فێمینیست و فێمینستی ئیسلامیی!

فێمینیست و فێمینستی ئیسلامیی!

فێمیسنتی، جووڵەیەکی ئافرەتانەیە، هەوڵدەدات ئافرەتان یەکسان بن لەگەڵ پیاوان لە ڕووەکانی ئابوری، سیاسی و کۆمەڵایەتی.
 دژی جیاوازی جێندەرین و وای دەبینن نێر و مێ هیچ جیاوازییەکیان نییە. هەندێکیان گەیشتونەتە ئاستێک غلویان کردووە و پێیان وایە هیچ جیاوازیەکی فسیۆلۆجی و دەروونیش لەنێوان نێر و مێ نییە، ئەسڵەن پێشیان نادروستە جۆری ڕەگەز «نێر یان مێ» بنووسرێت لە ناسنامە، بەڵکوو دەڵێن: "مرۆڤ کە گەورە بوو، ئەو کات دەبێت جۆری ڕەگەزی هەڵبژێرێت." 

مێژووی ئەم جووڵەیە دەگەێڕتەوە بۆ پێش زاین؛ کاتێک ئەفلاتۆن لە پەڕتووکی «جمهوریەت» باسی یەکسانی تواناکانی ژن و پیاوی کردووە و پێی وابووە ئافرەتان دەتوانن پێشەوایەتی و پارێزگاری لە نیشتیمان بکەن.

دواتر هەندێک نووسەر لە سەدەی شازدە ڕەخنەیان لە پەراوێز خستنی ئافرەت گرتووە. وردە وردە ئەم جوڵانەوەیە گەشەی کردووە و فەیلەسوف و نووسەران، نووسین و قسەیان لەم بارەوە هەبووە. لوتکەی گەشەسەندنییان لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو بووە. دووکەڵی ژەهراویان لە هەشتاکانی ڕابردوو، وڵاتانی ئیسلامیی گرتەوە؛ هەڵگرانی بیری چەپ و عەلمانییەکانیش برەویان پێدا. ئەمە بەردەوام بووە تا  کاریان بە ئیمڕۆ گەشتووە.

ئەوەی ئێمە مەبەستمانە؛ کاریگەری ئەم تەوژمە ژەنگاوییە چۆنە لەسەر فکری ئیسلامیی بە گشتی و بیری خوشکانی موسڵمانمان؟ ئایا قاڵە و هاتوهەرای ئەم ڕەوتە نەخۆشی نەخستوەتە نێو فکری هەندێک لە موسڵمانی ناحاڵی؟

ئایا تا چەند ئەو دەزگا و ڕێکخراو و وڵاتانەی شەو و ڕۆژ دژایەتی ئیسلام و بیری ئیسلامی دەکەن، هەوڵیانداوە ئەم بابەتە لە نێو موسڵمانان و بەتایبەت خوشکانی ئیسلامی بوروژێنن؟

بێگومان کاریان بۆ کردووە و ئەوەتا لە ئێستادا گروپیان لە ئافرەتانی ناحاڵی لە بنەماکانی ئیسلام دروست کردووە لە وڵاتانی خۆیان و ناویان لە خۆ ناوە «فێمینستی ئیسلامیی». ئەمانە هەوڵیانداوە ملی دەقەکان بشکێننەوە بە ئاڕاستەی وەرگرتنی ئەم واقعە زاڵە دروستکراوە سەپێنراوە.

لە ئێستادا و لەژێر کاریگەری ئەم شەپۆلە کۆمەڵێک کەس کار لەسەر کۆمەڵێک بابەتی وەک: دروستی پێش نوێژی ژنان بۆ پیاوان، سەرکردایەتی کردنی وڵات و وەرگرتنی قەزا، هەڵگرتنی میراتی دوو کچ بەرانبەر یەک برا، تێکەڵی لە مزگەوت کاتی جەماعەت، یەکسانی لە شایەتیدان، لابردنی مەرجی وەلی ئەمر لە پرۆسەی هاوسەرگیری، واجب نەبوونی حیجاب، دژی تەعەدودن، دەرکردنی تەڵاق لەژێر دەستی پیاو، گەشتکردن بەبێ مەحرەم و مانەوە لەگەڵ نامەحرەم بەخەڵوەتی.

ئینجا ئەم خەڵکانە پێیان وایە ئەو جیاوازیانەی باس کران لەنێو نێر و مێ و ئەو بەڵگانەی جیاوازییەکەیان دروستکردووە، خودایی نین و پشت ئەستوور نین بە وەحی، بەڵکوو کلتورین و بە هۆی تێکەڵبوونی وەحی بە کلتوری ئەو کاتی نیمچە دورگەی عەرەب دروست بووە.

 جا بۆ ئەم بانگەشەیان هیچ بەڵگەیەکییان نییە، بەڵکوو تەنیا هەندێکیان بە هۆی کاریگەری هەیمەنەی شارستانییەتی ڕۆژئاوا و هەندێکی تریان بە دەست لەپشتدانی ڕێکخراوە ماسۆنی و تەبشیریەکان و بۆ تێکدانی نەسیجی کۆمەڵایەتی و بڵاوکردنەوەی گومان لای موسڵمانی نەخوێنەوار، ئەم کارە دەکەن. ئەگەر نا پێچەوانەی ئەم بانگەشەیە دروستە، چونکە دەیەها خو و کلتوری ناپەسەندی ئەوکات بە دەقی وەحی گۆڕاون؛ بە واتای: وەحی کلتوری گۆڕیوە نەک کلتور وەحی گۆڕی بێت!

#ئاستانە_Astana

9/1/2021 5:05:26 PM