تەسلیم بوون بە دەقە شەرعییەکان

تەسلیم بوون بە دەقە شەرعییەکان

لە کاتێکدا کە تەسلیم بوون بە دەقە پیرۆزەکانی شەرع کەمی کردووە و بووە بە شتێکی عەیبە لای زۆرێک لە موسوڵمانانێک. ئەوەی تەسلیم بە دەقە شەرعییەکان دەبێ جۆرەها ناو و ناتۆرەی خراپ و ناقۆڵای بەرامبەر بەکار دەهێنرێت، بە دەقپەرست و دواکەوتوو و جۆرەها ناوی تر ناودەبرێت. بە پێویستمان زانی باسێک لەم ئەسڵە جێگیرە بکەین و گەورەیی و گەورەیی ئەو کەسەیشی کە پێوەی پابەندە  ڕوون بکەینەوە.

باسەکەمان کردووە بە سێ خاڵی سەرەکی:

خاڵی یەکەم: تەسلیم بوون بە دەقە شەرعییەکان؛ ئەسڵێکی جێگیری ئایینی پیرۆزی ئیسلامە.

خاڵی دووەم: چەند نموونەیەک لە تەسلیم بوونی هاوەڵان بە دەقە شەرعییەکانەوە.

خاڵی سێیەم: نیشانەکانی بە گەورە دانانی شەرع و تەسلیم بوون بە دەقەکانییەوە.

 

خاڵی یەکەم: تەسلیم بوون بە دەقە شەرعییەکان ئەسڵێکی جێگیری ئایینی پیرۆزی ئیسلامە:

تەسلیم بوون بە دەقی شەرعییەوە چەسپاندن و سەلماندنی ئیسلامەتییەکەیە، وشەی (ئیسلام) لە (تسلیم)بوونەوە وەرگیراوە، تەسلیم بوون بە فەرمان و ڕێگرییەکانی خوا و پێغەمبەری خوا (صل الله علیه وسلم)، نابێ بەرهەڵستی هیچ دەقێکی شەرعی ڕاست و ڕەوان(صحیح و صریح) بکرێت بە بیانووی ئەوەی پێچەوانەی عەقڵە، یان گوایە پێچەوانەی زانستە، یان گوایە پێچەوانەی ڕۆحی شەریعەت و کەشفی بە  ناو وەلییەکە.

موسوڵمان کاتێک دینی ئیسلام قبوڵ دەکات و ئیسلامەتی خۆی ڕادەگەیەنێت، واتای ئەوەیە کە دەڵێت: من باوەڕم بە خوا و بە پێغەمبەرەکەی (صل الله علیه وسلم) هێناوە و ئەوەیشی خوا لە ڕێی پێغەمبەرەکەیەوە هێناویەتی بۆم قبوڵی دەکەم، بەرهەڵستی هیچ دەقێکی شەرعی ناکات ئەگەر چی پێچەوانەی ئاوەزی یان ئەو زانستییە دونیاییەی تا ئێستا پێی گەیشتووە یان هەواو و ئارەزووی یان بەرژەوەندییەکی یان مەزهەبەکەی بێت، چونکە پێشتر یەقینی پەیداکردووە  بەوەی خوا و پێغەمبەرەکەی (صل الله علیه وسلم) حەقن و ئەوەیشی لە لایەن خوا و پێغەمبەرەوە بۆی نێردراوە هەر حەقن (ذلک بأن الله هو الحق)، ئەوانی تریش خاڵی نین لە گومان و ئەگەری، یەقینیش بە گومان لا ناچێت!

تەسلیم بوون بە دەقی شەرعی نیشاندەری بە هێزی و یەقینبوونی کەسەکەیە بە باوەڕەکەی خۆی، یەقینی پەیدا کردووە خوا حەقە و دەقە شەرعییەکانیش کە هەمووی لە لایەن خواوە هاتووە حەق و ڕاستن، هەر کات یەقینی بە خوا و بە گەورە دانانی و ترسان لێی زیادی کرد، زیاتر تەسلیمی دەقە شەرعییەکان دەبێت، بە پێچەوانەوەش هەر کات یەقینی لاواز بوو زیاتر لە دەقی شەرعی دوور دەکەوێتەوە و بیانوو بۆ خۆی دەدۆزێتەوە بۆ دورکەوتنەوەی  لە  دەقە  شەرعییەکان.

تەسلیم بوون بە دەقی شەرعی نیشاندەری کامڵبوونی عەقڵی ئەو کەسەیە، چونکە هەر کەسێک باوەڕ بە خوا دێنێت سەرەتا عەقڵ دەیبات بۆ ئەم باوەڕە، هەر عەقڵیش کاتێک دەیبات بۆ ئەم باوەڕە پێی دەڵێت: ئەمە خوا و پەروەردگاری تۆیە و ئەم یاسا و ڕێسا و چۆنییەتی هەڵسوکەوتت بۆ دەستنیشان دەکات، جا ئەگەر کەسێک تەسلیم بوو؛ نیشاندەری ئەوەیە عەقڵی کامڵە و لە هەمان کاتدا شوێن عەقڵ و نەقڵیش کەوتووە، ئەگەریش تەسلیم بە فەرمانەکانی خوا نەبوو ئەوە بانێکە و دوو هەوایە، نە تەسلیم بە نەقڵ بووە نە تەسلیم بە عەقڵیشی بووە، بەڵکوو زیاتر له سنوری خۆی عەقڵی بەکارهێناوە کە عەقڵەکە  پێچەوانەی  ئەوەی  نیشانداوە.

لە ئەنجامی ئەوەشدا خەڵکی بە ئەندازەی دورکەوتنەوەیان لە دەقی شەرعی دوچاری ناکۆکی و دژیەک دەبنەوە.

لەم ڕۆژگارەماندا بەردەوام دژایەتی دینمان دەکرێت، بەردەوام گوومان و شوبوهات ڕووبەڕووی دینمان دەکرێتەوە، بە هیچ کلۆجێک ناتوانین ڕووبەڕووی ئەم هێرشانە ببینەوە ئیمانی خۆمان بپارێزین مەگەر بە تەسلیم بوون و یەقینێک نەبێ کە هیچ گوومانێکی لە  دواوە  نەبێت.

 

خاڵی دووەم: چەند نموونەیەک لە تەسلیم بوونی هاوەڵان بە دەقە شەرعییەکانەوە:

هاوەڵان ڕەزای خوایان لێبێت، خاوەنی هەرچی سیفات و ڕەوشتی جوانە بوون، زۆرجار ئەم سیفاتانە لە ناو جیلی دوای هاوەڵانیشدا هەبووە، بەڵام ئەو سیفەتەی کە هاوەڵان ڕەزای خوایان لێبێت خاوەنی بوونە و جیلی دوای خۆیان هەرگیز نەگەیشتوون بەم ئەندازەیە لەم سیفەتەدا، ئەویش؛ سیفەتی ملکەچی و پابەندبوونە بە دەقە شەرعییەکان. لەناو هاوەڵانیش خۆیان جیاوازی پلەیان لەم سیفەتەدا هەبووە، ئەوەی خاوەنی بەرزترین پلە بووە لەم سیفەتەدا کە بە هۆیەوە بوو بە باشترین و بەڕێزترین کەسیش لە دوای پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)؛ ئەبوبەکری صدیقە ڕەزای خوای لێبێت؛ بێباوەڕانی قوڕەیش هاتن بۆ لای ئەبوبەکر ووتیان ئەزانی هاوڕێکەت_مەبەستیان پێغەمبەر بوو_ چی دەڵێت؟ فەرمووی: چی دەڵێت؟ ووتیان: دەڵێت هەر ئەمشەو لە مەککەوە شەوڕەویم پێکراوە بۆ (بەیتولمەقدیس) و لەوێشەوە بۆ ئاسمانەکان و هەر ئەمشەویش هاتوومەتەوە مەککە! ئەبوبەکر ڕەزای خوای لێبێت فەرمووی: (إن قالها فقد صدق) واتە: ئەگەر وای فەرمووبێت حەتمەن ڕاست دەکات.

گرنگ نییە چی ووتووە، گرنگ ئەوەیە پێغەمبەر ووتوویەتی، کەوایە ڕاستە و شک و گوومان هەڵناگرێت.

هاوەڵان ڕەزای خوایان لێبێت بە ڕادەیەک تەسلیمی دەقی شەرعی  بووبوون، هەر کاتێک شتێکیان بیستبێت لە پێغەمبەر یان لێیان بینیىێت بێ سێ و دوو جێبەجێیان کردووە، چاوەڕێ نەبوونە تاوەکوو حیکمەتی ئەو شتەیان بۆ ڕوون دەبێتەوە، یان بە زاراوەی ئێستا تاوەکو زانستی سەردەم دەیسەلمێنێت ئینجا جێبەجێ بکرێت! زۆرکەس هەیە دەقێک یان چەند دەقێکی شەرعی پەکدەخات و جێبەجێی ناکات یان کە جێبەجێشی دەکات هەر دوو دڵە لێی تاوەکوو تەواو حیکمەتەکەی بۆ ڕوون دەبێتەوە یان ئەوەی زانستی سەردەم دەیسەلمێنێت، ئەمە حەقیقەتی تەسلیم بوون نییە بە دەقە شەرعییەکان، ئیمانی کامڵیش نییە بە دەقە شەرعییەکان بەڵکوو ئیمانی بە زانستی سەردەمەکە زیاترە لە دەقە شەرعییەکە! هەر کاتێک چاوەڕێت کرد کە زانستی سەردەم دەقێکی شەرعی بسەلمێنێت ئینجا جێبەجێی بکەیت؛ ئەوە تەسلیم بوون نییە، بەڵکو نیشانەی ئیمان لاوازی و بە گەورە دانەنانی دەقە شەرعییەکانە.. با سەیری هەڵوێستی هاوەڵان بکەین:

پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) نوێژی بۆ هاوەڵان دەکرد، لە ناو نوێژەکەیدا نەعلەکانی دانا و خستیە لای چەپییەوە، کاتێک هاوەڵان ئەمەیان بینی؛ هەموویان بە یەکجار نەعلەکانیان دانا، کاتێک لە نوێژەکەی تەواو بوو، فەرمووی: ئەوە بۆچی ئێوەش نەعلەکانتان فڕێدا؟ فەرموویان: جەنابتمان بینی نەعلەکانت دانا، ئێمەش بۆیە داماننا.

کاتێکیش هاوەڵان لە ناو نوێژدا بوون و کەسێک هەواڵی پێدان کە قیبلە لە بەیتولمەقدیسەوە گۆڕاوە بەرەو کەعبە، ڕاستەوخۆ هەر لەناو نوێژەکانیان ڕوویان کردە کەعبە.

کاتێک جێبەجێکردنی دەقە شەرعییەکە هەرچەند قوڕسیش بووبێت لەسەریان، بەڵام ساردی نەکردوونەتەوە و دەستبەجێ جێبەجێیان کردووە.

مەعقەلی  کوڕی  یەسار  خوشکەکەی  لە پیاوێک  مارە  کرد، ئەو  پیاوە  دوای  ماوەیەک  بەبێ  هیچ  هۆکارێک  تەڵاقیدا، پاشان  پەشیمان  بوویەوە و  هاتەوە  لای مەعقەل  تا جارێکی  تر  مارەی  بکاتەوە، مەعقەل فەرمووی: خوشکەکەم  لێت مارە کرد و ڕێزم گرتی، دوایش بەبێ  هیچ هۆکارێک تەڵاقتدا و ئێستاش  دەتەوێ  لێت مارە بکەمەوە؟!  بەخوا  هەرگیز  جارێکی تر نایگەڕێنمەوە :لات، ئەم ئایەتە دابەزی:

{وَإِذَا طَلَّقْتُمُ ٱلنِّسَآءَ فَبَلَغْنَ أَجَلَهُنَّ فَلَا تَعْضُلُوهُنَّ أَن يَنکحْنَ أَزْوَٰجَهُنَّ إِذَا تَرَٰضَوْا۟ بَيْنَهُم بِٱلْمَعْرُوفِۗ ذَٰلِک يُوعَظُ بِهِۦ مَن کانَ مِنکمْ يُؤْمِنُ بِٱللَّهِ وَٱلْيَوْمِ ٱلْءَاخِرِۗ ذَٰلِکمْ أَزْکىٰ لَکمْ وَأَطْهَرُۗ وَٱللَّهُ يَعْلَمُ وَأَنتُمْ لَا تَعْلَمُونَ }

البقرة: ٢٣۲

واتە: هەر کات ژنەکانتان تەڵاقدا و گەیشتە ئاخر ماوەی دیاریکراو بۆ عادەی مانگانەیان، ئێوە ئەی کەسوکاری ژنان ڕێیان لێمەگرن شوو بە مێردە پێشووەکانیان بکەنەوە، بە مەرجێ کە گرفت لە نێوانیان نەمابێت و هەردوولایان ڕەزامەند بووبن.

کاتێک مەعقەل ئەم ئایەتەی بیست، فەرمووی: گوێبیستی فەرمانی خوا بووم و جێبەجێی دەکەم، بانگی زاواکەی کرد و خوشکەکەی لێ مارە کردەوە.

ئەم حاڵە ناخۆشە بێنە بەرچاوی خۆت، بەبێ هیچ هۆکارێک خوشکەکەی تەڵاق دەدەن، کە ئیهانەیەکی زۆری تیایە، پاشان سوێندیشی لەسەر دەخوا کە نەیگەڕێنێتەوە لای، بەڵام کاتێک  وەحی  دادەبەزێ  تەسلیمی  دەبێت.

 

خاڵی سێیەم: نیشانەکانی بە گەورە دانانی شەرع و تەسلیم بوون بە دەقەکانییەوە:

بە گەورە دانانی دەقە شەرعییەکان و تەسلیم بوون پێیان؛ بە گەورە  دانانی  خوای گەورەیە.. ئیبنولقەیم بە ڕەحمەت بێت دەفەرموێت:

(یەکەمین پلەی بە گەورە دانانی خوای گەورە، بە گەورە دانانی فەرمان و ڕێگریەکانیەتی، ئەوەش لەبەر ئەوەی کە کەسی ئیماندار خوای گەورەی لە ڕێی پەیامەکەیەوە ناسیوە، داخوازی ئەم پەیامەش تەسلیم بوونە بە فەرمان و ڕێگریەکانی، ئەوەش بەوە دەبێ کە فەرمانەکانی خوای گەورە بە گەورە بزانی و شوێنی بکەوی، ڕێگریەکانی خوای گەورە بە گەورە  بزانی و لێیان دوور بکەویتەوە، بە گەورە دانانی فەرمان و ڕێگریەکانی خوا بەڵگەیە لەسەر بە گەورە  دانانی  خوای گەورە).

کاتێک کە دەقە شەرعییەکان زۆرجار بە دڵی کەسانێک نابن و لەگەڵ ئاوەز و ئارەزووی ئەو کەسانە تێکدەگیرێن، بەهۆیەوە دەقە شەرعییەکان ڕەتدەکەنەوە، یان تەئویلێکی بێ بنەمای بۆ دەکەن، یانیش قبوڵی دەکەن، بەڵام ناڕەحەتی و ناڕازی لە دڵیانیاندا پەنگی خواردووەتەوە، لەبەر ئەوە هەر کەسێک کە بە تەواوی  تەسلیم ببێت بە دەقە شەرعییەکان، چەند نیشانەیەکی جیاکەرەوەی هەیە لەو کەسانەی کە تەسلیم  نابن پێیانەوە، لەوانە:

نیشانەی یەکەم: نەبوونی هەڵبژاردەیان:

خوای گەورە دەفەرمووێت:

{وَمَا کانَ لِمُؤْمِنٍ وَلَا مُؤْمِنَةٍ إِذَا قَضَى ٱللَّهُ وَرَسُولُهُۥٓ أَمْرًا أَن يَکونَ لَهُمُ ٱلْخِيَرَةُ مِنْ أَمْرِهِمْۗ وَمَن يَعْصِ ٱللَّهَ وَرَسُولَهُۥ فَقَدْ ضَلَّ ضَلَٰلًا مُّبِينً}
 الأحزاب: ٣٦

واتە: بۆ هیچ پیاو و ژنێکی بڕوادار نییە کاتێک خوا و پێغەمبەرەکەی بڕیارێکیان دا، خۆیان سەرپشک بکەن لە جێبەجێ کردنیدا (ئایا جێبەجێی بکەن یان نا، بەڵکو یەکسەر دەبێ جێبەجێی بکەن) هەر کەسێکیش سەرپێچی لە فەرمانی خوا و پەیامبەرەکەی بکات ئەوە بێگوومان گومڕا بووە بە گومڕابوونێکی ئاشکرا.

نیشانەی دووەم: نەبوونی ڕەخنە و سەغڵەتی:

کاتێک  خوای گەورە و پێغەمبەرەکەی فەرمان و بڕیارێک دەردەکەن، موسوڵمان دەبێت تەسلیم بێت و هیچ گرێیەکی لە دڵدا نەبێت و سەغڵەت نەبێت بە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە، خوای گەورە دەفەرموێت:

{فَلَا وَرَبِّک لَا يُؤْمِنُونَ حَتَّىٰ يُحَکمُوک فِيمَا شَجَرَ بَيْنَهُمْ ثُمَّ لَا يَجِدُوا۟ فِىٓ أَنفُسِهِمْ حَرَجًا مِّمَّا قَضَيْتَ وَيُسَلِّمُوا۟ تَسْلِيمًا }:النساء
 ٦٥

واتە: سوێند بە پەروەردگارت ئەی پێغەمبەر، ئەو خەڵکە نابنە بڕوادار، تا بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانیان تۆ دەکەنە داوەر، ئەو ساش بەو بڕیارەی تۆ داوتە هیچ تەنگی و سەغڵەتییەکیان لە دەروونیاندا نابێت و بە چاکی و تەواوی تەسلیم و ملکەچ  دەبن.

تێبینی بکە؛ دەفەرمووێت: (لە دەروونیاندا نابێ سەغڵەت بن بەم بڕیارە)، ئەمە لە کوێ و ئەو کەسانە لە کوێ کە هەر کاتێک دەقێکی شەرعیان بەگوێدا دەدەیت بەدوای  بیانوویەکدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی تەسلیمی نەبن! نەک تەنها لە دەروونیاندا، بەڵکو لە ڕەفتار(گوفتار و کردار)یاندا سەغڵەتی بەڵکو ناڕازی بوونیشیان پێوە دیارە.

نیشانەی سێیەم: زۆر ڕۆنەچوون بەدوای گەڕان بە حیکمەتی دەقە شەرعییەکان:

کەسانێک دەبینی زۆرجار دەقێکی شەرعی جێبەجێ ناکەن، تاوەکو حیکمەتی ئەم دەقە شەرعییەیان بۆ ڕوون دەبێتەوە، یانیش زانستی سەردەم دەیسەلمێنێت! ئەمە کەماڵی تەسلیم بوون نییە بە دەقە شەرعییەکان، ئەمە سەردەکێشێت بۆ ئەوەی کە ئەم کەسە بەردەوام ڕەخنە لە دەقە شەرعییەکان بگرێت تا ئەو کاتەی حیکمەتەکەی بۆ ڕوون دەبێتەوە، ئەو کەسە ئەدەبی ڕەچاو نەکردووە بەرامبەر بە خوای گەورە و بەرامبەر بە دەقە شەرعییەکان، خوای گەورە پرسیاری لێ ناکرێت کە چی دەکات و بۆچی دەیکات، ئەوە مرۆڤەکانن پرسیاریان لێ دەکرێت.

لەگەڵ ئەوەشدا هیچ ڕێگریەک نییە مرۆڤی ئیماندار بە دوای حیکمەتی دەقە شەرعییەکاندا بگەڕێت، بەڵام نەک بیکاتە پێوەر بۆ قبوڵکردنی دەقەکان و ڕەتدکردنەوەیان؛ هەرکات حیکمەتەی زانی قبوڵی بکات و کاتێکیش حیکمەتەکەی نەزانی ڕەدی بکاتەوە، چونکە زۆریک لە دەقە شەرعییەکان لەوانەیە ئێمە هەرگیز درک بە حیکمەتەکانی نەکەین.

 

 

8/11/2021 8:05:15 AM