پێوەربوونی قورئان لای کۆمەڵەی "عەفووی فەرموو" هەنگوینە، یاخود ژەقنەمووت؟!

پێوەربوونی قورئان لای کۆمەڵەی "عەفووی فەرموو" هەنگوینە، یاخود ژەقنەمووت؟!

هەندێک لە جەماعەتی "عەفووی فەرموو" کە بەشێکن لە بەناو قورئانییەکان -چوون جەماعەتی قورئانییەکان زۆرن و هەریەکەشیان جۆرێک لەزەڵاڵەت و گومڕاییان هەیە، ئیتر بەناو شەحرورییەکان و منصورییەکان و حەداسییەکان و لیبڕالییەکانن-. ئەم کۆمەڵەیە، ڕێزی پێغەمبەری خوا ﷺ زۆر دەگرن بەزمان، بەڵام کە دێتە سەر فەموودەکانی دەڵێن: "عەفووی فەرموو" پێویستمان بە لێکدانەوە و قسەی پێغەمبەر ﷺ نییە بۆ لیکدانەوەی قورئان و، گوایە هەنگوینیان لە داردا دۆزیوەتەوە کە قورئان پێوەرە بۆ قسەی ئێمە و پیرێژنێک و پێغەمبەریش ﷺ هەرکات قسەی من و تۆ و پیرێژنێک لەگەڵ قورئان هاتەوە بەگوێی دەکەین، و هەرکات قسەی پێغەمبەر ﷺ لەگەڵ قورئان نەهاتەوە بەڕێزەوە وەلای دەنێیین و دەڵێین: "عەفوی فەرموو". نازانن کە ئەم سەرابەی بە هەنگوین بینیويانە ژەقنەمووتێکە، ناو دەم و فیکريان لەبری شیرینی هەنگوین، تاڵی "ژەقنەمووت" دایگرتووە.

بۆ ئەوەی زۆر درێژەی نەدەینێ زۆر بەکورتی تەنها سەرە قەڵەمی بابەتەکە باس دەکەین. هەرکەس خوازیار بوو درێژەی بابەتی گوێ لێ بێت؛ بابێت لە خزمەتیدا ڕووبەڕوو هەمووی بۆ ڕوون دەیکەینەوە.

وەک مەعلومی بەڕێزتان و خوێنەرانە کە زانایانی فەرموودە و هەموو موسڵمانان ھاوڕان کە فەرموودە هەرئەوەندە کە وترا هی پێغەمبەرە ﷺ وەرناگیرێت، بەڵکوو چەندین شەرتی بۆ دانراوە کە کۆدەکرێنەوە لە پێنج مەرجدا؛ ئەوانیش: «اتصال السند، عدل، ضبط» لەسەنەد و «عدم الشذوذ وعدم العلة» لە مەتن و حەدیسەکەدا.

بۆیە لەهەر تەوەرێکی نووسینەکە ئاماژەمان کرد بە مەرجەکانی سەنەد، بزانن مەبەستمان ئەو سێ مەرجەی سەرەوەیە و هەرکات وتمان مەرجەکانی مەتن، بزانن کە مەبەستمان ئەو دوو مەرجەی سەرەوەیە.

پێوەربوونی قورئان لای ئەهلی سووننە و جەماعەت یەکێکە لە بەدیهیات و ئەصل و هیچ کات نەبووە کاری پێنەکرابێت. لە سەردەمی پێغەمبەری خواوە ﷺ هەتاوەکوو ئێستا، بەڵام پێوەرێکی علمی بەحتە و پێویستی بە دییقە و وردبینی هەیە، نەک وەک ئەم بەناو قورئانییانە کە دەڵێن: پێوەربوونی قورئان واتە تەنها تصدیقی قورئان بۆ شتەکان. واتە: کاتێک پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێت: «ما ظهر الربا والزنا في قوم إلا أحلوا بأنفسهم عقاب الله» ئەم فەرموودەیان بەلاوە کێشە نییە، چونکە خوای گەورە دەفەرموێت: { يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ اتَّقُواْ اللّهَ وَذَرُواْ مَا بَقِيَ مِنَ الرِّبَا إِن کنتُم مُّؤْمِنِينَ*فَإِنْ لَمْ تَفْعَلُوا فَأْذَنُوا بِحَرْب مِنَ اللَّهِ وَرَسُولِهِ } البقرة: (٢٧٨ - ٢٧٩) 
کە فەرموودەکەی پێغەمبەرﷺ مادەم تصدیقی لە قورئاندا هەیە کێشە نییە و وەری دەگرین. بەهەمان شێوە ئەو قسەی پێغەمبەرﷺ پیرێژنێکی نەخوێندەواریش بیکات لای قورئانییەکانیش هەمان حوکمی قسەکەی پێغەمبەرﷺ هەیە، چونکە تەصدیقی لە قورئاندا هەیە. بەڵام ئەم جەماعەتی "عەفووی فەرموو"ە کە جۆرێکن لە قورئانییەکان باوەڕیان بەهیچ کام لەم جۆرە فەرموودانە نییە کە لەخوارەوە باسیان دەکەم، کە دەتوانم بڵێم نیوەی ئیسلامە.

یەکەم: باوەڕیان بە هەموو ئەو جۆرە فەرموودانە نییە کە تەقییدی موتڵەقەکانی قورئان دەکات، مەعلومی خوێنەرە قورئان زۆرکات شتەکانی بە موتڵەقی باسکردووە، پێغەمبەرﷺ تەقیید و تەعینی کردووە بەفەرموودەکانی. ئەمان باوەڕیان بەهیچ کام لەم جۆرە فەرموودانە نییە، نمونەش بۆ ئەو جۆرە فەرموودانە زۆر زۆرن من تەنها یەک نموونە دەهێنمەوە کە خوای گەورە لە قورئاندا دەفەرموێت: { مِنْ بَعْدِ وَصِيَّةٍ يُوصِي بِهَا أَوْ دَيْنٍ } النساء. کە لەفزی وەصیە لەو ئایەتەدا بەهیچ جۆرێک موقەیەد نەکراوە و بە موتڵەقی هاتووە کە وا دیارە دەتوانیت هەموو ماڵەکەی بکاتە وەصیە، بەڵام پێغەمبەرﷺ هاتووە ئەمەی تەقیید کردووە و دەفەرموێت: «الثلث، والثلث کثیر» واتە: بۆی هەیە تا سێ یەکی بکاتە وەصیە، هەتا سێیەکیش زۆرە واتە موتڵەقەکەی موقەیەد کرد.

دووەم: باوەڕیان بە هەموو ئەو جۆرە فەرموودانە نییە کە عامەکانی قورئان تەخسیس دەکات. قورئان زۆر شت هەیە بەعام دەیهێنێت و پێغەمبەرﷺ بە فەرموودەکانی تەخسیسی ئەو عامەی کردووە وەک خوای گەورە دەفەرموێت: { يُوصِيکمُ اللَّهُ فِي أَوْلَادِکمْ ۖ لِلذَّکرِ مِثْلُ حَظِّ الْأُنثَيَيْن } النساء.
لێرەدا ئەم ئایەتە عامە هەموو کوڕێک میرات وەردەگرێت کافر و مسوڵمان وە هەرکات منداڵێکیش باوکی خۆی بکوژێت بۆ میراتییەکەی ئەو ئایەتە دەیگرێتەوە، بەڵام پێغەمبەرﷺ ئەو عامەی تەخسیس کردووە و دەفەرموێت: (لایرث القاتل) کە بکوژەکە میراتی بەرناکەوێت و لە میرات بێبەش دەکرێت. دەی قورئانییەکان باوەڕیان بەهیچ کام لەم جۆرە فەرموودانەش نییە و باوەڕیان بەم وەزیفەی سووننەی پێغەمبەر ﷺ نییە.

سێهەم: باوەڕیان بە هیچ کام لەو فەرموودانە نییە کە تەفسیڵی موجمەلەکانی قورئان دەکات. قورئان زۆر جار شتانێکی بە موجمەلی هێناوە و تەفسیڵی پێنەداوە پێغەمبەری خواﷺ هاتووە تەفسیڵی پێداون وەک قورئان ئەمری کردووە بە نوێژ و زەکات و حەج و چی و چی نەهاتووە تەفسیڵیان پێبدا، بەڵام پێغەمبەرﷺ  تەفسیڵی پێداوە و ڕکات و ئەوقات و مناسک و نساب و چی و چی ڕوون کردوونەتەوە. هەندێک قورئانی کە سەر بەم باڵی "عەفوی فەرموو"ەن، خۆیان لەمە نەجاتداوە بەوەی دەڵێن: "سووننەی موتەواتیری عەمەلی" بەگوێی دەکەین، کە بابەتێکیش لەسەر ئەوە دەنووسین کە "ینقلب السحر علی الساحر" ئەبێت ان شا‌ء الله.

چوارەم: باوەڕیان بە هیچ کام لەو فەرموودانە نییە کە تەوزیحی موشکیل، یان موشکەلەکانی قورئان دەکات.
نموونە زۆرە بۆ ئەو بابەتەش یەکێک لەوانە کە خوای کەورە دەفەرمووێت: { اتَّخَذُوا أَحْبَارَهُمْ وَرُهْبَانَهُمْ أَرْبَابًا مِّن دُونِ اللَّهِ }  التوبة.
وەک لای «عەدی کوڕی حاتەم» بوو بە کێشە و ئیشکال کە وتی: "ئەوان ئەحبار و ڕوهبانەکان ناپەرستن." پێغەمبەرﷺ ئەو ئیشکالییەتەی چارەسەر کرد و فەرمووی: کە ئەمانە ئەحبار و ڕوهبانەکانیان هەرچیان بۆ حەڵاڵ بکەن ئەیکەن و هەرچی حەڕام بکەن لێیان، لە خۆیانی حەڕام دەکەن.

پێنجەم: چەندان وەزیفەی تری فەرموودەی پێغەمبەرﷺ باتڵ دەکەنەوە و باوەڕیان پێی نییە. 
لەوانەش: هەموو ئەو حوکمانەی کە قورئان باسی نەکردووە و فەرموودە قسەی لێوەی کردووە کە نموونەی ئەمەش زۆر زۆرە.

ئەوەی لەسەرەوە باسکرا مەنهەجی کۆمەڵەی "عەفوی فەرموو"ە، دەرهەق بە فەرموودە و پێوەربوونی قورئان لای ئەوان تەنیا تەنەکەیەکی خاڵییە و ناوی بۆشە. مەنهەجێکی زۆر نازانستی و منداڵانەشە، چونکە ئەوان تەنیا ئەو فەرموودانە وەردەگرن کە (سووننە) ڕێک وەک (قورئان)ی فەرمووە. ئیتر ئەوە پێویستی بەو ناونیشانە گەورە چییە "پێوەربوونی قورئان" واتە: ئەمە تەنیا ژەقنەمووتە، بەڵام ئەهلی سووننە و جەماعەت پێوەربوونی قورئان پێوەرێکی تەواو زانستییە و چەندان ڕیسا و یاسای گرنگی هەیە. ئەویش کاتێک کە تەماشای ئەحادیسی پێغەمبەرﷺ دەکەین لە شڕووتی سەنەدی دەکۆڵرێتەوە، هەرکات شەرتەکانی سەنەدی تێدا هاتە جێ ئەوە بەو فەرموودە دەوترێت «سنده صحیح». دواتر تەماشای مەتنی دەکرێت و لێرەدا ئەگەر فەرموودەکە موخالیفی هیچ دەقێکی لەخۆی سەحیح تر نەکرد و هیچ نەخۆشی و دەردێکی مەعنایی و لوغەیی تێدا نەبوو ئەوە تەواو سەحیحە. بەڵام لە کاتێکدا فەرموودەیەک موخالەفەی دەقێکی لە خۆی سەحیحتری کرد، ئەوە با هەموو سەنەدەکەی شیخ و عەلامە بن، ڕەد دەکرێتەوە بە ئیجماعی ئەهلی عیلم و هەموو موحەدیسین، بەڵام پاش جمع و توفیق و ترجیح. لێرەدا قورئان یەکێکە لە گەورەترین مورەجیحات. بەڵێ زانایان زۆریان دەفەرموون کە دەکرێت سەنەدێک سەحیح بێت، بەڵام مەتنەکەی زەعیف بێت، بۆیە مەتن جێگای تمعن و نەزەرە پێویستە تەماشا بکرێت و گەورەترین پێوەریش قورئانە بۆ قبوڵ و ڕەد. بەڵام کاتێک بابەتی فەرموودەکە پەیوەست بوو بە «تخصیص ،یان تقیید، یان تبیین»ی ئایەتەکانی قورئان و (تبطیل)نەبوو ئەوە وەردەگیرێت و ڕەد ناکرێتەوە. بۆیە ئەمە بەمانای "پێوەربوونی قورئان" دێت لای ئەهلی سووننە و جەماعە و، ئەمەیە هەنگوینەکە. خوایە بمانپارێزە لە ژەقنەمووتەکە.
یاساکانی ئەهلی سووننە و جەماعە بۆ سەحیح دانانی فەرموودەیەک "مەتنی" بە سەحیح:

یەکەم: مەتنی فەرموودەکە بەراورد دەکەن لەگەڵ واتاکانی قورئان. واتە، قورئان پێوەردەکەن بۆ بە سەحیح دانانی سووننە. لەکاتێکدا ئەم مەنهەجی قورئان پێوەرییە مەنهەجی هاوەڵان و تابعین و هەموو زانایان بووە. گرنگترینیان نموونەی دایکمان عائشەیە کە قسەیەک لە دەمی پێغەمبەرەوە ﷺ گوێی لێدەبێت، یەکسەر پێغەمبەرﷺ دەفەرمووێت: لە قورئاندا پێچەوانەی ئەوە هەیە و قورئان دەکاتە پێوەر وەک لەفەرموودەکەدا هاتووە کە پێغەمبەرﷺ دەفەرمووێت: «ان المیت یعذب ببکا‌ء اهله علیه» کە دایکمان عائیشە فەرمووی خوای گەورە فەرموویەتی: { وَلَا تَزِرُ وَازِرَةٌ وِزْرَ أُخْرَى } فاطر. ئەوەیە مەنهەجی پێوەربوونی قورئان لای ئەهلی سووننە و جەماعە کە پێغەمبەرﷺ وەڵامی دایەوە و بۆی شەرح کرد کە ئەمە دژیەک نییە. جا ئیتر زانایان ئەم دژیەکییە شکلیانەیان هێناوە و ئەگەر نەبووبێتە هۆکاری ئیبتاڵی مەعنای زاهیری قورئان و بووبێتە تەخسیس، یان تەقیید، یان شارح، یان چی و چی ئەوە وەریان گرتووە.

دووەم: بەراورد کردنی مەتنی فەرموودە لەگەڵ فەرموودەیەکی تر.
کە ئەمەش بابەتێکی زۆر گرنگە بۆ سەحیح دانانی فەرموودە پێویستە مەتنی فەرموودەکە پاش ئەوەی لەگەل واتاکانی قورئان یەکی گرتەوە، پێویستە بەراورد بکرێت لەگەڵ فەرموودەی تردا بزانرێت ئایا یەکدەگرێتەوە. هەرکات موخالەفەی فەرموودەی تری کردبێت؛ ئەوە ئەوکات قەوانینی تەعاروز و تەرجیحیان بەکارهێناوە. لێرەشدا یەکێک لە مورەجیحات دیسان قورئانە. جا ئەمەش مەنهەجی هەموو زانایان بووە و پێش ئەوانیش هاوەڵان. وەک ئەو فەرموودەیەی کە ئافرەت و سەگ و کەر بدەن بە بەردەم نوێژدا نوێژ ئەبڕن، کە ئەم فەرموودەیان هێناوە و لەگەڵ ئەو فەرموودەی کە ئافرەت نوێژ نابرێت و فەرموودەکەی ئیبن عەبباس کە دەیفەرموو: بەسەر گوێ درێژێکەوە بووم پێغەمبەرﷺ نوێژی بۆ خەڵکەکە دەکرد و من بەخۆم و گوێدرێژەکەوە بەنێو هەندێک لەڕیزی نوێژەکاندا چووم، کەرەکەم بەستەوە و نوێژەکەم کرد کەسیش پێی نەوتم بۆ بەو گوێدرێژەوە بەنێو نوێژەکاندا دەچیت. تەماشا بکەن ئەمەش هەر مەنهەجی هاوەڵان بووە و ئیستاش مەنهەجی ئێمەی ئەهلی سوونە و جەماعەیە.

5/28/2021 10:07:36 PM