قورئانییەکان لە بەرەی دژی قورئان

قورئانییەکان لە بەرەی دژی قورئان

دوای بانگەشەی ڕێکخراوە چەپ و عالەمانییەکان بۆ گۆڕینی ناوی منداڵ لە باوکەوە بۆ دایک و ڕاگەیاندنی کەمپین بەناوی «ناوی من ناوی دایکمە» بە بیانوویەکی لاواز، کە گوایە کۆمەڵێک منداڵی پاشماوەی شەڕی داعش نازانرێت باوکییان کێیە، بۆیه دەبێت نازناوی دایک هەڵگرن و بە ناوی دایکەوە له ڕەگەزنامە تۆمار بکرێن.

بەڵام سوپاس بۆ خودا مەبەستی گڵاویان هەر زوو ئاشکرا بوو، دەرکەوت ئەم کارەیان بۆ پەردەپۆش کردنی ئامانجێکی ترە نەک خەمخۆری و مرۆڤدۆستی، مەبەستەکەیان: «ئازادکردنی سێکس و بە یاساکردنی ئەو لێکەوتانەیە لەو سێکسە ئازادە دەکەوێتەوە.»

بۆیە هەر زوو موسڵمانان هەستیان بەم پیلانە کرد و توانیان بە بەڵگەی شەرعی و بە پشت ئەستوری بە دەقی ڕوونی قورئان کە دەفەرمووێت: {ادْعُوهُمْ لِآبَائِهِمْ هُوَ أَقْسَطُ عِندَ اللَّە} الاحزاب: ٥
 واتە: ((بە ناوی باوکیانەوە بانگیان بکەن و ئەمەش دادگەرترە لای خودا)) ڕەدیان دانەوە.

ئەمە جگە لە بوونی چەند فەرموودەی تری پێغەمبەری خودا ﷺ کە پاڵپشتی ئەم بۆچوونە دەکات، ئەوەی جێگای تێڕامان بوو کۆمەڵەی قورئانییەکان بوون، وەک هەموو کات بەرەکەی خۆیان چۆڵ نەکرد و بۆ پاڵپشتکردنی عالەمانی و چەپەکان دەستیان کرد بە هێنانەوی بەڵگە و بە لاڕێدا بردنی مەبەست و مانای ئایەتەکە، تا بڵێن هیچ بەڵگەیەک نییە کە نەسەب بۆ باوکە و ئاساییە ئەو ناو گۆڕینە.

سەیرتر ئەوە بوو بە پشتبەستن بە 'سەبەب نزولی' ئایەتەکە ڕاڤەیان بۆ ئایەتەکە دەکرد، لەکاتێک ئەوان دوور و نزیک باوەڕیان بە 'سەبەب نزول' نییە! چونکە جێگر بوونی بە فەرموودەیە و فەرموودەش لای ئەوان ڕەفزە. ئەمە جگە لەوەی ئایەتەکەیان لە سیاق دەرهێناوە و قرتاندویانە و نەهاتوون ئایەتەکە تەواو بکەن، تا بزانین مەبەست و نیازی خودای گەورە چییە؟ نازانم ئەم گروپە و هاوشێوەکانییان چۆن دەرکردنی ئایەت لە سیاق بۆ خۆیان بە ڕەوا دەبینن لە کاتێکدا بەردوام ڕەخنە لە موسڵمانان دەگرن لەسەری!

 دیارە ئەمانە کێن و چین! بۆیە کۆک بوونیان لەگەڵ ئەو چەپ و عالەمانییانە جێگای گومان نییە.

جا بۆ ئەوەی مەبەستەکە ڕوون بێت و پوچی قسەی ئەو گروپەش دەرکەوێت دەبێت ئایەتەکە تەواو بکەین، خوای گەوره دەفەرمووێت: {ادْعُوهُمْ لِآبَائِهِمْ هُوَ أَقْسَطُ عِندَ اللَّهِ ۚ فَإِن لَّمْ تَعْلَمُوا آبَاءَهُمْ فَإِخْوَانُكُمْ فِي الدِّينِ}
واتە: ((بە ناوی باوکیانەوە بانگیان بکەن ئەوە دادگەریە لای خودا، خۆ ئەگەر نەتانزانی باوکیان کێیە ئەوا براتانن لە دینداری.))

 تێبینی بکەن: نافەرمووێت ئەگەر نەتانزانی باوکیان کێیە ئەوا بە ناوی دایکیان بانگییان بکەن،
دەی دیارە دایکەکە دیار بووە، چونکە ئایەتەکە نا فەرمووێت ئەگەر نەتانزانی باوک و دایکیان کێیە (فان لم تعلموا ابائهم وامهاتم) ئینجا بفەرمووێت (فاخوانکم فی الدین) لێرەدا تەنها باوک دیار نییە.
دەی نەسەبەکە نەدرایە پاڵ دایک، هەرچەند دایکەکەش دیار بووە.

پوختەی باسەکە ئەوەیە: ئەوەی ئەم قورئانییانە دەیکەن هیچ نییە جگە لە دژایەتی پەیامی خودا، بە زمانێک جیاواز لە زمانی چەپ و عالەمانییەکان.

#ئاستانە_Astana

9/4/2021 10:36:34 AM