مامەڵەی ئیسلام لەگەڵ ئایینەکانی تردا

چۆن لەگەڵ ناموسوڵمانێك مامەڵە بکەین ؟
لەناو موسوڵماناندا ڕوانینێك دروست بووە لەبارەی ناموسوڵمانانەوە بەگشتی و جولەکە بەتایبەتی کە هەموویان خراپن و سەرچاوەی فەسادن و مامەڵە نابێ بکرێت لەگەڵیاندا، بەڵام لەبنەڕەتدا وانییە، جولەکەش هەتا بەڕوونی پلانیان دژی موسوڵمانان و کۆمەڵگا لێ دەرنەکەوێت دژایەتی ناکرێن، واتا لەبەر جولەکە بوون دژایەتی ناکرێن، بەڵکو مەگەر جولەکەیەك پلان بگێڕێت و فەساد بنێتەوە، ئەوەی ڕوونە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) مامەڵەی لەگەڵ جولەکەکان کردوەو بەجوانی لەگەڵیان جوڵاوەتەوە وە دەستپێشخەری نەکردوە لەگەڵیان مەگەر بەڵێن و پەیمانەکانیان شکاندبێت ، پێغەمبەر لە کۆتایی تەمەنیدا قەرزی لە جولەکەیەك کرد لێرەدا دەتوانین بپرسین باشە لەناو هەزاران سەحابیدا کە سەحابی زۆر دەوڵەمەندیان تێدا بووە پێغەمبەر بۆچی قەرزی لە جولەکەیەك کرد ؟ ئەی بۆ لەسەحابیەك قەرزی نەکرد؟ پێغەمبەر فێرمان دەکات کە مامەڵە کردن لەگەڵ جولەکەو غەیری جولەکەش دروستەو نابێت لە کۆمەڵگا دایان ببڕین ، هەروەها خودا ئايەت دادەبەزێنێ بۆ سەلماندنی بێ تاوانی جولەکەیەك !
لەهۆکاری دابەزینی ئایەتی (105)بەدواوەی سورەتی (النساء) ئەوەبوە کە ، طعمة کوری ابیرق زرێیەکی لە (قتادة بن النعمان) دزیوە ، کاتێك شکاتیان لێکردوە لای پێغمبەر صلی الله علیه وسلم طعمە هەستاوە درعەکەی خستۆتە ماڵی جولەکەیەك کەدەڵێن ناوی (زید بن السمین) بووەو دزیەکەی ناوە بەسەر ئەودا ، وە نارەزایی دەربریوە کە تۆمەتی دزییان داوەتە پاڵی ، ئەوەتا جولەکەیەک درعەکەی دزیوە ، خوای میهربان ئایەت دادەبەزێنێت و بێتاوانی جولەکەکە دەسەلمێنێت .
سەیری (تفسیر القران الکریم واعرابه وبیانه) (محمد علی طه درة) ج٢ ل ٦٠٦ بکە .
هەروەها خاوەن کتێبە ئاسمانیەکان مافی ئەوەیان هەیە درووشمە ئاینیەکانیان بەجێ بهێنن ،وەنابێت کڵێساکانیان بروو خێنرێت و خاچەکانیان بشکێنرێت ، پێغەمبەر دەفەرمێت (أترکوهم وما یدینون ) واتە : واز لەخۆیان و ئاینەکەیان بهێنن .ئیمامی عومەریش کاتێك فەتحی قودسی کرد ئەمانی دابەخەڵکەکە : کەژیانیان و کەنیسەکانیان وخاچەکانیان پارێزراوەو کەس زیانی پێ ناگات ، وە لە کەنیسەی قیامە نوێژی نەکرد ئیمامی عومەر ، کاتێك لێیان پرسی بۆچی نوێژی تێدا نەکردوە ؟ ئیمامی عومەر فەرموویەتی ترسام دوای خۆم موسوڵمانان ئەو کەنیسەیە بکەن بەمزگەوت و بڵێن ئیمامی عومەر نوێژێکی تێدا کردوە . وە لە کتێبی (روح الدین الاسلام ) (شێخ عفیف عبدالفتاح طبارة) هاتوە کە کاتێك ئیمامی عومەر فەتحی قودسی کرد پەیکەرێکی بینی بەخۆڵ داپۆشرابوو ، پرسیاری کرد ئیمامی عومەر ئەمە چیە ؟ وتیان لای فڵانە هۆز پیرۆزە ئیمامی عومەر دەستی کرد بەپاکردنەوەی و هاوەڵانیش هاوکاریان کردوو جوان پاکیان کردەوە ! ئەم هەڵوێستەی ئیمامی عومەر ڕێزگرتن بوە لە باوەڕی کۆمەڵێک مرۆڤ با موسوڵمانیش نەبووبن .
خودا نەهی کردوە کە ئێمە جنێو و سوکایەتی بە خوداو پەرستراوەکای بت پەرست و خەڵکانی تریش بکەین ، بۆیە کاتێك ڕەخەش دەگرین دەبێ برینارکەر نەبێت و ڕەخنەکان مەنتیقی و بەئەدەبەوە بێت .
هەروەها ئازادی بیرو باوەڕو بەجێگەیاندنی دروشمە ئاینیەکانیان هەیەو بۆکەس نیە ڕێگەیان لێبگرێت ، هەتا پێغەمبەری خودا ڕێگەی دا کە شاندی نەجران لەناو مزگەوتی پێغەمبەردا نوێژ بکەن بەشێوەی خۆیان کەمەسیحی بوون ، دەی ئەمڕۆ چی دەقەومێ ئەگەر مەسیحیەك بێتە مزگەوتێکەوە ؟ ، هەروەها ئەگەر پیاوی موسوڵمان ژنی جولەکە یان گاوریشیی هێنا ناتوانێت رێگەی چونە پەرستگای لێبگرێت.هەروەها ئسلام ئەوانەی بۆحەڵاڵ کردون کەئاینەکانی خۆیان بۆیانی حەڵاڵ کردوە ، لەخواردن و شتی تر ، وە نابێت بەرازەکانیان بکوژرێت و خواردنەوەکانیان برژێنرێت ،مادام درووست بێت لەئاینی خۆیاندا . ئازادی ژن هێنان وتەڵاقدان و نەفەقە کێشانیان هەیە بەپێی یاسای خۆیان . ئیسلام کەرامەت و مافەکانیان دەپارێزێت و ئازادییان دەداتێ لەلێکۆڵینەوەو گوفتوگۆکردن لەسنوری عەقڵ و ژیریدا ،لەگەڵ پابەند بوون بەئەدەب و دورکەوتنەوە لەزبری و توندوتیژی . ئیسلام بەرەوای داناوە سەردانیان و چونە لای نەخۆشیان بۆ هەواڵپرسین و دیاری بەخشین پێ یان .
لەبەر ئەوە پێویست ناکات ئێمە جولەکەو مەسیحی و ئاینداری تریش وەك شەیتان تەماشابکەین و یەکێك لە شوێنکەوتوانی ئاینەکانی تر لە کۆڵانەکەماندا هەبوو ژیانمان لێ هەڵبگیرێت و وابزانین دونیا ڕوخاوە بەسەرماندا ، بەڵکو بەشێوەیەکی ئاسایی و بەجوانی مامەڵەی لەگەڵ دەکەین و سەردانیشی دەکەین و بەڕێزەوە لەگەڵی دەجوڵێینەوە ، نەوەك سوکایەتی پێ بکەین ، چونکە خودا ڕێزی لەهەموو بەشەریەت ناوە بەبێ جیاوازی .

ئاڤار قەرەداخی

6/22/2020 1:41:35 PM

بەشەکانی کورتە وتار

1