قودس موڵکی کێیە؟!

قودس موڵکی کێیە؟

زۆرجار و لە زۆر شوێندا، دەبیستین کە قودس و فەلەستین موڵکی یە؍هوودییەکانە و هیچ پەیوەندییەکی بە خاکی عەرەبەوە نییە، بەڵکوو عەرەبەکان لە سەردەمی خەلیفەی دووەمی ڕاشدینی -عومەری کوڕی خەتتاب (ڕەزامەندی خودای لێ بێت)- چوونەتە ناو خاکی فەلەستین و قودسەوە. پێیان وایە قودس و فەلەستین لەلایەن عەرەبەوە زەوتکراون و پێویستە بۆ خاوەنەکەی  بگەڕێندرێنەوە کە یە؍هوود و ئیسرائیلییەکانن.

بۆیە باشترین کار ئەوەیە، ئەم بابەتە پێویستە لە ڕوانگەی دەقە پیرۆزەکانەوە یەکلایی بکرێتەوە، کە لێرەدا زیاتر ‹تەورات و قورئان› ڕۆڵ دەبینن، نەوەك گوتەی هیچ کەسێکی دیاریکراو!

سەرەتا، پێش هەموو شتێك ئێمە دەبێت بزانین یە؍هوودییەکان لە بنەڕەتەوە بە هیچ جۆرێك خەڵکی فەلەستین نەبوون. بنچەی یەهوودییەکان دەگەڕێتەوە سەر دوازدە کوڕەکەی یەعقوب کە بریتین لە: (یوسف، بنیامین، یەهوودا، لاوی، شەمعوون، زەبولون، یاساکر، ڕوبین، دان، نەفتالی، جاد، عەشیر).

یەعقوبی باوکیان، ناسراو بە «ئیسرائیل»، کوڕی ئیسحاقی کوڕی ئیبراهیمە (درودی خودای لێبێت). ڕوون و ئاشکراشە کە ئیبراهیم لە بنەڕەتدا خەڵکی فەلەستین نەبووە، بەڵکوو هەر وەک تەورات پێمان دەڵێت؛ خەڵکی شاری ئووری وڵاتی 'میزۆپۆتامیا' بووە کە دەکاتە باشووری عێراقی ئەمڕۆ.

دواتر، بە هۆی ئەو کێشانەی لەگەڵ نەمروود و نەتەوەکەی دووچاری بوویەوە، بەرەو (حەڕان) کۆچی کرد کە ئێستا دەکەوێتە چوارچێوەی پارێزگای ڕوها (ئورفا)ی باکووری کوردستان، دواتریش بەرەو فەلەستین بەڕێکەوتووە.

ئەمەش لە سفری پێکهاتن (تکوین): بەشی ١١: بڕگەی ٢٧ - ٣٢ باس کراوە کە دەڵێت:

[²⁷ ئەمانەش نەوەکانی تارەحن: تارەح ئەبرام و ناحۆر و هارانی بوو، هارانیش ڵوتی بوو.
²⁸ هاران پێش تارەحی باوکی لە شاری ئووری کلدانییەکان مرد، لەو خاکەی تیایدا لەدایك ببوو.
²⁹ ئەبرام و ناحۆر هەردووکیان ژنیان هێنا، ژنەکەی ئەبرام ناوی سارای بوو، ژنەکەی ناحۆریش ناوی میلکەی کچی هاران بوو، کە هاران باوکی میلکە و یەسکە بوو. 
³⁰ سارای نەزۆک بوو، منداڵی نەبوو. 
³¹  تارەح ئەبرامی کوڕی و ڵوتی کوڕەزای کە کوڕی هاران بوو، لەگەڵ سارایی بووکی کە ژنی ئەبرامی کوڕی بوو، برد و پێکەوە لە ئووری کلدانییەکانەوە بەڕێکەوتن تا بچنە خاکی کەنعان. بەڵام کاتێک هاتنە حەڕان، لەوێ نیشتەجێ بوون.
³² ئینجا تارەح لە تەمەنی دوو سەد و پێنج ساڵیدا لە حەڕان مرد.]

‌پاش ئەمە گفتوگۆیەکی سەرنجڕاکێش لە تەوراتدا تۆمارکراوە -لەنێوان ئیبراهیم و خودادا- کە لەو کاتەدا ئیبراهیم هێشتا نەبووەتە خاوەن منداڵ. دیارە ئەو کاتە ئیبراهیم لە خاکی فەلەستیندا بووە، خەمی ئەوەی بووە کە بەبێ نەوەیی کۆچی دوایی بکات و ویستوویەتی ئەوەی خودا پێی بەخشیوە بڵاو ببێتەوە. بەڵام خودا بەڵێنی دەداتێ کە نەوەی پێ دەبەخشێت و نەوەکانیشی دەکاتە خاوەنی ئەو خاکە کە (فەلەستینە).

لە تەوراتدا هاتووە:
[¹ لە پاش ئەم ڕووداوانە، لە بینینێکدا فەرمایشتی یەزدان بۆ ئەبرام هات و فەرمووی:
«مەترسە ئەی ئەبرام، من قەڵغانم بۆت، پاداشتت زۆر مەزنە.»
² بەڵام ئەبرام فەرمووی: «ئەی یەزدانی باڵادەست، چیم دەدەیتێ کە من هەروا وەجاخ کوێر بم و میراتگری ماڵم ئەلیعەزەری دیمەشقییە؟»
³ هەروەها ئەبرام گوتی: «هیچ وەجاخێکت نەداومەتێ، ئەوەی لە ماڵەکەم لەدایك بووە وا دەبێتە میراتگرم.»
⁴ لەو دەمەدا فەرمایشتی یەزدانی بۆ هات و فەرمووی: «ئەمە نابێتە میراتگرت، بەڵکوو ئەوەی لە پشتی تۆوە دێت، ئەو دەبێتە میراتگرت.»
⁵ ئینجا بردییە دەرەوە و فەرمووی: «سەیری ئاسمان بکە و ئەستێرەکان بژمێرە، ئەگەر دەتوانیت.» هەروەها پێی فەرموو: «نەوەکەت ئاوا دەبێت.»
⁶ جا ئەبرام باوەڕی بە یەزدان هێنا و ئەویش ئەمەی بە ڕاست و دروستی بۆ دانا.
⁷ هەروەها یەزدان پێی فەرموو: «من یەزدانم، ئەوەی لە ئووری کلدانییەکانەوە تۆی هێنایە دەرەوە، هەتاکوو ئەم زەوییەت بە میرات پێ ببەخشێت.»
⁸ بەڵام ئەبرام فەرمووی: «ئەی یەزدانی باڵادەست، چۆن بزانم کە من دەبمە میراتگری ئەم زەوییە؟»
⁹ یەزدانیش پێی فەرموو: «گوێرەکەیەکی مێینەی سێ ساڵە، بزنێکی سێ ساڵە، بەرانێکی سێ ساڵە، قومرییەك و کۆترێکم بۆ بهێنە.»
¹⁰ ئەمانەی هەموو بۆ هێنا و لە ناوەڕاستەوە لەتی کردن، لەتی هەریەکەشیانی بەرانبەر ئەوی دیکە دانا، بەڵام باڵندەکانی لەت نەکرد.
¹¹ ئینجا سیسارکە کەچەڵەکان بۆ سەر کەلاکەکان هاتنە خوارەوە، بەڵام ئەبرام دووری خستنەوە.
¹² کە خۆر بەرەو ئاوابوون دەچوو، ئەبرام کەوتە خەوێکی قووڵەوە و لەناکاو تاریکییەکی ترسناك و سەختی بەسەردا هات.
¹³ ئینجا یەزدان بە ئەبرامی فەرموو: «بە دڵنیاییەوە بزانە کە نەوەکانت لە خاکێکی نامۆ دەبن کە هی خۆیان نییە، دەبنە کۆیلەیان و چوار سەد ساڵ دەیانچەوسێننەوە.
¹⁴ بەڵام سزای ئەو نەتەوەیەش دەدەم، کە نەوەکانت وەک کۆیلە خزمەتیان دەکەن. لە پاش ئەوە بە دەستکەوتێکی زۆرەوە دێنە دەرەوە.
¹⁵ بەڵام تۆ بە سەلامەتی دەچیتە لای باو و باپیرانت و لە تەمەنێکی باشی پیریدا دەنێژرێیت.
¹⁶ لە نەوەی چوارەمیشدا، نەوەکانت دەگەڕێنەوە ئێرە، چونکە هێشتا تاوانی ئەمۆرییەکان نەگەیشتووەتە ڕادەی خۆی.»
¹⁷ ئینجا کاتێک خۆرئاوا بوو و تاریکی داهات، لەناکاو تەنوورێکی پڕ دووکەڵ و مەشخەڵێکی داگیرساو دەرکەوت و بە نێوان ئاژەڵە دوولەتکراوەکاندا تێپەڕی.
¹⁸ لەو ڕۆژەدا یەزدان پەیمانێکی لەگەڵ ئەبرامدا بەست و پێی فەرموو: «ئەم خاکە دەدەمە نەوەکانی تۆ، لە ڕووباری میسرەوە هەتا ڕووبارە مەزنەکە، ڕووباری فورات.»]

کەواتە، خاکەکە میراتە بۆ نەوەکانی ئیبراهیم، تەنانەت ئەوەی سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە نۆبەرەی ئیبراهیم «ئیسماعیل»ە بەپێی بەڵگەی خودی تەوراتیش، مادام بەڵێنەکە بۆ نەوەکانی ئیبراهیمە، کەوابوو نۆبەرەکە مافی لەپێشینەتری هەیە کە کوڕی گەورەیە و نەوەکانیشی لەپێشترن.

ئەویش لە سفری پێکهاتن (تکوین): بەشی ١٦: بڕگەی ١٠ - ١١ دەڵێت:

[¹⁰ هەروەها پێی فەرموو: «وەچەکانت بێ ئەندازە زۆر دەکەم، کە لەبەر زۆرییان لە ژماردن نەیەن.»
¹¹ دیسان فریشتەکەی یەزدان پێی فەرموو: «ئێستا سکت پڕە، کوڕێکت دەبێت، ناوی دەنێیت ئیسماعیل، چونکە یەزدان گوێی لە زەلیلیی تۆ بوو.»]

شاراوەش نییە لە لای مێژوونووسان و ڕەگەزناسان کە ئیسماعیل باپیری عەرەبی موستەعرەبە، کە بە حیجاز و بەشێکی بەرچاوی نیمچە دوورگەی عەرەبدا بڵاوبوونەوە و بە بەرەبابی عەدنانیش ناسراون، لەگەڵ قەحتانییەکان دەبنە باپیرانی عەرەب. کەواتە بە هەموو پێوەرێك عەرەبی عەدنانی مافیان زۆر زیاترە بەسەر فەلەستینەوە وەك لە یەهوودییەکان.

تەنانەت تەورات خۆی گەواهیدەری برایەتی نەوەکانی ئیسماعیلە لەگەڵ نەوەکانی ئیسرائیل و هەر لە سفری پێکهاتن: بەشی ٢٥: بڕگەی ١٢ - ١٨ دەڵێت:
[¹² ئەمانەش نەوەکانی ئیسماعیلی کوڕی ئیبراهیمن کە هاجەری میسری، کەنیزەکەی سارا، بۆ ئیبراهیمی بوو.
¹³ ئەمانەش ناوی کوڕەکانی ئیسماعیلن، ناویان بەپێی لەدایکبوونیان:
نەبایۆت کە نۆبەرەی ئیسماعیل بوو،
هەروەها قێدار، ئەدبەئێل، میبسام،
¹⁴ میشماع، دوما، مەسسا،
¹⁵ حەدەد، تێما، یەتور،
نافیش و قێدما.
¹⁶ ئەمانە کوڕەکانی ئیسماعیل بوون، هەروەها ناوی دوازدە میرە خێڵەکییەکەن بەپێی هەوار و خێوەتگاکانیان.
¹⁷ ئیسماعیل سەد و سی و حەوت ساڵ ژیا، ئینجا دوا هەناسەی دا و مرد، چووەوە پاڵ گەلەکەی خۆی.
¹⁸ نەوەکانی ئیسماعیل لە حەڤیلاوە هەتا شوور نیشتەجێ بوون، لە نزیک سنووری میسر لەسەر ڕێگای ئاشوور. ئەوان دژی هەموو براکانیان بوون.]

ئەوەی سەرنجمان ڕادەکێشێت ئەوەیە کە عەرەب (کە دیارە لە قەحتانییەکان بوون) زۆر دێرینتر لە دەشتەکانی شام -کە بێگومان فەلەستینیش دەگرێتەوە- نیشتەجێ بوون، واتە: سەردەمانێك کە یەهوود دەکرێت هیچ دەسەڵاتێکی نەبووبێت. وەکوو چۆن «هاشم یەحیا مەلا» لە پەرتوکی مێژووی عەرەبی پێش ئیسلامدا بۆمان باس دەکات و دەڵێت: "وەك دەردەکەوێت وشەی (عەرەب) بۆ یەکەم جار کە دەرکەوتبێت لە دەقێکی ئاشوورییەکاندا هاتووە کە بە هەمان شێوە ئەوانیش لەگەڵ عەرەبدا سامی بوون، ئەوەش لە سەردەمی پاشا سەلمانسەری سێیەمدا بوو لە ساڵی (٨٥٤)ی پێش لەدایکبوونی مەسیح کە سەرکردایەتی هەڵمەتێکی سەربازی کرد بۆ سەر پاشای دیمەشق و هاوپەیمانەکانی. لەنێوان ئەو هاوپەیمانانەدا سەرۆکێکی عەرەبی تیادابوو؛ ناسرابوو بە (جوندەب)، وەك دیاریشە ئەو کۆمەڵانە عەرەبی دەشتەکی بوون لە دەشتەکانی شامدا."

بۆیە لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت، ئەو خاکە خاکێکی هاوبەشە و هەر خودا سەرەتا  بەخشی بە یەهوودییەکان و هەر دواتریش خودا بە براکانی ئیسرائیلی بەخشی کە موسڵمانەکان بوون و وەچەی یەکەمی ئیبراهیمین و کردنی بە جێنشینی خاکەکە.

 پەروەرێنیش دەفەرمووێت:
{مَا كَانَ إِبْرَاهِيمُ يَهُودِيًّا وَلَا نَصْرَانِيًّا وَلَٰكِنْ كَانَ حَنِيفًا مُسْلِمًا وَمَا كَانَ مِنَ الْمُشْرِكِينَ}


ئامادەکردنی: ھامنۆ ھەورامی

5/12/2021 8:07:57 PM