ململانێ فیکرییەکان لە لوتکەی ئەزمەکاندا

ململانێ فیکرییەکان لە لوتکەی ئەزمەکاندا

دەزانن لە ھەموو قەیرانێکی ئابووری و ئاسایشی و خواردن و کار و کاسبیدا کۆمەڵێک کێشەی تریشی پێوە سەرھەڵدەدات؟
کێشەی فیکریی و مەزھەبی و زانستی و سەربازیش، ھەندێک جار بەستراون بە بوونی گرفت و کێشەکانی ترەوە!
لە سەردەمی ئیمامی عوسمان (ڕەزای خوای لێ بێت)، سەرباری گرفت و کێشەی سەربازی و کارگێڕی و ...ھتد!، شەڕی خەواریجیش ھاتە گۆرێ.

لە سەردەمی ئیمامی عەلی (ڕەزای خوای لێبێت)، سەرباری کۆنترۆڵ کردنەوەی ئیدارە و ڕیادە و سیادەی وڵات و ئیماڕەتەکان، فیتنە دروستکرا لە نێوان دایکی ئیمانداران و سەرداری ئیمانداران و نووسەرەوەی وەحی، ھەموو ھۆکاری ھەڵگیرسێنەرانی فیتنە بوو!

لە سەردەمی ئیمامی ئەحمەددا (بە ڕەحمەت بێت)، سەرباری کێشەکانی فیکر و پەستانی سیاسات و شارستانییەتەکان و کرانەوەی عەبباسییەکان، فیتنەی جەھمییەکان بەرۆکی زانایانی ئەھلی فەرموودەی گرت و بوونە دەرد و بەڵا بۆ بەردەم بانگەوازی! منازەڕە و مناقەشە و ھەجر و نووسین و مەجلیس و مزگەوت و بەڵاطەکانی تەنیبوو! تەنانەت لەمپەر بوو لەبەردەم کارکردنی ئەھلی حەدیس بۆ ئەو کارە پیرۆزەی خەریکی بوون.

دواتر سەردەمەکانی تری وەکوو باقلانی و ئیبن بتتە و سەردەمی شێخی ئیسلام-ئیبن تەیمییە- کە لوتکەی گرفتەکانی داگیرکاریی مەغۆل بەلایەک، داتەپینی خەلافەتی عەبباسی بەلایە، بێکاری و برسێتی و گەمارۆ و لەناوچوون و نەخۆشی و لاوازی موسڵمانان لە ڕووی دارایی و چەک و ھزر و سیاسەتەوە، ھەمووی بەسەر میللەتی موسڵماندا کەوتبوو، «تەسەووف، تەشیوع، ئەشعەری، ماتوریدی، جەھمی، قەدەریی، نەسیڕیی» کەوتبونە لوتکەی جموجوڵ و  چالاکی و ھەندێک خیانەت و عەمالەت و حساباتی زۆرتریش کە ھەمووی ئابۆلقەی ئومەتی ئیسلامی دابوو!

ئەو فیتنە گەورانە ھەبوون! ئەھلی بیدەعیش دەستیان دابوویە بڵاوکردنەوەی لاڕێی و فیکرەکانیان!
شێخی ئیسلام -ئیبن تەیمییە- و ھاوکارەکانی لە ئەھلی سوننەت نەوەستان، نەپسان، سەرباری شەڕ و جیھاد دژی کوفار و نەداری و ھەژاری گەڵ و خەڵک وەستانەوە، دژی ئەم بیدعەکارانە کە حوکوومەت زۆر جار مەحکەمە و شکات و پیلانیشی بەلای ئەھلی بیدەعدا دەجوڵاند!

تا ئەم سەردەمەش ھەروایە، ئێمەی موسڵمان كە مێژوو نەزانین، لە ئێستادا کە بانگخوازێک، یان زانایەک باسێکی وەڵامدانەوەی ئەھلی بیدعە بکات، یەکسەر دەڵێن: "دژی یەک مەوەستن و نان نییە بیخۆین و کێشەی ئەو خەڵکە چییە و ئێوەش خەریکی چین!"

بەڵام لاوازیی و  ھەوا و ئارەزوو و جەھل ھۆکارە بۆ ئەمە کە گرنگیی «پشتیوانی یەکتاپەرستی و سوننەت و شوێنکەوتنی ھەق» گرنگ نەبێت و وا بزانیت ئەوانەی خەریکی وەڵامدانەوەی گومرایی و لاڕێییەکانن، بێ ئیش و کار و گرفتن و حەزیان لە سەرگەرمییە!

تۆ وا دەزانیت زانایان ھەست بە بێکاری ناکەن؟
هەژار لە دەرگایان نادات؟
نەپڕوکاون بۆ پەیداکردنی بژێوی نەداران؟
کێشەی کۆمەڵایەتی و تەڵاق و نەدار و بێکاری و بێ ماڵ و حاڵی و دەرمانی نەخۆش و کرێی کرێچی و ھەزار کێشەی کۆمەڵگاکان بەسەر مامۆستا و زانایانن و ئەوانیش ڕوویان نایە وەڵام نەدەن، سەرباری ئەو ھەموو سەنگەرە فیکریی و ئاریشە بنچینەییانە!

بۆیە دڵنیابن کێشە فیکری و هزرییەکان لە ساتە ناڕەحەتەکاندا سەرھەڵدەدەن، زۆرێکیش لە ئەھلی بیدعە بە دەرفەتی دەزانن چالاک ببنەوە و کار بکەن بۆ لاڕێکردنی خەڵکی.

نووسینی: مامۆستا بیلال جەلال حەدداد

#ئاستانە_Astana

8/24/2021 10:42:26 AM