پارە سپیکردنەوە و مرۆڤ سپیکردنەوە (غسيل الأموال وغسيل الإنسان)
پارە سپیکردنەوە و مرۆڤ سپیکردنەوە (غسيل الأموال وغسيل الإنسان)
کۆمەڵێک مرۆڤی «ڕەش» هەن، وەک چۆن پارەی ڕەش سپی دەکرێتەوە، ئەوانیش لە ڕێگەی هەندێک کەناڵەوە سپی دەکرێنەوە، بەم شێوازە:
• سپیکردنەوەی پارە بە سێ قۆناغ دەکرێت: ١. خستنەبازاڕ، ٢. ئاڵوگۆڕپێکردن، ٣. تێکەڵکردن. بە هەمان شێواز، مرۆڤە ڕووڕەشەکان سپی دەکرێنەوە: ١. دەیخەنە بەرنامەیەکی ئیسلامی، ٢. بابەتێکی ئیسلامیی پێ دەسپێرن، ٣. لەگەڵ مەلا یان مزگەوتێک تێکەڵی دەکەن.
• بنەڕەتی پارەی ڕەش لەسەر دوو هۆکار سپی دەکرێتەوە: یەکەم: بە ڕێگەیەکی ناشەرعی هاتووە، تا شەرعییەتی بدەنێ پێویستی بە سپیکردنەوەیە (بە هەمان شێواز مرۆڤە ڕووڕەشەکان). دووەم: پارەکە یاساییە، بەڵام بۆ شتێکی ناشەرعی و نایاسایی بەکاری دێنن (بە هەمان شێواز هەندێک مرۆڤ بەکار دێنن بۆ مەبەستێکی ناشەرعی و نایاسایی).
• ڕێگەدان بە سپیکردنەوەی پارە، زەرەرێکی گەورە لە ئابووری و پارەی خەڵکی دەدات؛ بە هەمان شێواز، ڕێگەدان بە سپیکردنەوەی مرۆڤە ڕەشەکان، دەبێتە هۆکاری لاوازبوونی مرۆڤە خاوێنەکان.
• سپیکردنەوەی پارە سزای توندی لەسەرە، کەچی بەپێی (سندووقی نەختی نێودەوڵەتی) ساڵانە زیاتر لە ترلیۆنێک دۆلار سپی دەکرێتەوە! پرسیارەکە ئەوەیە: پارە سپیکردنەوە مەمنووعیشە و کەچی هەر دەکرێت!؟ ئیتر چۆن ساڵانە سەدان مرۆڤی ڕووڕەش سپی ناکرێتەوە لە کاتێکدا مەمنووع نییە؟!
• تەواوی بەڵگەکانی ئەوانەی پارەیان سپی کردووەتەوە، کاتێک لێیان پرسراوە: «من أين لك هذا؟» (ئەم هەموو پارەیەت لەکوێ بوو؟)؛ هەمان ئەو وەڵامەیان داوەتەوە کە مرۆڤە ڕووڕەشەکان دەیڵێنەوە کاتێک لێیان دەپرسن: «لەکوێ ئەم دینەت هێنا؟!».
• بە کورتی: لە دنیای کاپیتاڵیزمدا، گەورەترین نیشانەی پارەسپیکەرەوەکان ئەوەیە یاری بە بازاڕ دەکەن و هەر ڕۆژە و خەریکی شتێکن. بە هەمان شێواز، مرۆڤسپیکەرەوەکان یاری بە دین دەکەن و هەر ڕۆژە و خەریکی شتێکن.
• هەمیشە و زۆربەی کات، پارەسپیکردنەوە بە مرۆڤە موعتادەکان، تیرۆریست و مافیاکان سپی دەکرێتەوە؛ کەچی بەداخەوە مرۆڤە ڕەشەکان بە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان سپی دەکرێنەوە!
• لەوەش خراپتر، نەمانبینی پارەسپیکەرەوەکان تانە لە پارەی خەڵکی بدەن، بەڵکو لە خوایەتی کەس هیچیان پێ نەڵێت؛ کەچی وا دەبینین مرۆڤە ڕەشەکان تانە لە خاوێنەکان دەدەن و دەڵێن: «دینتان تێک داوە و دینی ڕاست لای ئێمەیە!».
نووسینی: د. ئەحمەد ڕازی
#ئاستانە_Astana