کتێبخانە

توێژینەوە لەسەر کەسی بێباوەڕ


نوسه‌ر:   مارجانا لیندمن؛ بێثنی هێیود؛ تەپانی ڕایکی و تۆمی مەکۆنن

چاپ:  ----


لە نوێترین توێژینەوەکاندا، کۆدەنگییەکیی بەهێز هەیە دەربارەی باوەڕە بان-سروشتییەکان بە جۆرێک کە باوەڕداری وەکوو بەشێک لە فیترەتی مرۆڤەکان دەرخراوە. وادانراوە کە باوەڕهێنان بە هێزە بان-سروشتی و لا-شعورییەکان گریمانەیەکی مەعریفییە و لە بەرئەنجامی گونجاندی پەرەسەندنە لەگەڵ مەعریفە کۆمەڵایەتییەکاندا کە لە هەموو مرۆڤێکدا بوونی هەیە.١ بەم پێیەش باس لەوە کراوە کە بێباوەڕی شتێکی بێمانایە ئەگەر خەڵکی خۆیان بە بێباوەڕ بزانن یاخود نا، هێشتاش گومانی ئەوە دەکرێت کە خود ناساندنە زارەکییەکانیان هەڵگری بەشێک لە باوەڕە بان-سروشتییەکان بێت.٢

هەروەکوو چۆن گوومان لەوەدا نییە کە ناکرێت ڕەفتار لە بەرئەنجامی هیچەوە هاتبێتە بوون، چەسپاندنی ئایینداریش بەبێ بەرکەوتە کردارییەکان لەگەڵ تاکەکانی کۆمەڵگەدا چەشنێکە لە مەحاڵ. مرۆڤ لەڕێگەی گەواهی و لێدوانەکانی شارەزایانی کۆمەڵگەکەیەوە شتانێک لە ئایین شارەزا دەبێت کە لەلای نەزانراو بووە. هەروەها جەخت لەوەش کراوەتەوە کە ئایین لەژێر کاریگەری کولتوورە کۆمەڵایەتی و مەیلە فیتڕەتییەکاندایە.

لە زۆربەی دۆخەکانیشدا، خەڵکانێکی زۆر لەژێر کاریگەری ئاییندا ژیاون و گەشەیان کردووە کە مەحاڵیشە بێباوەڕان بەدەربووبن لە کاریگەرییەکانی ئەم کارلێکە وابەستەیەیی ئایینداری بە مرۆڤەوە. توێژینەوە نوێیەکان ئەوە دەردەخەن کە یادکردنەوەی خودا هەستی هاریکاری کردنی خەڵکی زیاد دەکات٣ سەرباری کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی هیلاکی و مەژغەڵەتی کاروبارەکانی ڕۆژانە، و بەرەنگارییەکیشە بەرانبەر هەڵەچوونە ناوەکی و دەرەکییەکان. ئەمەش نەک تەنیا لەلای باوەڕداران بەڵکوو لەلای بێباوەڕانیش بووە بە ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگر، چونکە ڕەفتاری مرۆڤەکان بەتوندی پەیوەستە بە هەست و ژیرییانەوە. گۆڕینی ڕەفتار لەلای بێباوەڕان نامۆیە مەگەر ئەوەی کە کۆمەڵە کاردانەوایەکی سۆزدارانەی پەیوەست بە خودا لە ئارادا بێت -هەمان ئەو ئامانجەی کە لەم توێژینەوەیەدا سەرنجی خراوەتە سەر- یاخود ئەو باوەڕە ڕۆحییەی کە بوونی هەیە تێیاندا.