ڕەمەزان لە کۆن و نوێدا

ڕەمەزان لە کۆن و نوێدا

- پلانی ئەوان لە ڕەمەزاندا بەخەبەرهێنان و ڕزگارکردنی ئوممەتان بوو، بۆیە براوە و کاربەدەست بوون. پلانی ئێستا ڕێککردنەوەی خەوە، بۆیە فاشیل و چەوسێنراوەین، لە پەندی سینییەکانیشدا دەڵێت: "فەشەل لە پلاندا بۆ پلانی فاشیل دەگەڕێتەوە."

- ئەوان لە ڕەمەزاندا قسەیان کەم دەکرد، مونافەسەیان لەسەر عەمەلکردن بوو. ئێستا وتە و قسەی پێش ڕەمەزانیش دەخرێتە ئەم مانگەوە، مونافەسەش لەسەر بەرنامە و قسەی زۆرە.

- ئەوان چاوەڕێی ڕەمەزانیان دەکرد تا ببەخشن. ئێستا چاوەڕێ دەکرێت تا زەکاتی تێدا بچێنرێتەوە!

- ئەوان پێش ڕەمەزانیش بە ئەستەم تێریان بخواردایە (عن ابن عمر رضي الله عنهما قال: ما شبعت منذ أسلمت.) کەچی ئێمە دڵخۆشین کە بەڕۆژووین و برسیمان نەبووە! لەوەش خراپتر تووشی جیلێک بووین گەدەی دەبڕێت لە تێریدا!

- ڕەمەزان لە لای ئەوان ئاشتی و برایەتی پتەوتر دەبوو. ئێستا نیقاش و خیلافەکان لەو مانگە زیاتر دەبن.

- ئەوان وریا بوون شەوانیش ئارامیان نەبوو. ئێمە لە بێئاگاییمان ڕۆژانیش بە ئارامی دەنوین، ئەبجەدیاتی سەربازیش دەڵێت: "ئەگەر ڕێگەت ئارام بوو بزانە لە کەمیندایت!"

- ئەوان شانازییان بە کرداری خۆشیانەوە نەدەکرد، بەدەم تەقواوە دەگریان. ئێستا شانازی بەکردارێکەوە دەکرێت کە هیی خۆیان نییە، بە نموونە شانازی بە قەرەباڵغیی مزگەوتی فڵان و فیسارەوە دەکرێت کە نیشانەی قیامەتە: (لا تقوم الساعة حتى يتباهى الناس في المساجد.)

لە کۆتاییدا:
ڕەمەزانی ئەوان لە دژی ستەم بوو، یارییان بە گیانیان دەکرد. کەچی ئێستا هەر بە شاشەکانیان یاری بە ڕۆحمان دەکەن!

نووسینی: د. ئەحمەد ڕازی
#ئاستانە_Astana

3/19/2024 1:30:19 PM