کێشە تێگەیشتنی تۆیە نەک فەرموودەکە

کێشە تێگەیشتنی تۆیە نەک فەرموودەکە

شێخی ئیسلام ئیبن ته‌یمییه‌ له‌ پەڕتووکی (جواب الاعتراضات المصرية علی الفتیا الحمویة) ده‌ڵێ:
"الٲحاديث النبوية من الصحاح من ردّ منها شیئاً، وفهم من ظاهره معنی يعتقد ٲنه مخالف للقرآن ٲو للعقل، فمن نفسه ٲُتي"

واتە: "فەرموودەکانی پێغەمبەرﷺ ئەوانەی کە سەحیح و ڕاست و دروستن، هەر کەسێک ڕەتیان بکاتەوە و لە ڕووکەشەکەی مانایەکی وای لێ تبگات کە بە باوەڕی خۆی پێچەوانەی قورئان، یان عەقڵە. ئەوە خەتای خۆیەتی کێشە لە دەروونی خۆیدایە".

ئەم وتەیە یاسایەکە بۆ مامەڵەکردن له‌گه‌ڵ فه‌رمووده‌، چونكه‌ ئه‌و فه‌رموودانه‌ی کە سه‌حیحن و هیچ کێشەیەکیان نییە و زانایان به‌ درێژایی مێژووی ئیسلامی قبوڵیان کردووە، ناكرێ له‌و سه‌رده‌مه‌دا كه‌سێک بێ بڵێ: "ئه‌مانه‌ پێچه‌وانه‌ی قورئان یا عه‌قڵن". ناكرێ به‌ درێژایی سه‌دان ساڵ كه‌سێک نه‌بوو له‌ ناو موسڵمانان بڵێ: "ئه‌و فه‌رموودانه‌ ڕاست نین تا گه‌یشتین به‌و سه‌رده‌مه‌".

بۆیه‌ ئەو کەسە تێگەیشتنە هەڵەکەی خۆی به‌سه‌ر فەرموودەکەدا فەڕز ده‌کات و كێشه‌ له‌ تێگه‌یشتنی خۆیه‌تی نه‌ک له‌ فه‌رمووده‌كه‌دا، هه‌روه‌ها كێشه‌ له‌ كلتوری زاڵی ڕۆژئاواییه‌کەیە كه‌ وایكردووه‌ كه‌سانێک دووچاری شكستی ده‌روونی بن به‌رانمبه‌ر به‌و كلتوره‌ و شه‌رم بكه‌ن له‌ به‌شێكی سه‌وابیت و بنه‌ما جێگیره‌كانی ئیسلام.

زۆر جار ئەوانەی بەشێک لە فەرموودەکان ڕەتدەکەنەوە کە بە حیسابی خۆیان گوایه لەگەڵ قورئان، یان عەقڵ ناگونجێ دەڵێن: "ئێمە بە ڕەتکردنەوەی ئەو فەرموودانە بەرگری لە پێغەمبەرﷺ دەکەین، یا بەرگری لە هاوەڵان دەکەین، ئەگەر فەرموودەکە پەیوەندی بەوان هەبێ"، هەروەها دەڵێن: "ئەو فەرموودانە بووەتە هۆی ناشرین کردنی کەسایەتی پێغەمبەرﷺ و لەگەڵ ڕەوشتی پێغەمبەرﷺ ناگونجێ!

بەڵام ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئەوان ناشرین لێی تێگەیشتوون، چونکە هیچ فەرموودەیەکی سەحیح نییه کەسایەتی پێغەمبەرﷺ ناشرین بکات.

ئەو کەسانە تووشی تەمبەڵی عەقڵی و فیکری بوون، چونکە کاتێک بە حیسابی خۆیان فەرموودەیەک دەبینن کە پێچەوانەی قورئان، یان عەقڵە ڕاستەوخۆ ڕێگا ئاسانەکە هەڵدەبژێرن بە ڕەتکردنەوەی فەرموودەکە، نایەن کەمێک عەقڵ و زیهنی خۆیان بەکاربێنن تا بزانن مانا ڕاست و دروستەکەی ئەو فەرموودەیە چییه؟ یان بزانن زانایان چیان گوتووە لەسەر ئەو فەرموودە؟ یان کۆی بکەنەوە لەگەڵ فەرموودەکانی تر کە باسی هەمان بابەت دەکا تا مانا ڕاستەکەی لێ وەربگرن.

ئیتر بەو شێوەیە مامەڵەیەکی نازانستی و ناتەندروست دەکەن لەگەڵ فەرموودەکان و تەنیا عەقڵی خۆیان دەکەنە پێوەر بۆ وەرگرتن، یان قبوڵنەکردنی فەرموودە بێ ئەوەی حیساب بۆ عەقڵ و تێگەیشتنی کەسی تر بکەن، وەک بڵێی زانایانی کۆن نموونه‌ی (ئیمامی مالیک و، ئیمامی احمد و، بوخاری و، موسلیم و، ئەبو داود و، نەسائی و، ...هیتر) هیچیان نەزانیوە و ئاگادار نه‌بوون عەقڵ چییە و چ شتێک پێچەوانەی عەقڵە و ئاگاداری قورئان نەبوون و نەیانزانیوە چ شتێک پێچەوانەی قورئانە! کە ئەوەش تۆمەتبارکردنێکی ناڕەوایە بۆ ئەو زانایانە بە جەهل و نەزانی.

#ئاستانە_Astana

8/7/2021 5:59:24 PM