فەرموودە لە نێوان نووسینەوە و گێڕانەوەی زارەکی

فەرموودە لە نێوان نووسینەوە و گێڕانەوەی زارەکی

- ئایا بەتەنها تەدوین و نووسینەوە بەسە بۆ ئەوەی فەرموودە تەواو پارێزراو بێت؟
- ئایا بەتەنها نووسینەوە هۆکارێکی بێ کێشەیە بۆ گواستنەوە و دیکۆمێنت کردنی فەرموودە؟
- ئایا گێرانەوەی زارەکی هیچ بەهایەکی نییە لە پاراستن و گواستنەوەی فەرموودە؟

ئەمانە پرسیارگەلێکن کە دێنە پێش سەبارەت بە نکوڵیکارانی فەرموودە، چونکە دیارە یەکێک لە بەهانەکانی ئەوان بۆ ڕەتکردنەوەی فەرموودە وەک حوججەیەکی شەڕعی و سەرچاوەیەکی دین ئەوەیە کە فەرموودە لە سەرەتادا نەنوسراوەتەوە، بەشێوەیەک هەندێکیان دەڵێن دوای ٢٠٠ ساڵ لە وەفاتی پێغەمبەر ﷺ نووسراوەتەوە!

جارێ پێش هەموو شتێک ئەو بانگەشەیە راست نییە، بەڵکوو هەر لەسەردەمی پێغەمبەر ﷺ بەشێوەیەک لە شێوەکان فەرموودە نووسراوەتەوە، پاشان چەندین هاوەڵ نووسینەوەیان کردووە و پەڕاویان هەبووە و دەیان تابیعی پەڕتووک و پەڕاویان هەبووە کە فەرموودەیان تیایدا نووسیوەتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا با واز لەوە بهێنین و گریمانەی ئەوە بکەین کە تەواوی فەرموودە هەر لەسەردەمی پێغەمبەر ﷺ و لەژێر سەرپەرشتی خودی خۆیدا نووسراوەتەوە، ئایا ئەمە بەتەنها و بەبێ گێڕانەوەی زارەکی دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی بڵێین فەرموودە پارێزراوە؟

لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا پێویستە بزانین کە هۆکاری سەرەکی بۆ گواستنەوەی زانست و زانیاری لەو سەردەمەی ژیانی عەرەبدا بریتی بووە لە گێڕانەوەی زارەکی، عەرەب ئوممەتێکی بەناوبانگ بوون بە لەبەرکردن و یادگەی بەهێز، شعری جاهیلی لەپێش ئیسلامدا لەگەڵ ئەوەی تیایدا هەبوو زیاتر لە ١٠٠ بەیت بوو، بەڵام عەرەب توانیویانە لەبەری بکەن و نەوە دوای نەوە بیگوازنەوە، هەر شاعیرێک گێڕەڕەوەیەکی هەبوو کە شعرەکانی لەبەر دەکرد و لە ناو تیرە و قەبیلە عەرەبیەکان بڵاوی دەکردەوە تا توانیان بەو شێوەیە ئەو شعرانە بپارێزن.

فەرموودەش لەگەڵ ئەوەی هەر لەسەرەتای ئیسلامەوە بەجۆرێک لە جۆرەکان نووسینەوەی بۆ کراوە، بەڵام ئەوە هەرگیز نەبووەتە هۆی ئەوەی گێڕانەوەی زارەکی و گوێبیست بوون فەرامۆش بکرێت، بەڵکوو ئەو هۆکارە گرنگە شان بەشانی نووسینەوە بەیەکەوە رۆیشتوون و بوونەتە هۆی پاراستنی فەرموودە. 

ئینجا گرنگی گێڕانەوەی زارەکی زیاتر لەو کاتەدا دەردەکەوێت کە لە دوای جیلی هاوەڵان و تابیعین، زمانی عەرەبی پاراویەکەی پێشووی کەم بوویەوە بەتایبەتی کە خەڵکانی تری زۆر لە غەیری عەرەب هاتنە ناو ئیسلام کە زمانە عەرەبیەکەیان زۆر پاراو نەبوو وەک ئەوانەی بە رەچەڵەک عەرەب بوون، بۆیە ئەمە هۆکارێک بوو بۆ هەڵەکردن بەتایبەتی لەکاتی خوێندنەوەدا.

پێشەوایانی فەرموودەناس درکیان بەو بابەتە کردبوو و بەدواداچوونی وردیان دەکرد بۆ هەڵەکردن لە گواستنەوەی فەرموودە، یەکێک لەو بابەتانەی لە زانستی فەرموودەناسیدا بایەخی خۆی هەیە بریتیە لە (تصحیف)، وشەی تصحیف لە (صحیفة) هاتووە واتا پەڕاو، جا تەصحیف ئەو هەڵەکردنەیە کە کەسێک فەرموودەیەک لە پەڕاوێک بگێڕێتەوە بەبێ ئەوەی بە شێوه‌ی زارەکی لە کەسێکی تری گوێ لێبووبێت.

«ئیبن صەلاحی شارەزووری» لە پەڕتووکەیدا لەسەر زانستی فەرموودەناسی چەند نموونەیەک لەو بارەوە دەهێنێتەوە، وەک ئەوەی «عبدالله بن لهیعة» فەرموودەی: (احتجر رسول الله ﷺ في المسجد) تەنها لە پەڕتووک دەگێڕێتەوە کە ماناکەی ئەوەیە پێغەمبەری خودا لە مزگەوتدا حوجرەیەک و ژوورێکی تایبەت کرد بۆ خۆی کە عیبادەتی تیادا بکات، کەچی ابن لهیعة لەبەر ئەوەی بە زارەکی گوێی لێ نەبووبوو کردیە (احتجم رسول الله ﷺ في المسجد) واتا پیتی (راء)ی کرد بە (میم) و مانایەکەی تەواو گۆڕا بەوەی پێغەمبەری خوا حیجامەی کرد لە مزگەوتدا!

یان یەکێکی تر لە ڕاویەکان فەرموودەی: (من صام رمضان وأتبعه ستاً من شوال..)، خوێندیەوە (شیئاً من شوال) واتا شەش رۆژ لە شەوال بوو بە شتێک لە شەوال بە رۆژوو بێت! كه‌ ئه‌مه‌ش دیاره‌ ته‌واو حوكمه‌كه‌ ده‌گۆڕێت.

یا وەک فەرموودەی (لعن رسول الله  الذين يشققون الخُطَب تشقيق الشعر) واتا: پێغەمبەر لەعنەتی لەوانە کردووە کە لە کاتی وتارداندا زمانیان خواردەکەنەوە و زۆر لەخۆیان دەکەن وەک ئەوەی شعر بخوێننەوە، هەندێک تەصحیفیان کرد و گوتیان: (الذين يشققون الحَطَب) بە پیتی حاء، واتا ماناکەی گۆڕا بۆ ئەوانەی دار پارچە دەکەن!

یا فەرموودەی (کُنا نؤديه على عهد رسول الله) مەبەستەکەی ئەوەیە زەکاتی سەرفترەمان دەدا لە سەردەمی پێغەمبەر، کەچی یەکێک لە ڕاویەکان کردی بە (کُنا نورثه على عهد رسول الله يعني الجد) واتا میراتمان پێی دەدا لە سەردەمی پێغەمبەر، پاشان ڕاویەکە هەر بە خۆی ڕاڤەی بۆ فەرموودە کردووە و گوتوویەتی: مەبەستی باپیرەیە!

یا کەسێکی تر فەرموودەی (المؤمن کيِّس فَطِن) هەر چەندە فەرموودەیەکی لاوازە کە ماناکەی ئەوەیە باوەڕدار زیرەک و هۆشیارە، کەچی یەکێک لە ڕاویەکان کردی بە (المؤمن کِيسُ قُطنٍ) واتا باوەڕدار فەردەی لۆکەیە!

ئەمانە و چەندین نموونەی تر کە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بەشێک لە ڕاویەکان کاتێک لە ڕێی نووسین و پەڕاوەکان فەرموودەیان وەردەگرت بەبێ گێڕانەوەی زارەکی، لەبەر ئەوەی ئەو کاتە پیتەکان خاڵیان لەسەر نەبوو و بە دەست دەنووسرایەوە و زۆر ڕوون نەبوو، بۆیە ئەو ڕاویانە بە هەڵە دەیانخوێندەوە.

هەر لەبەر ئەمەشە زانایانی فەرموودەناس لەبارەی (طرق تحمل الحدیث) واتا ڕێگاکانی وەرگرتن و ئەداکردنی فەرموودە طەریقەی (السماع - گوێ لێ بوون) بە بەرزترین ڕێگە دادەنێن و صیغە و شێوازی (سمعتُ - گوێم لێبوو) يان (حدّثني - بۆی گێڕامەوە) به بەرزترین صیغە دادەنێن، و زۆر بە بەرزتر و بەهێزتری دادەنێن لە ڕێگەی (الوجادة) واتا دۆزینەوەی نووسینێک و پەڕاوێک کە فەرموودەی تیادا نووسرابێتەوە، ئەمەش چونکە ویجادە گوێ لێبوون و گێڕانەوەی زارەکی لەگەڵدا نییە و ئەگەری هەڵەی تیایە کە ڕاوی تێیبکەوێت.

بەو شێوەیە بۆمان دەردەکەوێت کە نووسینەوە هەرگیز ڕێگایەکی بێ کێشە نەبووە لە سەردەمی ڕیوایه‌تدا، بەڵکوو هۆکارێک بووە بۆ هەڵەی زەق لە گواستنەوەی فەرموودە، ئەگەر هۆشیاری و شارەزایی پێشەوایانی فەرموودەناس نەبووایە ئەو هەڵانە نەدەدۆزرانەوە.
ئەمە و لەو سەردەمەشدا مێژوونووسانیش درکیان بە گرنگی و بایەخی گێڕانەوەی زارەکی کردووە لە تۆمارکردن و نووسینەوەی مێژوودا، بەشێوەیەک ئێستا زۆرێک له‌ لێکۆڵینەوە مێژووییه‌كان پشت ده‌به‌ستن به‌ گێڕانه‌وه‌ی زاره‌كی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌رگیز ئه‌و ڕێ و شوێنانه‌ی ده‌یگرنه‌ به‌ر ناگات به‌و ئاسته‌ به‌رزه‌ ره‌خنه‌ییه‌ی كه‌ ‌فه‌رمووده‌ناسان گرتیانه‌ به‌ر بۆ له‌بێژینگدانی فه‌رمووده‌ و جیاكردنه‌وه‌ی فه‌رمووده‌ صه‌حیحه‌كان له‌ لاوازه‌كان.

#ئاستانە_Astana

9/17/2021 7:40:52 AM