ئیلحادی بەناو قورئانیەکان و باشترین ئوممەت لە قورئاندا

خوای گەورە وەسفی موسڵمانان دەكات، و دەفەرموێ [كُنْتُمْ خَيْرَ أُمَّةٍ أُخْرِجَتْ لِلنَّاسِ تَأْمُرُونَ بِالْمَعْرُوفِ وَتَنْهَوْنَ عَنِ الْمُنْكَرِ وَتُؤْمِنُونَ بِاللَّهِ] آل عمران: 110 واتە: ئێوە باشترین ئوممەت بوون بۆ خەڵكی هاتن لەبەر ئەوەی فەرمان دەكەن بە چاكە و قەدەغە دەكەن لە خراپە و باوەڕ دەهێنن بە خوا.

ئەوە ئەو وەسفەیە كە خوای گەورە دەیكات بۆ ئوممەتی موسڵمانان..
بەڵام ئاخۆ بەناو قورئانیەكان چۆن وەسفی ئەو ئوممەتە دەكەن؟!
ئوممەتی موسڵمانان لەلای بەناو قورئانیەكان هەر لەسەردەمی هاوەڵاندا دەستیان كرد بەگۆڕینی دین و خەریكی دونیا بوون و هێرشیان كردە سەر ئوممەتەكانی تر بۆ دەستكەوت و غەنیمە و ئافرەت بەناوی فتوحات و وڵاتانیان داگیركرد!
ئوممەتی موسڵمانان لایاندا لە قورئان و تەفسیری قورئانیان گۆڕی و بەئارەزووی خۆیان ماناكانیان بەلاڕێدا برد!
ئوممەتی موسڵمانان دەستكاری نوێژیان كردو جۆرە نوێژێكیان داهێنا كە پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێ) نەیكردووە.. یان هەر ئەسڵەن وشەی (صلاة) لە قورئاندا بەمانای نوێژ نایەت به‌ڵكو به‌ماناى (صلة) په‌يوه‌ندى دێ بەڵام ئەو ئوممەتە بە نوێژ تەفسیریان كردو شێوازێكیان بۆ داهێنا!

ئوممەتی موسڵمانان هەروەها زەكات و حەج و رۆژوویان دەستكاری كردو شێوازی وایان بۆ دانا كە لەسەردەمی پێغەمبەردا (درودی خوای لەسەر بێ) وانەبوو!

ئوممەتی موسڵمانان هەزاران فەرموودەیان دروست كرد و بەدرۆ وتیان ئەوانە قسەی پێغەمبەری خوایە و كردیانە سەرچاوەی تەشریع!
ئوممەتی موسڵمانان بەئارەزووی دەسەڵاتدارەكان دینیان دەگۆڕی و فەتوایان بۆ دەدان و هەر شتێكیان بویستابا بۆیان دەشەڕعاندن!

ئوممەتی موسڵمانان چەندین سزایان زیاد كرد كە لەسەردەمی پێغەمبەردا (درودی خوای لەسەر بێ) نەبوو وەك رەجمی زیناكار و كوشتنی مورتەد!
ئوممەتی موسڵمانان نەتەوەی عەرەب و كلتوری عەربیان زاڵ كرد بەسەر دینی خوا!
ئوممەتی موسڵمانان بەوە نەوەستان بەڵكو وتیان پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێ) لە حیجاز و لە شاری مەككە و دواتر لە مەدینە ژیاوە لەكاتێكدا خۆی لە وڵاتی ئوردن ژیاوە!

سەرەنجام هیچ شتێك نەما لەم ئایینەدا دەستكاری نەكەن و نەیگۆڕن و مانای تری پێ نەدەن لە روانگەی بەناو قورئانیەکاندا.
پرسیار لێرە ئەوەيە: خەیریەتی و باشترینی ئەم ئوممەتە لەكوێیە لەلای بەناو قورئانیەكان؟؟!!
ئوممەتێك بێ بەو شێوەیە دەستكاری دینی خوایان كردبێ و ئەو هەموو ئینحراف و لادانەیان هەبێ چۆن خوای گەورە بە باشترین ئوممەت (خیر أمة) وەسفیان دەكا؟!
باشە ئێوە باوەڕتان بە قورئان هەیە؟

ئەگەر باوەڕتان پێی هەیە تەفسیری ئەو ئایەتەمان بۆ بكەن.. ئەو باشترین ئوممەتە كێن كە خوا وەسفیان دەكا؟؟ لەكاتێكدا ئێوە هاوەڵانیش بە جێگای متمانە نازانن؟؟ ئەوانیش درۆیان كردووە بەدەم پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێ)..!! دەی باشە بۆ خوای گەورە بەو شێوە جوانە وەسفی ئەم ئوممەتە دەكا؟! دەبێ لەچ سەردەمێكدا ئەو وەسفە لەسەر ئوممەتی موسڵمانان جێبەجێ بووبێ؟! ئایا قورئان - پەنا بەخوا - درۆ دەكا؟! ئەوەی ئێوە دەیڵێن نابێتە بەدرۆخستنەوەی قورئان؟! ئایا خوای گەورە نەیدەزانی بەو شێوەیە دین دەگۆڕن؟! ئەگەر نەیدەزانی ئەی بۆچی خوایە؟! ئەگەر دەیزانی بۆ ئەو ئایەتەی لە قورئانەكەیدا داناوە؟!

ئەمانە پرسیارگەلێكن پێویستیان بە وەڵامە كە بەناو قورئانیەكان هیچ وەڵامێكی موقنیعیان پێ نیە، بۆیە ئەگەر تۆ بەرەتكردنەوەی تەواوی فەرموودە دەتەوێ خۆت دەرباز بكەی لە هەندێ پرسیار كە گوایە وەڵامی بۆ نادۆزیەوە و بەحیسابی تۆ دین دەشێوێنی، ئەوا بەو كارەت رووبەڕووی دەیان پرسیاری تر دەبیەوە كە هەرگیز وەڵامی بۆ نادۆزیەوە.

4/3/2020 6:13:40 AM

بەشەکانی کورتە وتار

12