تەحریفکردنی چەمکی ئافرەت لە لایەن فێمینیستەکانەوە!

تەحریفکردنی چەمکی ئافرەت لە لایەن فێمینیستەکانەوە!


ئایا ڕاستە ژن بە ژنێتی نایەتە دونیاوە؟ ئایا کۆمەڵگە و بواری ژیان ڕەگەز دیاری دەکات بۆ مرۆڤەکان؟ بۆچی شەپۆلی دووەمی فێمینیزم بە شەپۆلی توندڕەویی فێمینیزم ناو دەبرێت؟ «سیمۆن دی بۆڤوار» چ ڕۆڵێکی هەبووە لە تەحریفکردنی چەمکی ئافرەتدا؟ بۆچی فێمینیزمی بوونگەرایی مەترسییە لەسەر ڕەگەزی مێ؟


شەپۆلی دووەمی فێمینیزم لە ئەمریکا لە ساڵی ١٩٦٥ و لە ئەورووپا لە ساڵی ١٩٦٧ دەست پێ دەکات. لەو کاتەدا بەپێی وتەی فێمینیستەکان، فێمینیزم لە لوتکەی خۆیدا بووە.


دەکرێت شەپۆلی دووەمی فێمینیزم بە «شەپۆلی توندڕەویی فێمینیزم» ناو ببرێت، چونکە فێمینیستەکان لە پلەی بەرگریکردن لە ڕەگەزی مێوە چوونە ناو جەنگی دژ بە پیاوەوە. پیاو وەک بوونەوەرێک تەماشا دەکرا و ئافرەتیش وەک بوونەوەرێکی دیکە. وردە وردە فێمینیستەکان ئەوەیان خستە مێشکی ئافرەتەوە کە پیاوان دوژمنیانن، تا وای لێ هات پیاوانیش بە هەموو شێوەیەک دژی فێمینیزم بوەستنەوە و نازناوی قەبیح و سووکایەتییان لێ بنێن. وەک لە سەروبەندی یادەوەرییەکانی «مارگرێت واڵتەرز»دا دەردەکەوێت کە باس لە هێرشی توندی هەڵگەڕاوە لە دژی فێمینیزم و دەستکەوتەکانی فێمینیزم دەکات. سێیەمین کۆمەڵە وتاری «جوولیەت میچێل» (Juliet Mitchel) و «ئان ئۆوکلێی» (Ann Oakley) دەگێڕێتەوە کە ناوی وتارەکەیان نابوو «کێ لە فێمینیزم دەترسێت؟» لەگەڵ وێنەیەکی کارتۆنیی گورگێکی زەبەلاحی دڕندە لەسەر بەرگی دەرەوەی کۆمەڵە وتارەکەدا.


لە وتارەکەدا لەوە دەدوان کە هێرشی بەردەوام بۆ سەر فێمینیزم ڕقێکی گەورەتر دژی خانمان دەردەخات. باس لە کۆمەڵێک سووکایەتی و جنێو و قسەی ڕەق دەکات کە پیاوانی ئینگلتەرا و ئەمریکا بەرانبەر فێمینیزم بەکاریان دەهێنا، وەک: «ژنی ڕق لە پیاو» و «قـ.ـەحبەی پیاو نەزۆککەر -یان قـ.ـەحبە نەزۆککەرەکان-» و «ژنە شەڕانگێزەکان» و «ژنە جادووگەرەکان». ئەمەش وای کرد ئافرەتانی فێمینیزم زیاتر سوور بن لەسەر بۆچوونەکانیان و مامەڵەیان لەگەڵ پیاوان ڕەقتر بێت.


شەپۆلی دووەم لەو کاتەوە دەست پێ دەکات کە بەشێک لە داواکارییەکانی شەپۆلی یەکەم جێبەجێ کرابوون و هاتبوونە دی؛ وەکوو مافی خوێندن و مافی کارکردن و مافی دەنگدان. بەڵام بەپێی تێڕوانینی فێمینیستەکانی شەپۆلی دووەم هیچ کام لە داواکارییەکان بە تەواوی جێبەجێ نەکراون و کەموکورتییان پێوە دیار بووە. هەروەها پێیان وا بوو کە بزووتنەوەی شەپۆلی یەکەم بە گریمانەیەکی هەڵە کۆتایی هاتووە، وەک ئەوەی کە ئافرەتەکان ناتوانن هەموو کارێک بکەن، یاخود هەموو ئافرەتان کار ناکەن. لێرەوە هەنگاوی ئەوەیان نا کە پیاوان چی دەکەن لە کۆمەڵگەدا دەبێت ئافرەتانیش بیکەن. لێرەوە بەپێوەربوونی پیاو دەستی پێ کرد، فێمینیستەکان پیاویان کرد بە پێوەر بۆ ژنان. ئەگەر پیاو کارێکی بکردایە و ئافرەتەکە دووبارەی نەکردایەتەوە ئەوا بۆ ژن کەموکورتی بوو.


شەپۆلی یەکەم زیاتر باسی مافی ئافرەتی دەکرد لە کۆمەڵگە، بەڵام شەپۆلی دووەم هەوڵی گۆڕینی هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و مەدەنیی ئافرەتی دەدا لە کۆمەڵگەدا، واتە داوای داڕشتنەوەی سەرلەنوێی کۆمەڵگەی دەکرد. لێرەوە بابەتەکانی: ژیانی جنسی، سەرجێیی، خێزان، شووکردن، بوون و نەبوونی منداڵ، ئازادی جەستەی ئافرەت و کۆمەڵێک بابەتی تر لە لایەن فێمینیستەکانەوە گرنگی پێ درا.


هەوڵی بەیاساییکردنی لەباربردنی کۆرپەلەیان دەدا. ئەم كەسانە لەو بڕوایە دابوون كە بۆ ڕزگاركردنی ژن، دەبێت ڕۆحیەتی ژنانەبوون لەناو ببرێت، هێندە زێدەڕۆییان كرد كە جەختیان لەسەر ڕواڵەتی پیاوانە وەک: قژی كورت، پێڵاوی بن تەخت، قات و بۆینباخ دەکردەوە. ئامانجەکەشیان لەم هەڵسوکەوتە وەک ژنەکانی سەدەکانی ناوەڕاست نەبوو، ژنەکانی سەدەکانی ناوەڕاست بۆ ئەوە جلی پیاوانەیان لەبەر دەکرد تا بخوێنن و بچنە زانکۆکان. بەڵام گۆڕینی ڕواڵەتی فێمینیستەکانی شەپۆلی دووەم تەنیا بۆ خۆجوانکردن و دەرچوون بوو لە ڕواڵەتی ژنێتی.


بگرە زیاتر لەمەش ڕۆیشتن و ئافرەتیان بە تەواوی لە ئافرەتێتی لە واتا باوەکە دەرکرد. هەوڵیان دەدا پێناسێکی نوێ بۆ ڕەگەزی نێر و مێ دابڕێژنەوە. هەروەکوو «بیتی فریدان» داوای دووبارە دروستکردنەوەی نەخشە و وێنەی ڕۆشنبیری بۆ مێیینە لە ڕەگ و ڕیشەوە دەکرد، چونکە هەر ئەوە دەتوانێت و ڕێ بە ئافرەت دەدات بگاتە قۆناغی پێگەیشتن و ناسنامە و کامڵبوونی خوود. دەکرێت بوترێت بوونیادی ئەم بیرەش لە لایەن «سیمۆن دی بۆڤوار»ەوە بووە لە ساڵی ١٩٤٩ کە بەشێکی زۆری تیۆرەکانیشی لە دوای ساڵی ١٩٧٠ەوە کاریان لەسەر کراوە. سیمۆن دی بۆڤوار پێی وا بوو هیچ کەسێک لەدایک نابێت وەک ئەوەی کە هەیە، بەڵکوو بوونی مرۆڤەکان دەرەنجامی کۆمەڵێک هەڵبژاردەیە کە لە ژیانیاندا دەیگرنە بەر. کاتێک ئەو سەرچاوانەی کۆمەڵگە بۆ مرۆڤەکانی فەراهەم کردووە و خۆی پێ بوونیاد دەنێت تەنیا بەهاکان دروست ناکات، بەڵکوو لەو ڕێگەیەوە خۆشی دروست دەکات و بوونەکەی دەرەنجامی هەڵبژاردەکانییەتی.

 

لێرەوە «لدی بۆڤوار» بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئافرەتی لە سروشتی خۆی دوور خستەوە بە ناوی دووبارە پێناسەکردنەوەی ئافرەتەوە. «سیمۆن» دەیوت: "مرۆڤ بە ژنی نایەتە دونیاوە، بەڵکوو دەبێتە ژن." ئەم وتەیەش دواتر بوو بە دروشمی فێمینیزمەکان و بەردەوام دەیانوتەوە و ئێستاش لە سەدەی ٢١دا فێمینیستەکان لەسەر ئەم بناغەیە کار دەکەن. زۆرێک لەوانەی ئێستا بانگەشەی فرەجێندەری دەکەن، یان ئەم وتەیە بناغەیانە، یان لەگەڵ سیمۆن دی بۆڤواردا گەڕاونەتەوە بۆ ڕەگی لەپێشینەی فەلسەفەی بوونگەرایی، چونکە ئەم ڕوانینە باوەڕی بە سروشتێکی دیاریکراو بۆ مرۆڤ نییە.


سیمۆن دی بۆڤوار پێی وا بوو کە ژنیش وەکوو بوونەوەرێکی مرۆیی ناتوانێت سروشتێکی تایبەتی هەبێت، بەڵکوو بە گوێرەی بوونی خۆی مەیلی هەبێت توانا فیکری و هەستی و ڕۆحییەکانی خۆی شکۆڤە بکات و وەڵامی پرسە جەستەیی و دەروونییەکانی خۆی بداتەوە. بەڵام پێی وا بوو کۆمەڵگە ڕێگرە و ئەم توانایانەی لە ئافرەت وەرگرتووەتەوە، بۆیە هەوڵی ئەوەی دەدا سەرلەنوێ ئافرەت پێناسە بۆ بوونی دابڕێژێتەوە و بچێتە نێو پێگە سیاسی و یاساییەکان و لەو ڕێیەوە گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە فیتڕەتی ئافرەتدا بکەن.


تێبینییەک:

پێویستە بزانین کە ئەگەر مرۆڤ لەسەر ئەم بناغەیە بوونی خۆی دابڕێژێت، ئەوا کارەسات ڕوو دەدات و بەهایەک بۆ پیاو و ئافرەت نامێنێتەوە، چونکە ئەم ڕوانینە بەو شێوە ڕووکەشییە نییە کە تەنیا بڵێیت: "پێناسێکی نوێ بۆ ئافرەت دادەڕێژینەوە بۆئەوەی وەک پیاو مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت لە کۆمەڵگەدا." بەڵکوو ئەمە بوونی ئافرەت دەگۆڕێت، نەک هەر ئافرەت، پیاویش ئەگەر ئەمە بناغەی بوونەکەی بێت لە پیاوەتی دەردەچێت. هەر ئەمەیە وای لە کەسانێک کردووە لە ئێستادا بڵێن: "ڕاستە من بە جەستە پیاوم، بەڵام لە ناخدا هەست دەکەم کە ئافرەتم." ناکرێت ئێمە تەنیا بەشێکی بچووکی ئەم قسەیەی دی بۆڤوار وەربگرین و بیر لە ئەنجامەکەی نەکەینەوە.


لە ئەنجامی ئەم فیکرەوە کۆمەڵێک چەمکی تر بۆ مرۆڤەکان لەژێر ناوی ئازادیی جێندەریدا دروست بوون، مرۆڤیان لە سروشتی مرۆڤبوون دەرکردووە، وەک: (NON-BINARY) کە بە واتای ڕەتکردنەوەی سیستەمی دوانەیی «نێر و مێ» دێت. یان (MIRRORGENDER) کە کۆمەڵە مرۆڤێکی لە فیتڕەتدەرچوون و ڕەگەزی خۆیان پەیوەست کردووە بە چواردەورەکەیانەوە. یاخود (OMNIGENDER) کە ئەم جۆرەیان خۆی لە هەموو ڕەگەزەکاندا دەبینێتەوە. جۆرێکی تریشیان بریتییە لە (AFFECTUGENDER) کە ئەم جۆرەیان مرۆڤانێک دەگرێتەوە کە ڕەگەزیان پەیوەندی بە میزاجیانەوە هەیە، واتە هەندێک کات نێرن و هەندێک کات مێ. جۆرێکی تری سەیرتر هەیە بە ناوی (ALEXIGENDER) کەسێک دەگرێتەوە کە خۆی لە یەک ڕەگەز زیاتر دەبینێت، بەڵام ناشزانێت ئەو ڕەگەزە چییە! جۆرێکی تریش هەیە بە ناوی (AMBONIC)، ئەمەیان بریتییە لەو کەسەی کە خۆی هەم بە مێ دەزانێت هەم بە نێر، لە هەمان کاتیشدا خۆی بە هیچیان نازانێت!


هەموو ئەمانە دەرهاویشتەی فیکرێکن کە دەڵێت: "مرۆڤ دەبێت خۆی پێناسە بۆ خۆی دابڕێژێتەوە." هەر ئەم قسەیەشە مرۆڤ تووشی نەخۆشیی دەروونی دەکات و لەژێر ناوی ئازادی و فرەجێندەریدا خەیاڵە پڕوپووچ و نالۆجیکی و دژە فیتڕەتی دەکات.


لێرەدا دی بۆڤوار وا دەریدەخات کە بەرگری لە ئافرەت دەکات و دەیەوێت وا لە ئافرەتان بکات شانازی بە ڕەگەزەکەیانەوە بکەن؛ بەڵام ئەو ئافرەتەی ئەو دەیەوێت ئەو ئافرەتە نییە کە بە سروشتی بایۆلۆجی خۆی لەدایک بووە و هاتووەتە بوون، ئەوە نییە کە خودا دروستی کردووە، بەڵکوو بوونەوەرێکە کە فیکرێکی دوور لە فیتڕەت، یان سیستەمێکی سەرمایەداری پێناسی پێ دەدات و ئافرەتی بە واتا حەقیقییەکەی قبووڵ نییە. واتا ئەم پێناسەیە پێناسەی ئافرەت نییە، بەڵکوو تەحریفکردنی چەمکی ئافرەتە.


#ئاستانە_Astanat

#سەرابی_فێمێنیزم

5/26/2024 9:56:58 AM