هەڵوێستی باوەڕداران و ناکۆکی نێوان ھاوەڵان

هەڵوێستی باوەڕداران و ناکۆکی نێوان ھاوەڵان

 هاوەڵە بەڕێزەکان، ئەو کەسانە بوون بە ڕۆح و ماڵ و سامان لە خزمەت پێغەمبەر ﷺ بوون و لەپێناو سەرخستنی ئایینەکەی خودا، شار و گوندی خۆیان جێهێشت و تەواوی ژین و ژیانی خۆیان کردە قوربانی ئیسلام. توانیان لە ماوەیەکی زۆر کورتی چاوەڕوان نەکراودا چۆک بە گەورەترین دەسەڵاتی ئەو سەردەمە -فارس و ڕۆم- دابدەن.
  هاوەڵان، باشترین دروستکراون لە دوای پێغەمبەران، خۆشەویسییان بەڵگەی ئیمان و باوەڕە، هەروەک چۆن ڕق لێبوونیان نیشانەی نیفاق و دووڕووییە.

- خودای باڵادەست شاهیدی ڕاساڵی و عەدالەت و دادپەروەری بۆداون: {أُوْلَٰٓئِكَ هُمُ ٱلْمُؤْمِنُونَ حَقًّا} [الأنفال: ٧٤].
 
- شاهیدی ڕاستگۆیی و سەرڕاستی بۆداون: {أُوْلَٰٓئِكَ هُمُ ٱلصَّٰدِقُونَ} [الحشر: ٨].

- شاهیدی نیەتپاکی و ئیخڵاس و خوداویستی بۆداوون: {يَبْتَغُونَ فَضْلا مِنَ اللَّهِ وَرِضْوَانًا}  [ الفتح٢٩]، { يُرِيدُونَ وَجْهَهُ} [الأنعام:٥٢].

- خودای پەروەردگار لەهەموویان ڕازی بووە: { رَّضِيَ اللَّهُ عَنْهُمْ} [التوبة: ١٠٠].

- بەڵکوو هەر لە دونیادا مزگێنی بەهەشتی بەهەموویان داوە: {وَكُـلاًّ وَعَدَ ٱللَّهُ ٱلْحُسْنَىٰ} [النساء: ٩٥].

ئەمانە و چەندان وەسف و سەنای دیکە لە قورئان و فەرموودەدا هاتوون دەربارەیان.

هاوەڵان سەرباری فەزڵ و گەورەیی و مەکانەتی بەڕێزیان مرۆڤن، مەعسووم و پارێزراونین لە هەڵە و کەموکوڕی. بۆیە دەکرێت ڕووبەڕووی کێشە و گرفت و ناکۆکی ببنەوە. بە کردارەکیش هەندێک گرفت ڕوویدا لە نێوانیان، بەتایبەت لە دوای شەهیدبوونی پێشەوا عومەری کوڕی خەتتاب -ڕەزای خودای لێ بێت- پاشان لە دوای شەهیدبوونی پێشەوا عوسمان -ڕەزای خودای لێ بێت- گرفتەکان گەورەتربوو. هەندێک شەڕ و ناکۆکی لەنێوانیاندا ڕوویدا وەک جەنگی (صفين) و (جەمەل) کە باسکردنی شوێنی خۆی هەیە.

لێرەدا ئاگادارکردنەوەیەکی زۆر گرینگ هەیە دەبێت باسی بکەین ئەوەیش: کاتێک باسی گرفت و ناکۆکی نێوان هاوەڵە بەڕێزەکان دەکرێت وا دەزانرێت هەموویان یاخود زۆربەیان بەشداربوون لەو گرفت و ناکۆکیانە! بەڵام لە ڕاستیدا بەو شێوەیە نییە، بەڵکوو ژمارەی ئەو هاوەڵانەی گرفت و ناکۆکی لە نێوانیاندا ڕوویداوە، یان بڵێن بەشداری ئەو گرفت و ناکۆکیانەیان کردووە، لە (٣٠) هاوەڵ تێناپەڕێت، وەک تابیعی «بەڕێز موحەممەدی کوڕی سیرین» فەرموویەتی: "کاتێک گرفت و ناکۆکی و کێشەکان ڕوویاندا، هاوەڵان (١٠) هەزار کەس بوون، (١٠٠) کەسیان بەڵکوو (٣٠) کەسیان بەشداری تێدانەکرد".¹

پاشان: پێویستە باوەڕدار بە شێوازێکی زانستی و شەرعی لەو ناکۆکی و گرفتانە بڕوانێت و هەڵوێستی ڕێک بخات بە پێی کۆمەڵێک ڕێسا کە زانایان باسیانکردووە، گرنگترینیشیان ئەمانەی  لای خوارەوەیە:

١- بێدەنگبوون لەو گرفت و ناکۆکیانەی لە نێوان هاوەڵە بەڕێزەکاندا ڕوویداوە:
ڕوونەچوون لەو کێشە و گرفتانەی لەنێوان هاوەڵە بەڕێزەکاندا ڕوویانداوە لەسەر شێوازی بەدواگەڕانی هەندێک وردەکاری بێسوود و بڵاوکردنەوەی لەنێو خەڵکیدا؛ چونکە پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: ((إِذَاْ ذُكِرَ أَصْحَابِي فَأَمْسِكُوا)).
پێشەوا تەبەرانی گێڕاویەتییەوە و ئەلبانیش بە سەحیحی داناوە.

واتە: ((هەرکات باسی هاوەڵانم کرا بێدەنگبن و بە چاكە و خێر نەبێت باسیان نەکەن.))

پرسیارکرا لە خەلیفەی بەڕێز عومەری کوڕی عەبدولعەزیز -ڕەزای خودای لێ بێت- دەربارەی ئەو ناکۆکی و گرژیانەی لەنێوان هاوەڵە بەڕێزەکاندا ڕوویاندا، ئەویش فەرمووی: "خودای پەروەردگار دەستی پاراستم لەو گرفت و ناکۆکی و گرژیانە، ئایا من زمانمی لێ نەپارێزم؟!".²

٢- گومانی باش بردن پێیان:
 پاراستنی پێنووس و زمانمان لە شتانێک کە شیاوی هاوەڵە بەڕێزەکان نەبن. ئەوان شیاوترین کەسن کە پێویستە عوزر و پۆزشیان بۆ بهێنرێتەوە، بە گومانی باشەوە لە هەڵوێست و کار و کردەوەکانییان بڕوانین.

بە پێشەوا ئەحمەدی کوڕی حەنبەل گوترا: "چی دەڵێیت دەربارەی ئەو گرژی و گرفتانەی لەنێوان پێشەوا عەلی و پێشەوا موعاویەدا ڕوویدا؟" ئەویش فەرمووی: "هیچ ناڵێم تەنها خێر و وەسف و سەنا و پیاهەڵدان نەبێت."³

پێشەوا قورتوبی -ڕەحمەتی خودای لێ بێت- فەرموویەتی: "دروست نییە هەڵەیەک بدرێتە پاڵ هاوەڵان و بە گوناهبار بکرێن لەسەری؛ چونکە ئەوان هەموویان ئیجتیهادیان کردووە لەو کار و کردەوانەی ئەنجامیانداوە، مەبەستیان بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خودابووە. ئەوان پێشەوا و پێشەنگن بۆمان، بێدەنگبوونمان لە کێشە و گرفتی نێوانیان عیبادەت و پەرستشە. دەبێت تەنيا  بە چاکە و خێر باسیان بکەین لەبەر ئەوەی ئەوان هاوەڵ و هاوڕێی پێغەمبەرﷺ بوون، نابێت بە ناشیاوی باسیان بکەین، چونکە پێغەمبەرﷺ ڕێگری لێ کردووین لەوەی بە ناشیاوی باسی هاوەڵانی بکەین، خودای پەروەردگار لە هەموویان بووراوە و لێیان ڕازیبووە."⁴

٣- پۆزش بۆ هێنانەوەیان و باشترین لێکدانەوە بۆ هەر کار و کردەوەیەک کە لە هەندێکیانەوە بەدەرکەوتووە:
 پێشەوا یەحیای کوڕی ئەبوبەکری عامیری -ڕەحمەتی خودای لێ بێت- فەرموویەتی: "پێویستە لەسەر هەموو کەسێکی ژیر و ئایینخواز، چاوپۆشی بکات لە هاوەڵە بەڕێزەکان لە هەر گرفت و ناکۆکیەک لەنێوانیاندا ڕوویدابێت، پۆزش بۆ هەریەکێکیان بهێنێتەوە کە هەڵەیەکی کردووە. بە باشترین شێوە لێکدانەوە بۆ کار و کردەوەکانییان بکات. ڕێگای پیاوچاکان بریتییە لە پۆزش هێنانەوە بۆ هەڵەکان، ڕێگای دووڕووەکان بریتییە لە بەشوێنگەڕانی هەڵەکان. کاتێک باشترین ڕێگا بریتی بێت لە داپۆشینی هەڵە و کەموکوڕی موسڵمانان، ئەی دەبێت گومانمان چۆن بێت دەربارەی هاوەڵانی پێغەمبەرﷺ؟!".⁵

٤- نزا و داوای لێخۆشبوون کردن بۆیان:
خودای باڵادەست فەرموویەتی: {ٱلَّذِينَ جَآءُو مِنۢ بَعْدِهِمْ يَقُولُونَ رَبَّنَا ٱغْفِرْ لَنَا وَلِإِخْوَٰنِنَا ٱلَّذِينَ سَبَقُونَا بِٱلْإِيمَٰنِ وَلَا تَجْعَلْ فِى قُلُوبِنَا غِلًّا لِّلَّذِينَ ءَامَنُواْ رَبَّنَآ إِنَّكَ رَءُوفٌ رَّحِيمٌ} [الحشر: ١٠] 
واتە: ((ئەوانەش لە پاش کۆچبەران و یارمەتیدەرانەوە هاتوون، دەڵێن: ئەى پەروەردگارەکەمان! لە ئێمە و لەو برایانەشمان خۆشبە کە پێش ئێمە باوەڕیان هێناوە، ھیچ ڕق و کینەیەک مەخە دڵمانەوە دەربارەی باوەڕداران. پەروەردگارمان بەڕاستی ھەرتۆی بەسۆز و میھرەبان.))

پێشەوا ئیبن بەتە -ڕەحمەتی خودای لێ بێت- فەرموویەتی: "بێدەنگ دەبین لەو گرفت و ناکۆکیانەی لەنێوان هاوەڵە بەڕێزەکاندا ڕوویانداوە، ئەوانە کەسانێک بوون لەگەڵ پێغەمبەر ﷺ جیهاد و تێکۆشانیان کرد، پێشی هەمووی خەڵکی، فەزڵ و گەورەیی و شکۆی باوەڕیان بەدەستهێنا، خوداش لە هەموویان خۆش بووە. فەرمانی بە ئێمەش کردووە داوای لێ خۆشبوونییان بۆ بکەین، خۆمان لە خودا نزیک بکەینەوە بە هۆی خۆشەویستی و ڕێز بۆیان، هەموو ئەمانەی فەرزکردووە لەسەر زمانی پێغەمبەرەکەی ﷺ. خۆ خودا خۆی دەیزانی ئەمان لە داهاتوودا گرفت و ناکۆکی دەکەوێتە نێوانیان -دەبینی لەگەڵ ئەوەشدا وەسف و سەنای کردوون و لە هەموویان ڕازی بووە- هاوەڵە بەڕێزەکان ئەم فەزڵ و گەورەیی و مەکانەتەیان بەدەستهێناوە بەهۆی ئەوەی ئەوان هەرگیز بە ئەنقەست هەڵە و تاوانيان ئەنجام نەداوە، هەر گرفت و ناکۆکییەکیش ڕوویدابێت خودا لێ یان خۆش بووە."⁶

٥- هەرشتێک ڕوویدابێت لەسەر دەستیان ئەوە سەرئەنجامی ئیجتیهاد و بەدواگەڕانی حەق و ڕاستی بووە نەک بەدواگەڕانی دونیا و دەسەڵاتداری:
 پێشەوا نەوەوی -ڕەحمەتی خودای لێ بێت- فەرموویەتی: "ڕێگای ئەهلی سوننە بریتییە لە گومانی باش بردن پێیان، بێدەنگبوون لەهەر گرفت و ناکۆکییەک لەنێوانیاندا ڕوویدابێت، لێکدانەوەی گونجاو و شایستە دەکەن بۆ هەر شەڕ و گرژیەک ڕوویداوە. هاوەڵان ئیجتیهادیان کردووە لەو ڕووداوانەدا، هەرگیز نەیان ویستووە سەرپێچی فەرمانی خودا بکەن و بە دوای دونیا نەکەوتوون، بەڵکوو هەریەکێک لەوان وایزانیووە ئەو کارەی ئەو حەق و ڕاستییە، و ئەوەی پێچەوانەی دەکات گوناهبارە، بۆیە لەسەری جەنگاوە، بۆ ئەوەی لایەنی بەرانبەر بگەڕێتەوە سەر ڕێگای ڕاست. بێگومان لەو گرفت و ناکۆکی و گرژیانەدا هەندێکیان لەسەر حەقبوون، و هەندێکی دیکەیان حەقیان نەپێکابوو، بەڵام عوزر و بیانوویان بەدەستەوەبوو؛ چونکە ئەوان ئیجتیهادیان کرد، کەسی موجتەهیدیش کاتێک حەق نەپێکێت گوناهبار نابێت."⁷

٦- بەدوادا گەڕانی ئەو ڕووداوانەی ڕاستن و دوورکەوتنەوە لە گێڕانەوە درۆ و هەڵبستراوەکان:
پێشەوا ئیبن تەییمە -ڕەحمەتی خودای لێ بێت- دەربارەی بیر و باوەڕی ئەهلی سوننە دەفەرمووێت: "بێدەنگ دەبن لەو گرفت و ناکۆکیانەی لەنێوان هاوەڵە بەڕێزەکاندا ڕوویداوە، دەڵێن: ئەو ڕیوایەتانەی هاتوون لەم باسەدا زۆرێکیان درۆ و هەڵبستراون، هەندێکیشیان زیاد و کەمی تێدا کراوە و لە شێوازی ڕاستی خۆی گۆڕاوە. ئەوەشی ڕاستە ئەوان بەخشراون؛ چونکە یان ئیجتیهادیان کردووە و پێکاویانە، یان ئیجتیهادیان کردووە و نەیانپێکاوە."⁸

٧- داننان بە گەورەیی و شکۆ و پلە و پایەیاندا، هەرشتێكیش ڕوویداوە لەبەر ئەو فەزڵ و گەورەیی و شکۆ و جیهاد و تێکۆشان و خۆبەختکردنەیان، خودا لێیان خۆش بووە:
   هاوەڵان پێشینەیەکی بێ وێنە و ئێجگار شکۆمەندیان هەیە، کۆمەڵە کار و کردەوەیەکیان ئەنجامداوە کە دەبێتە ھۆی سڕینەوەی هەر هەڵەیەک لێیان دەرکەوتبێت، هاوەڵان خاوەنی جیهاد و تێکۆشان و خەبات و بەرخۆدان و عیبادەت و شەونوێژ و پاڕانەوە و بەخشین و چەندان کردەوەی دیکەن کە هەڵە و کەموکووڕیەکان پڕدەکاتەوە.
   پێشەوا ئیبن تەیمیە ڕەحمەتی خودای لێبێت فەرموویەتی: ((ئەوەی زانراوە بە دەقی قورئان و فەرموودە لە چاکی و مەردایەتی و گەورەیی هاوەڵە بەڕێزەکان هەرگیز نابێت ڕەدبکرێتەوە بەهۆی هەندێ گێڕانەوە کە پچڕاوە و سەرچاوەکەی دیار نییە، یان گۆڕانکاری لێکراوە لەسەر شێوازی ڕاستی ڕووداوەکان باسنەکراوە، یان هەندێکیان هیچ کات مایەی تانە و تەشەر نین بۆ هاوەڵان. هەرگیز یەقین و دڵنیاییش بە گومان و دوودڵی لاناچێت، ئێمە دڵنیاین لە گوزارشتی قورئان و فەرموودە و کۆدەنگی زانایان و بەڵگە ئەقڵییەکان لەسەر ئەوەی هاوەڵان باشترینی خەڵکین لەدوای پێغەمبەران، هیچ کاتێک هەندێک باسی گوماناوی نابێتە هەڵوەشێنەرەوەی ئەم حەقیقەتە، چی جای ئەوەی دڵنیا بین کە ئەو باسانە ناڕاست و پووچ و بێ بنەمان!))٩

٨- خۆشویستنی هەموو هاوەڵان و داوای ڕەزامەندی خودا بۆیان:

   پێشەوا ئەبو عوسمانی صابونی دەربارەی بیروباوەڕی ئەهلی سوننە و جەماعە دەفەرمووێت: ((پێشینانی چاک باوەڕیان وایە دەبێت بێدەنگبین لەو گرفت و ناکۆکیانەی لە نێوان هاوەڵە بەڕێزەکاندا ڕوویانداوە، دەبێت زمانمان بە پاک ڕابگرین و شتێک نەڵێن ببێتە مایەی عەبیدارکردن و لەکەدارکردنیان، باوەڕیان وایە دەبێت هەموویانمان خۆشبوێت و داوای لێخۆشبوونیان بۆ بکەین)).١٠

-------------------------

(١) ((السنة)) للخلال (٤٦٦/٢)
(٢) ((مناقب الشافعي)) للرازي (ص: ١٣٦)، و((الإنصاف)) للباقلاني (ص: ٦٩) ((الجامع لأحكام القرآن)) للقرطبي (١٦/١٢٢)، ((الطبقات الكبرى)) لابن سعد (٥/٣٩٤)
(٣) ((مناقب الإمام أحمد)) لابن الجوزي (ص: ١٦٤)، ((تاريخ الإسلام)) للذهبي (١٨/٨٩)
(٤) ((الجامع لأحكام القرآن))(١٦/٣٢١)
(٥) ((الرياض المستطابة في من له روايةٌ في الصحيحين من الصحابة)) (ص:٣١١)
(٦) (( الشرح والإبانة على أصول السنة والديانة)) (ص: ٢٦٨)
(٧) ((المنهاج شرح صحيح مسلم بن الحجاج)) (١٨/١١)
(٨) ((العقيدة الواسطية))
(٩) (( منهاج السنة النبوية)) (٣٠٥/٦)
(١٠) ((عقيدة السلف وأصحاب الحديث))
 

9/18/2021 7:14:14 AM