هێزی مەعنەوی موسڵمان!

هێزی مەعنەوی موسڵمان!

لەم سەردەمەدا لێشاوی شوبوهات و شەهەوات دەوروپشتی هەموومانی تەنیوە، موسوڵمان دەچێت بۆ هەر شوێنێک ئیلا خراپەیەک، یان چەندان خراپە دەبینێت و تێکەڵی دەبێت. زۆرجاریش لەبەر زۆری خراپەکارییەکان موسڵمانان ناتوانن بەسەریاندا زاڵ ببن و دەکەونە ژێر کاریگەری خراپەکارییەکان.

 موسڵمان پێویستی بە هێزێکی مەعنەوی هەیە تا بتوانێت خۆی لەبەرانبەریان ڕابگرێت، بەڵام کە قەڵغانێکی مەعنەوی پێ نەبێت زوو شکست دێنێت.

عیبادەتی خودای گەورە کانگای ئەم هێزە مەعنەوییەیە، ئەو هێزە مەعنەوییەی کە بە عیبادەت دەست دەکەوێت، دەجەنگێت لەگەڵ هەموو ئەو پیلانانەی کە دانراوە تاکوو تاکی موسڵمان تووشی شوبوهات و شەهەوات بکەن، هەر بۆیە پێغەمبەر ﷺ ئامۆژگاریمان دەکات کاتێک کە چووینە بازاڕ -کە شوێنی زۆرێک لە تاوانەکانە- زیکری خودا بکەین و بڵێین: (لا إله إلا الله وحده لا شريك له، له الملك و له الحمد. يحيي و يميت. وهو حي لا يموت، بيده الخير، وهو على كل شيء قدير).

پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: ئەوەی چووە بازاڕ و ئەو زیکرەی خوێند، ملیۆنێک چاکەی بۆ دەنووسرێت و ملیۆنێک خراپەی لەسەر دەسڕێتەوە و ملیۆنێک پلەی بەرز دەبێتەوە.  

موسڵمان بە سرووشتی خۆی هەمیشە خاوەنی هێزێکی مەعنەوییە، بەو ڕادەیەی کە پەیوەندی لەگەڵ پەروەردگاردا هەیە هێزە مەعنەوییەکەی زۆرتر و بە هێزتر دەبێت، پەروەردگار سەرچاوەی ئەو هێزە مەعنەوییەیە کە لەوەوە هێزەکە بۆ بەندەکان دەگوازرێتەوە، ئەو هێزە مەعنەوییە دەبێتە پارێزگار بۆی لە خراپەکانی دەوروبەری.

ئەوەتا پێغەمبەر ﷺ کە لە هەموو کەسێک زیاتر خاوەنی ئەو هێزە مەعنەوییە بووە، لە هەموو کەس زیاتر کاریگەری هەبووە بەسەر دەوروبەرییەوە، هەروەها پارێزراوترین کەسیش بووە له فیتنەکانی دەوروبەر، بەڵام کەسانێک دەبینی هەرچی فیتنەیەک پەیدا بوو ڕاستەوخۆ دەکەونە ژێر کاریگەرییەکەی؛ ئەوە هێزە مەعنەویەکەیان نییە، یان زۆر کەمە.

مرۆڤ هەرچەندە بەهێز بێت: بەهێزی لە ڕووی فیکر و زانست و زیرەکی لە گفتوگۆ و وەڵامی گومانەکان و.. هیتر، مادام ئەم مرۆڤە پەتێکی پەیوەستی نەبێت بە پەرورەدگارییە بیبەستێتەوە ئەوە هەر لاوازە، چونکە هێز و بازووی فیتنە و گومانەکان لەم بەهێزترن، جارێک هەر دێت و شکستیان بەرانبەر بهێنێت.

بەڵام کاتێک پەنای بردە بەر هێزێکی ئەزەلی و ئەبەدی بەهێز، ئەوە لە هەموو هێزێک بەهێزتر دەبێت، لە شەهوەت و ئارەزوەکان، لە گومانەکان، لە فیتنەکان، لە پیلان و پلانەکان. لەهەموویان بەهێزتر دەبێت، بۆیە ئەم مرۆڤە لاوازە حەتمەن هەر دەبێت پەیوەست بێت بە هێزێکەوە کە لەم هێزەوە هێزێکی مەعنەوی دەستبخات تاکوو بەوە ڕووبەڕووی فیتنە و فریودان و گومان و خراپەکارییەکانی دەوروبەری ببێتەوە و زاڵ ببێت بەسەر ڕۆژگاری سەخت و پڕ فیتنەی دەوروبەری.

 هەر بۆیەش کاتێک پێغەمبەر ﷺ ناڕەحەتییەک ڕووی تێدەکرد، بە بیلالی دەفەرموو: "ئەی بیلال، هەستە بە بانگەکەت بارمان لەسەر سوک بکە" مرۆڤ کاتێک لە ڕۆژگارە فیتنە و فریودەرەکەی دێتە دەرەوە و پەنا دەباتە بەر هێزی پەروەردگار بە عیبادەتکردن بۆی، مورتاحی و حەسانەوە ڕووی تێدەکات، پارێزراو و ئەمین دەبێت لە فیتنەکان.

#ئاستانە_Astana

8/9/2021 9:01:05 AM