کتێبخانە

وڕێنەی ئیلحاد، لە هیچەوە بۆ هیچ


نوسه‌ر:   د. عوسمان هەڵەبجەیی

چاپ:  دووەم


بابەتی ئەم توێژینەوەش یەکێکە لەو بابەتانەی تا زیاتر بیری لێ بکەیتەوە مانا و واتاکانی قووڵتر و، لق و چڵ و پۆپی بڵاوتر دەبنەوە.
ئەم توێژینەوە گوزەرێکە بەناو چەند زانستێکی جیاجیای وەک ئیلاهییات و فەلسەفە و فیزیا و ئەسترۆنۆمی و کۆسمۆلۆجی و سرووشت و ئەخلاقناسی و، پەیوەندییان بە باوەڕ و ئیلحاد.
باسوخواسێکە لەسەر پێگەکانی ئیلحاد و، پرسە وجوودییەکان و، چانس و سودفە و، ئەگەرەکانی دروستبوونی گەردوون و، پەیوەندیی تیۆری فرەگەردوونی بە نەبوون و بوونی خودا و، پەیوەندیی ئیلحاد و زانست و لۆژیک و خودای بۆشایییەکان و زانستی بۆشایییەکان، لەگەڵ هەندێک چەمکی پەیوەندیدار بە ئیلحادەوە وەک داروینیزم و مەبەستگەرایی لە بووندا و، (جینی خودا - God gene).
لە بەشێکی تری ئەم کتێبەدا سەردانێکی بەڵگەکانی بوونی خودا دەکەین و، بە دەم ڕێوە دەمەتەقەی چەند بابەتێکی تر دەکەین، وەک بنەما نەگۆڕەکانی گەردوون و، سێ خولەکی یەکەمی تەقینەوەی گەورە و، فراوانی گەردوون.
لە دوا وێستگەدا تاوتوێی پەیوەندیی مۆرال و ئیلحاد دەکەین لە سێ تەوەردا:
تەوەری یەکەم: جیاوازیی نێوان ئیلحاد و مولحید لە چەمکی ئەخلاقدا و، پەیوەندی ئیلحاد و مۆرال بە تیۆری پووچگەرایی دەخەینە ڕوو.
تەوەری دووەم: سەرچاوەی ناسین و دیاریکردنی ئەخلاق لە دیدی مولحیداندا.
لە تەوەری سێیەمدا ئاماژە بە گەواهی هەندێک لە مولحیدان لەسەر کاریگەری ئیلحاد لەسەر نەبوونی ئەخلاق و ئەخلاقگەرایی و، بە پاساوی ئەخلاق لە دید و هزری مولحیدەکاندا کۆتایی بەم پەڕاوە دەهێنین.
هیوادارم ئەم نووسینە ببێتە هۆکاری لادانی پەردە و تارمایی بەسەر چاو و دڵی ئەو کەسانەی تا ئێستا نەیانویستووە بگەنە خودا، یان ویستوویانە و پێی نەگەیشتوون.
ئاواتەخوازم ببێتە هۆکاری پتەوکردنی بڕوای بڕواداران و، سووککردنی ئەو بارە قورسەی لەسەر شانی هەندێک بانگخواز و مامۆستای ئایینییە سەبارەت هەندێک کون و قوژبنی دۆزی ئیلحاد.