ونبوونی واتای بەرستش

ونبوونی واتای بەرستش

لە گەورەترین قەیرانەکان کە ڕووبەڕووی باوەڕدار دەبێتەوە لەم سەردەمەدا کە سەردەمی هەژموونی مادیگەرا و بە خوداکردنی ویستەکانی مرۆڤە، بریتییە لە: لاوازبوون، یان ونبوونی واتای عوبودییەت و بەندایەتیی.

ونبوونی ئەم واتایە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی لادان لە بیروباوەڕی ڕاست؛ چونکە کاتێک لە وەعی و ناخی مرۆڤدا ئەم هەستە نەما کە ئەو بەندەیەکی فەرمانبەردار و موکەلەفە، وای لێدێت چاوەڕوانی پاداشت و کرێی تاعەت و پەرستشەکانی دەکات لە دونیا.
 پاشان هەنگاوێکی دیکە دەنێت و شتانێک واجب دەکات لەسەر خودا بە پێی ویست و ئارەزووەکانی، بۆ نموونە: کاتێک دوعا دەکات چاوەڕوانە بە زوویی وەڵامی بدرێتەوە، خۆ ئەگەر وەڵامەکەی دواکەوت، یان وەڵامی داواکەی نەدرایەوە دەبینی دەست دەکات بە پرتە و بۆڵە و ناڕەزایی دەربڕین.

 ئەو کەسە لەیادی چووە وەزیفە و کاری ئەو بریتییە لە پەرستش (عیبادەت)، نزا و پاڕانەوەش بۆ خۆی عیبادەتە و پاداشتی لەسەر وەردەگیرێت، هەندێ جاریش وای لێدێت پاڕانەوە وەک هۆکارێک بەکار دێنێت بۆ بەدەستهێنانی مەبەستە دونیاییەکانی، هەر بۆیە نزا ناکات و ناپاڕێتەوە لە کاتی تەنگانە و ناڕەحەتیدا نەبێت.

خودای باڵادەست سەرزەنشتی ئەم جۆرە کەسانەی کردووە و فەرموویەتی: {وَإِذَا مَسَّ الْإِنسَانَ الضُّرُّ دَعَانَا لِجَنبِهِ أَوْ قَاعِدًا أَوْ قَائِمًا فَلَمَّا كَشَفْنَا عَنْهُ ضُرَّهُ مَرَّ كَأَن لَّمْ يَدْعُنَا إِلَىٰ ضُرٍّ مَّسَّهُ} يونس،١٢
 واتە: ((کاتێک مرۆڤ زیانێکى قورسى دووچار دەبێت، خێرا هاوارمان بۆ دێنێت و لێمان دەپاڕێتەوە! بە هەموو شێوەیەک دەپاڕێتەوە بۆ لادانى گرفتەکەى، ئینجا لەسەر تەنیشت بێت، یان بە ڕاکشاوی، یان بە پێوە، دواتر هەر کە ناڕەحەتییەکەمان لەسەری لابرد، بەردەوام دەبێت لەسەر تاوانکارى، دەڵێیت ڕۆژێک نەبووە داوامان لێبکات بۆ لابردنى زیانێک کە دووچارى ببوو!))
هەروەها فەرموویەتی: {وَإِذا مَسَّهُ الشَّرُّ فَذو دُعاءٍ عَريضٍ} فصلت،٥١ 
واتە: ((کاتێک تووشى نەهامەتی و ناخۆشی دەبێت، دەبینى بەردەوام پاڕانەوە و نزا و دوعا دەکات.))

هەر لە لێکەوتەی ونبوونی واتای عوبودییەت: مرۆڤ وای لێدێت ژمارەی نوێژ و ڕۆژوو و ئەندازەی زەکات و ... هتد بەسەر خوداوە حیساب دەکات، موعجەب دەبێت بەو کەمە پەرستشەی ئەنجامی دەدات. 
بۆیە سەری سوڕدەمێنێت ئەگەر تووشی ناخۆشی و موسیبەتێک ببێت! لە ناخی خۆیدا دەڵێت: باشە بۆچی تووشی ناخۆشییەکان دەبم خۆ من کەسێکم تاعەت و پەرستشم هەیە!

پاشان شەیتان هەنگاوێکی دیکەی پێهەڵدەگرێت ئەم جارەیان پرسیار دەکات، بەڵام پرسیارێک بە نکۆڵییەوە، ئەم جارەیان ڕەخەنە و بەرهەڵستی هەیە بەرانبەر بە قەزا و قەدەر! بۆیە ونبوونی واتای عوبودییەت و بەندایەتی واتە ونبوونی شوناسی مرۆڤ و بێئاگابوون لە مەسیڕ و سەرەنجامی.

دداننان بەم واتا گەورە و بەنرخە سەرەتای هەموو گفتوگۆیەکی بە سوود و هەنگاوێکی بەرهەمدارە.
بەسە بۆ مرۆڤی ژیر بزانێت ئەم واتایە وەسفی باشترین دروستکراوەکانە، ئەو پەڕی عیززەت و شکۆدارییە، {تَبارَكَ الَّذي نَزَّلَ الفُرقانَ عَلى عَبدِهِ لِيَكونَ لِلعالَمينَ نَذيرًا} الفرقان، ١
واتە: ((گەورە و پیرۆزە ئەو زاتەی کە فورقان -قورئان-ی بۆ سەر بەندەی خۆی ناردۆتە خوارەوە، تا ترسێنەر بێت بۆ ھەموو جیھانیان.

#ئاستانە_Astana

8/22/2021 3:29:39 PM