کەفارەتی کوشتنی «سەگ» لە ئایینی زەردەشتییدا

کەفارەتی کوشتنی «سەگ» لە ئایینی زەردەشتییدا

جگە لەوەی کە ئاژەڵان زۆرجار وەک هاوڕێی مرۆڤ دەردەکەون، یاخود بۆ پاسەوانی و کاری تایبەتی ناو کێڵگە بەکاردەهێنرێن، جوانییەکی بێ وێنەیان بە سروشت بەخشیوە.

مافێکی تایبەتییان هەیە وەک هەر بوونەوەرێکی تر، هۆکاریشن بۆ بەردەوامی ژیان، وەک ئەوەی لە پەڕتووکە بایلۆجییەکاندا باسکراوە، ئەگەر بێت و ئاژەڵێک لە ناوچەیەک لاببردرێت ئەوا ژینگەی ناوچەکە تێکدەچێت.

سەرنجی ئێمە دەربارەی ئاژەڵان لە ئایینی زەردەشتی دایە کە ڕێزێکی زۆر تایبەتیان لە «سەگ» گرتووە، بە جۆرێک کە ئاهورامەزدای خودای چاکە ئامادەیە بە هەزاران ئاژەڵ بکاتە قوربانی لە بەرانبەر کوشتنی یەک سەگ!

با پێکەوە پەڕەکانی ئاڤێستا هەڵبدەینەوە و سۆزی ئاهورای خودای چاکە ببینین لە بەرانبەر سەگدا.

لە ڤارگەردی ۱۳ بەندی ۳۹ی ڤێندیدات هاتووە: "من ئاهورامەزدا، سەگم دروستکردووە ئەی زەردەشت! پۆشاکی خۆم کردووە بە پۆشاکی، نەعلی خۆم کردووە بە نەعلی، چالاک و دانتیژم کردووە."

بە پێی ئەم بەندە بێت سەگ پۆشاکی خوای لەبەرکردووە و خودا هاوشێوەی سەگە! باشە تا ئێستا کەسێکتان سەگتان بینیوە نەعلی لە پێدا بێت؟! 

لە ڤارگەردی ۱۳ بەندی ٤۱ هاتووە: "کوشتنی سەگی دەریا تاوانە و دەبێتە هۆی وشکە ساڵی!"

لە ڤارگەردی ۱٤ بەندی ۱ تا ٦، باس لە کەفارەتی کوشتنی سەگ دەکات بەم شێوازە: زەردەشت لە ئاهورامزدای پرسی سزای ئەو کەسە چییە کە سەگی دەریا بکوژێت؟ ئاهورامەزدا لە وەڵامدا و گوتی: "دەبێت ئەو کەسە دە هەزار قامچی ئەسپ و دە هەزار قامچی بسرواش چارانای لێ بدرێت، هەروەها دەبێت دە هەزار پارچە تەختەی باش بدات بە ئاگری ئاهورامەزدا و هەروەها دەبێت دە هەزار مار بکوژێت کە لەسەر سک دەڕۆن و دە هەزار پشیلە بکوژێت، دەشبێت بزانێت کە پشیلە مارە لەسەر شێوەی سەگ و دە هەزار هەر یەکە لە کیسەڵ و بۆقی ئاوی و بۆقی کێوی و مێرووی گەنم هەڵگر و مێرووی ژەهراوی و جورج بەجیا بکوژێت هەروەها دە هەزار کرم بکوژێت و دە هەزار مێشولە بکوژێت".

پاش خوێندنەوەی ئەم دەقانە کۆمەڵێک پرسیار دروست دەبن لە بیری خوێنەردا؛
سەیر نییە ئەم هەموو ئاژەڵە بکوژیت لە بەرانبەر کەفارەتی کوشتنی یەک سەگی ئاوی؟!

دەکرێت بە ئاهورامەزدا بوترێت «خودای چاکە» لەکاتێکدا کوشتنی ئەم هەموو ئاژەڵە بە ڕەوا دەزانێت و فەرمانی پێ دەدات؟! 

پرسیارێکی لۆژیکی؛ ئایا زەردەشتییەک دەتوانێت ڕوونکردنەوە بدات دەربارەی دێڕی "پشیلە مارە لەسەر شێوەی سەگ؟!"

#ئاستانە_Astana

9/24/2021 8:29:18 PM