیە کە دەفەرمووێت: (نهی رسول الله صلی الله علیه وسلم أن یطرق الرجل أهله لیلا، أو یخونهم، أو یلتمس عثراتهم.) [رواه جابر بن عبدالله، صحیح سنن الدارمي ج2، رقم: 2681، تحقیق: الشیخ محمد صبحي بن حسن حلاق.] واتە: «پەیامبەری خودا (ﷺ) ڕێگری لەوە کردووە کە پیاو لە درەنگانی شەودا کە لە سەفەر دەگەڕێتەوە بچێتەوە لای خێزانەکەی (نەوەک خێزانەکەی بترسێت)، یان بە خیانەتکردن تۆمەتباریان بکات و دڵپیسییان لێ بکات، یان بەدوای هەڵە و عەیبیاندا بگەڕێت. 

ئەم فەرموودەیە ئاماژەیەکی گرنگ و جوانی تێدایە و پێمان دەڵێت کە پیاو هێندە دەبێت ڕێزی هەست و ناخی خێزانەکەی بگرێت کە بووە شەو بۆی نییە بچێتەوە ماڵەوە بۆ لایان، چونکە لەوەیە ئامادەکارییەکیان نەبووبێت، یان ترس و بیمێکیان لە لا دروست بکات، بۆیە پێویستە پێشوەختە هەژماری ئەوە بکات چۆن و لە چ کاتێکدا خێزانەکەی خۆشی ببینێت. هەروەها دژی ئەوە وەستاوەتەوە ئەم پیاوە مامەڵەیەکی ناشیرین و ناشایستە لەگەڵ خێزانەکەیدا بکات و لەم سۆنگەیەشەوە باسی لەوە کردووە دوور بکەوێتەوە لە چەند کردارێک کە بریتین لە:
- تۆمەتباریان نەکات بە خیانەت.
- دڵپیسییان بەرانبەر نەکات.
- بەدوای هەڵە و کەموکورتییەکانیاندا نەگەڕێت.

وەک دیارە هەموو مرۆڤێک خاوەن کۆمەڵێک لایەنە کە تایبەتە بە خۆیەوە، پەیامبەر پیاوەکانی فێر کردووە کە نەچنەوە بەدوای ئەم لایەنانەی خێزانەکەی و هەوڵ نەدات بەدەری بخات و پیشانی کەسانی دیکەشی بدات، تەنانەت ئەگەر کەسانی نزیکیش بن لەخۆیەوە.

هەروەها دژی ئەوە وەستاوەتەوە پیاو دڵپیسی لە خێزانەکەی بکات، ڕوونە کە غیرە لە هەموو مرۆڤێکدا هەیە، بەڵام کە بووە دڵپیسی ئیدی ئەوە بەشێکە لە گرفتی دەروونی و دەبێتە هۆکاری بێزاربوونی بەرانبەرەکەی، هەر بۆیە لەگەڵ ئەمەدا باسی لە تۆمەتبارکردن بە خیانەت کردووە، چونکە زۆر جار ئەو تێڕوانینە لە زیادەڕەویی هەستکردن بە دڵپیسییەوە دروست دەبێت.

ئەمە پێمان دەڵێت کە ئایینی پیرۆزی ئیسلام تا چ ڕادەیەک چووەتە قووڵایی ناخی هەردوو ڕەگەزەوە و چۆن پیاوەکان فێر دەکات مامەڵەیەکی ئاکارییانە لەگەڵ خێزانەکانیاندا بکەن. 

کە وا بێت لە لای ئێمە لەگەڵ کردنەوەی هەر لاپەڕەیەکی قورئان و فەرموودەکانی پەیامبەر (دروودی خودای لێ بێت) هەشتی مارسە.

#ئاستانە_Astana 
#سەرابی_فێمێنیزم

3/7/2024 8:22:20 PM