دەنکۆڵەیەکی مێشکت دەکرێت چیی تێدا بێت؟

دەنکۆڵەیەکی مێشکت دەکرێت چیی تێدا بێت؟

گەر زۆر سەرسامی کارەکانی ژیریی دەستکردیت، وەرە شتێکی سەرسووڕهێنەرترت بۆ باس بکەم.

زانکۆی هارڤارد و گوگڵ نزیکەی دە ساڵ پێکەوە کاریان لەسەر مێشکی مرۆڤ کرد؛ ئەویش تەنیا پارچەیەکی بچووک کە ١ ملم سێجا بوو، واتە بەقەد دەنکۆڵەیەکی برنج و کەمتر. کە ساڵی ٢٠٢١ ئەنجامەکانی توێژینەوەکە بڵاو کرایەوە.

توێژینەوەکە بۆ دروستکردنی نەخشەیەکی سێدووریی دەمارەخانەکانی ئەو دەنکۆڵەیە بوو کە وەرگیرابوو. تەنیا وێنەگرتنەکەی ٣٢٦ ڕۆژی خایاند، کە تێیدا نموونەکە کرا بە ٥ هەزار پەڕە و توێی تەنکەوە کە ئەستوورییەکەی ٣٠ نانۆمەتر بوو، بە مایکرۆسکۆپێک کە نرخەکەی ٦ ملیۆن دۆلار بوو. پاشان تیمی گوگڵ هەستا بە پێکەوەنانی وێنەکان لە یەک نەخشەدا، کە کارێکی قورس بوو.

ئەنجامەکە شۆکهێنەر بوو؛ تەنیا ئەو دەنکۆڵە وردە، زیاد لە ٥٧ هەزار خانەی تێدا بوو. ئەم خانانە زیاد لە ١٥٠ ملیۆن خاڵی پێکگەیشتنی دەماری (Synapses)یان هەبوو. نزیکەی ٢٣٠ میلیمەتر بۆریی خوێن بۆ ئەو بەشە ڕۆیشتبوو. هەموو ئەمانە لە ١.٤ بێتابایت داتای خاودا کۆ کراونەتەوە. واتە نزیکەی ١.٤ ملیۆن گێگابایت، تەنیا بۆ پارچەیەک کە لە دەنکەبرنجێک بچووکترە.

لە توێژینەوەکەدا هەندێک شت دۆزرایەوە کە لە هیچ کتێبێکدا نییە؛ یەک خانەی دەماری زیاد لە ٥,٠٠٠ خاڵی پەیوەندیی هەبووە. هەندێک لە تەوەری دەمارەکان (Axons) بە شێوەی لوولپێچ بە دەوری خۆیاندا سووڕابوونەوە، بەبێ ئەوەی کەس هۆکارەکەی بزانێت. کۆمەڵە خانەیەکیش وەک ئاوێنە هاوکات لەگەڵ یەک گەشەیان کردبوو. «جێف لیختمان»، سەرۆکی تیمی هارڤارد، وتی: «کەلێنێکی گەورە هەیە لە نێوان ئەوەی دەیزانین و ئەوەی پێویستە بیزانین.»

ئێستا وێنا بکە، گەر بابەتەکە گەورەتر بکەین و نەخشەی تەواوی مێشکی مرۆڤ بکێشین، کە ملیۆنێک جار لەوە گەورەترە؛ نزیکەی ١.٤ زێتابایت داتا بەرهەم دێت. ئەمەش یەکسانە بە نزیکەی تەواوی ئەو زانیارییانەی کە لە ماوەی ساڵێکدا لەسەر گۆی زەوی بەرهەم دەهێنرێن. کە تەنیا کۆگاکردنی ئەو داتایانە ٥٠ ملیار دۆلاری تێ دەچێت و، پێویستیی بە سەنتەرێکی داتایە (Data Center) کە ڕووبەرەکەی زیاد لە ٥٥٠ دۆنم بێت؛ واتە دەبێتە گەورەترین سەنتەری داتا لە جیهاندا.

هەموو ئەمانە لە کاتێکدا، کە مێشکت تەنیا بە ٢٠ وات کارەبا کار دەکات و، لە شوێنێکی بچووکی وەک کاسەی سەرت جێی بووەتەوە.


#ئاستانە_Astana

2/22/2026 2:30:23 PM