دەربارە

ئاستانە بزافێکی هزريی سەربەخۆیە، کاردەکات بۆ بنیادنانی گوتارێکی فيکريی سەردەمیانە، کە ئیسلام وەک ئەلتەرناتیڤی گشتی وێنا دەکات، بە نماکردنی نەوەیەکی بزۆکی گەشبیر لەژێر ڕۆشنایی دەقی بەهێزو شیکاری عەقڵيی دروستدا، چارەسەری تەنگژەو گومانە مەعریفیەکانی ژێر هەژمونی ئیلحاد و ئایینە جیاوازەکان و قوتابخانە فيکریەکان دەکات.
بوونى ئاستانە لەپێناو تێکۆشانە بۆ پیشاندانی ڕەهەندێکی فيکريی سەردەمیانە، وەڵامی گومان و گرێ هزريی و ئیمانیيەکانی ژێر هەژموونی ئیلحاد و ئایینە جیاوازکان، دوور لە پەرچەکردار، فراوانکردنی عەقڵیەتی ڕەخنەیی، مشتومڕی بابەتیانە، پارێزکاريی مەنهەجيی و نوێکاريی میتۆدی بانگەواز.
ئەندامانی ئاستانە نوخبەیەک لەلێکۆڵەرەوان و ئایینزایانی بواری وەڵامدانەوەی گومان و گرێ فيکريی و تەنگژە مەعریفیەکانی هەرێمی کوردستانن، خاوەنی پاشخانێکی زانستین و کەسایەتی تایبەتمەندن بە ڕەهەندە جیاوازەکانی بانگخوازی.
لە ئامانجەكانمان:
بوونە چەتری تەواوی ئەو وزە و خامە و جووڵە هزریانەی گەنجان، کە لەمەڕ توێژینەوەی ئایینی و بەراوردکاريی ئایینەکان و دۆزی ئیلحاد و تەنگژەی گومانە بيروباوەڕييەكان کار دەکەن، بێ ڕەچاوکردنی پاشخانى حیزبيی و ناکۆکيی بەرە و تاقم و کۆمەڵ.
ئاڕاستەکردنی گەنجانی بەتوانا بۆ هەپروونکردن و ڕاماڵینی هەموو ئەو تەمومژ و گرێیانەی  لەسەر ڕەهەندە جیاکانی پەیوەست بە خوداناسی و میتافیزیک هەن، لە بایۆلۆژی وفیزۆلۆژی و قوتابخانە فەلسەفیەکان و ئایینە جۆراوجۆرەکان تا دەگاتە مەزهەبە جیاوازەکانی ناو بیروباوەڕی ئیسلاميی.
بنیادنانی ئنسکلۆپیدیایەکی هەمەچەشنی فرەڕەهەندی فيکريى وا کە سەرچاوەیی یەکەم بێت، هەم لە ناسینی پڕەنسیپە بنەڕەتیەکانی ئیسلام، هەم لە وەڵامدانەوەی ڕەخنە و گومانە هەمەجۆرەکانی پەیوەست بە ئیسلامەوە.
پێگەیاندنی توێژەر و بیریاری ئایینی نوێ و  گرنگیدان بە میتۆدی نوێێ بانگخوازيی و ئاڕاستەکردنی گوتاری کلاسیکی مامۆستایانی ئایینی و ئایینزاکان بۆ مۆدێلێکی تازەی بانگەواز.
ڕەخساندنی ژینگەیەکی ئارامی زانستی، بۆ گفتوگۆکردن و وتوێژی بابەتیانە، بە میکانیزم و شێوازی جۆراوجۆر لە دیدار و کۆنفڕانس و پانێل و دیبەیت.
نوێکاريی لە ڕۆشنبیريی لە کۆمەڵگادا و دوورخستنەوەی هەژموونی تەواوی ئەو توراس و کلتور و دابونەریتە کۆمەڵایەتی و نەتەوەییە شکستخواردووانەی لە مێژوویەکی کۆنەوە ئاوێتەی پڕەنسیپە سەرەکیەکانی ئیسلام کراون.